دواین هەواڵ

سەردارێک بۆ بەغدا و دەیان سەرداریش لە کوردستان

‌بەهرۆز جەعفەر

8 کاتژمێر پێش ئێستا

ساڵی ٢٠١٥، سەردار عەبدوڵا ئەندامی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەچێتە بەغدا و بەتەنها لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان کۆدەبێتەوە، کەهاتەوە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی گرت و وتی:« لەبەغدا هەستم بە مەیلێکی مەترسیدار کرد، کە بەغدا دەستی کردوە بە هەوڵێک بۆ دابەشکردنی هەرێمی کوردستان». ئەمەش هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر خاک و نیشتمان و ئاسایشی کۆمەڵایەتی کوردستان.

لە کاتێکدا لەسەر شاشەی کەی ئێن ئێن، کاک نەوشیروان موستەفا تێگەیشتنی ڕاستەوخۆی دەخاتە ڕوو، دەڵێت:« بەڵێ، من مەبدەئیەن بڕوام بە درووستکردنی هەرێمێک بۆ سلێمانی هەیە». ئیتر لەوکاتەوە پۆپۆڵیست و فەیسبوکچی و عەوام و هەموو پێکەوە دەکەونە هێرش بۆ سەر «سەردار عەبدوڵا» کە ئەو لە خیانەتی لە نەوشیروان موستەفا کردوەو بوە بە پارتی و...تادوایی. دواییش ئەوانەی وایاندەگوت زۆربەیان بوون بە یەکێتی و پارتی و سەرداریش بە «سەردار» ی مایەوە. 

سەردار عەبدوڵا، پێشمەرگە بوە، برای شەهید بوە، گەرمیانییە، لە کەرکوک ڕۆڵی حیزبی و سیاسی و ڕۆشنبیریی هەبوە ( دەزانێت کەرکوک و گەرمیان و ناوچە کوردستانییەکان چین و لە کوێن). بۆ زیاتر لە سێ دەیەیە دەنووسێت، ڕۆمانەکانی لە جیهانی عەرەبیدا دەنگدانەوەی بەهێزی هەبوە، لە سلێمانی دەژی و دەزانێت سلێمانی قووڵایی ستراتیجیی کوردستانەو، دەبێت لەوێوە بەگژ دەنگە نەشازەکان، پۆپۆڵیستەکان و جاش و بە کرێگیراواندا بچینەوە.

ئەو هەموو تێگەیشتن و بیروبۆچوونەکانی، هاوارەکانی، ئەو دەیان کاتژمێرانەی گفتوگۆمان کردوە، وەک خۆی هاتونەتە دی..بەڵێ دۆخەکە پڕ بوو لە مەترسیی، بەڵام دەرفەتی زۆریشی لەگەڵ خۆی هەڵگرتبو، وەلێ ئەگەر برادەران وا بکەن، ئەوا ئەمەشی کە هەمانە لەدەستی دەدەین؛ شەڕە پۆست و بەڕێوەبەرێکی گشتی زیاتر یان دوان کەمتر هەموو ئەوەی هەیە دەیخاتە مەترسییەوە. زۆر نییە ئەو جەنابی سەرۆک «بارزانی» یە پۆستی وەزیری و وەزارەتێکی بۆ پێشنیار کرد، ئەو ڕەتیکردەوە، بەجۆرێک کە ئەو پێی وایە مەهام و ئەرکی دیکەی نیشتیمانیی هەیە، نابێت لێی غافڵ بین! 

سەردار عەبدوڵا، خۆی کۆتاجار کاندید کرد بوو بۆ پۆستی « سەرۆک کۆماریی»؛ هەموومان دەمانزانی ئەگەر کاراکتەرێکی بەهێز و خوێنەوار و کوردناسی وەک ئەو لەو پێگەیەدا بێت، ئەوا تا ئاستێکی زۆرباش زامنی بردنەوەی ئەو شەڕە دەستوورییەمان کردوە لە بەغدا. ئێستا فەرموو نەتانتوانی لە بەغدا « سەردار» ێک دابنەن، ئەوەتا لە بەغداوە ئیش لەسەر هەموارکردنەوەی دەستوور دەکرێت و، ئەوەشی لێرەدا بە ئامانج دەگیرێت کورد و کوردستانە، ئەمە جگە لەبوونی چەندین لوغمی چێندراوی دیکە.

