دەوڵەت باخچەلی لە قۆناغێکی نوێی ڕاگەیاندن و دووبارە پێناسەکردنەوەی پڕۆژەکەیدا، پەردەی لەسەر ئامانجە گەورەکەی دەوڵەتی تورکیا هەڵماڵی، کە ئەویش ناوچەی بێ تیرۆر و کۆتاییهێنانە بە چەک و هێزی کوردی لە کۆی ناوچەکەدا.
ئەویش کاتێک ڕایگەیاند: ئامانج لە تورکیای بێ تیرۆر بەدی نایەت، تا ناوچەی بێ تیرۆر نەیەتە دی؛ واتە تا پرۆسەکە کۆی ئەو وڵاتانە نەگرێتەوە کە کوردیان بەسەردا دابەشکراوە.
هەر لەم چوارچێوەیەشدا پرسی چەکدانانی پژاکی ورووژاند (کە ئەگەر گۆڕانکاری و پێشهاتەکان ڕێگە بدەن، دەبێت ئەگەری ئەوە دابنێین حیزبی ناوبراو لەگەڵ ئێراندا تەڤڵی پرۆسەیەک ببێت، کە کاردانەوەی ڕاستەوخۆی بەسەر کۆی هێزەکانی تر و ئەو پارچەیەدا دەبێت، کە ئێرە جێگەی باسکردنی نییە).
ناوبراو وتی: ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە لە سەقامگیری و ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا جیا ناکرێتەوە؛ واتە هەر هەوڵێکی کورد بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی، گەر لە ڕوانگەی وڵاتانی ناوچەکەوە بە تێکدانی ئاسایش لە قەڵەم بدرێت، ڕاستەوخۆ دژ بە ئاسایشی تورکیا دادەنرێت؟!
گرنگە بزانین چەکێک کە بە تیرۆر پێناسە بکرێت، لە جەوهەردا، ڕەمزی هیچ پڕۆژەیەکی سیاسی و داواکارییەکی دادپەروەرانە و نەتەوەیی نییە.
گفتوگۆکانیش، بە شێوەیەکی لاوەکی نەبێت، خۆ لەم بابەتانە نادەن و بە پلەی یەکەم بە دەوری میکانیزمەکانی دانانی چەکەکە و تێکەڵبوونی چەکدارەکان بە کۆمەڵگە دەخولێنەوە؛ واتە دەوڵەت ئامادە نابێت هیچ سازشێکی جەوهەری بەرامبەر دانانی چەکەکە بکات؟!