ئەوە چەند ساڵە ئێمە هەر سەرۆک کۆمار دادەنەین لە پشکی کورد، بەڵام فڕیان بە مەسەلەی کوردەوە نییەو، نوێنەری خەیاڵدانی هیچ کوردێک نەبوون لە کۆشکی کۆماریدا؛ ئێ تاوەکو کەی ئەمە وابێت!؟ 

لە هەرێمی کوردستان بەگشتی، بەتایبەت لە دۆخێکی وەهای وەک ئێستادا لە سلێمانی  ئەگەر دە دانە «سەردار» هەبوونایەو لە سەر پێ و ڕێکخراو بوونایە، ئێستا ئەوەی برادەران دەستیان داوەتێ بۆ کوونکردن و نقوومکردنی تەواوی کەشتییەکە بەمجۆرە نە-دەبوو!

سازشکردن  بۆ یەکتر لەپێناو سازان و پێکەوەبوون و بەرژەوەندی گەل و نیشتمان هاوکێشەیەکە هەمووان تێیدا براوەن، لەبەرانبەریشدا یەکترشکاندن و سازشکردن بۆ داگیرکەران و دوژمنانی کورد، هەموومان تێیدا دۆڕاو دەبین [ ئەمە گوتەی جاران و ئێستای سەردار عەبدوڵایە]، بۆیە ناو بەناو دەکەوێتە بەر هێرش و پەلاماری پۆپۆلیستەکان و دەسیسە دەرەکییەکان.

وەک ئەوەی لە سەرەتای ٢٠٢٦ ەوە مامۆستا سەڵاحەدین بەهادین دەستپێشخەرییەکی بۆ بەیەکگەیاندنی یەکێتی و پارتی و پێکهێنانی کابینەی حکومەت کرد، ئەویش ئاوها کەوتە بەر پەلاماری ئەم و ئەو؛ کە گوایە ئەوە ئیشی ئەو و ئۆپۆزسیۆن نییە! ئەی ئیشی کێیە خەمێکی بێ غەل و غەشانە لەم هەرێمی کوردستانە بخوات و، لەم هەورە ڕەشەی ئاسمانی بەختی کوردانی گرتۆتەوە، لانیکەم بمانپەڕێنێتەوە بۆ قۆناخێکی نوێی ڕزگارکەر!؟ ئاخەر خۆ کوردستان و هەرێمەکەی دەبوایە لە ئاستێکدا بن لەناو ئەم داینامیکە جیهانی و ناوچەییانە، کە ئایا دەبێت بە دەوڵەت یان نا، کەچی دوو ساڵە پێکهێنانی حکومەتێکیان لێکردووین بە کۆڵی شێر، هەر کەسێک هەڵدەسێت وا دەزانێت ماڵی باوکی ئەوە ئەم سەرزەمینە باسی «دوولەتکردن» دەکات! 

ڕاستیتان دەوێ!؟ یەک هەزار ئاقڵمەندو توێژەر و سیاسەتکاری کوردیی و جیهانی بەجیا لێکۆڵینەوە لەم قۆناخەی کورد بکەن، دڵنیابن دەرئەنجامی کۆڵینەوەکانیان هەمووی پێت دەڵێت دوو میکانیزمی سەرەکی ڕێگەی چارەسەریین: 

یەکەم، کورد دەبێت دامودەزگای بەهێزی جۆراوجۆر سەر پێ بخات.
دوەم، کورد دەبێت لە قووڵایی ئەم سەردەمە تێبگات (سەردەمێک کە جیهان وەرچەرخاوەو لە مێژوودا وێنەی نەبوە). تێگەیشتن لە قووڵایی ئەم سەردەمە، پێویستی بە قووڵاییەکی مەعریفی هاوچەرخ هەیە، بۆ ئەوەی تۆ لە دونیادا بژیت.

ئنجا ئەوەی وا دەکات زەمینە بۆ ئەو دوو فاکتەرو میکانیزمە خۆش بێت، ئەوەیە سەردارێکمان لە بەغدا هەبوایەو، دەیانی وەکو سەرداریش ئێستا لە سلێمانی و کوردستاندا ئامادەگیی بەهێزیان هەبوایە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP