دۆخی سیاسیی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە خاڵێکی وەرچەرخان و هەستیار. کاتێک ناکۆکییە حیزبییەکان لە چوارچێوەی جیاوازیی بۆچوون دەردەچن و هەڕەشەی دروستکردنی دوو ئیدارەیی دەبنە ڕۆژەڤ، ئیتر باسەکە لەسەر کورسی و پۆست نامێنێت، بەڵکو دەبێتە پرسێکی چارەنووسساز پەیوەست بە بوون و نەبوونی قەوارەی سیاسیی هەرێمەوە. لەم هاوکێشە ئاڵۆزەدا، کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بووەتە خاڵێکی وەرچەرخان، کە تێیدا هەڵوێستی لایەنەکان ڕەهەندی جیاوازی بەخۆوە بینیوە.
هەڵوێستە سیاسییەکان و دەرچوونی بەشێک لە هیزە سیاسییەکان
پەرلەمانی کوردستان دوای ماوەیەک لە وەستان و پەککەوتن، لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانە سیاسییەکانی، بە هاوبەشیی ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی سەربەخۆ کارا کرایەوە. ئەم هەنگاوە یاساییە لە کاتێکدا ئەنجام درا کە بەشێک لە هیزە سیاسییەکان لە بەشداریکردن کشاونەتەوە یان دژی شێوازی کاراکردنەوەکە هەڵوێستیان گرتووە، لە سەرووی هەمووشیانەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەدا بڕیاری کشانەوەی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.
ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنج و ڕەخنەیە، ئەو دووفاقییە سیاسییەیە کە لە هەڵوێستی هەندێک لایەن بەدی دەکرێت؛ بۆ نموونە یەکێتیی نیشتمانی لە کەرکووک و بەغدا بە سانایی دەستی بۆ پۆست و زۆرینە برد و بێ گەڕانەوە بۆ بنەمای سازان، ئەنجومەنی پارێزگا و پۆستە باڵاکانی یەکلا کردەوە، کەچی کاتێک دێتە سەر هەرێمی کوردستان و پرسە نیشتمانییەکانی ناوخۆ، دروشمی سازان بەرز دەکاتەوە و هەڕەشەی کشاندنەوە لە حکومەت دەکات. ئەم پێوەرو دووانەیە دۆخەکە قورستەر دەکات، لە کاتێکدا هەنگاوەکەی پارتی و هاوپەیمانەکانی بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، نەک هێرش نەبوو بۆ سەر سازان، بەڵکو زەمینەی یاسایی بۆ گفتوگۆ ڕەخساند و ڕێگری لە پووچەڵبوونەوەی دامەزراوەکانی هەرێم لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە کرد.
نەبوونی دەستوور؛ کێشەی ڕیشەیی قەوارەی هەرێم
کێشەی ڕیشەیی هەرێمی کوردستان لەوە سەرچاوە دەگرێت کە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو دەیە بەسەر نووسینەوەی دەستووری عێراقدا، هەرێم هێشتا نەبووەتە خاوەن دەستووری خۆی، سەرەڕای ئەوەی ماددەی (120)ی دەستووری عێراق بە ڕوونی مافی ئەوەی پێداوە.
نەبوونی دەستوورێکی هاوچەرخ و مەدەنی وایکردووە کە سنووری دەسەڵاتەکان لێڵ ببن و هەندێک لایەن هەر کاتێک بەرژەوەندییان لەگەڵ نەبێت، پشت لە دامەزراوە فەرمییەکان بکەن.
نووسینەوەی دەستوورێکی نیشتمانی لەم قۆناغەدا دەبێتە تاکە چارەسەر بۆ کۆتاییهاتن بە پەرتەوازەیی و پاراستنی مافی سەرجەم پێکهاتەکان.
ڕۆڵی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی و دەستپێشخەریی نیشتمانی
ئێستا کە پەرلەمان کارا کراوەتەوە، پارتی وەک هێزێکی بەرپرس، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم هەنگاوە دەبێتە دەرفەتێک بۆ نوێکردنەوەی گفتوگۆ و گەیشتن بە سازانێکی نیشتمانیی ڕاستەقینە، نەک قووڵکردنەوەی دابەشبوون.
چونکە مەترسییە سەرەکییەکە لەوەدایە کە بەردەوامبوونی ناکۆکییەکان ببێتە هۆی دروستبوونی دوو ئیدارەیی و لاوازبوونی یەکپارچەیی هەرێم.
لەو بارودۆخە هەستیارەدا، ڕۆڵی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت زۆر چارەنووسساز و کاریگەر بێت؛ بەهۆی پێگە و باوەڕپێکراوی لەسەر ئاستی ناوخۆ، عێراق و نێودەوڵەتی، دەتوانێت هاوسەنگی ڕابگرێت.
کاتی ئەوە هاتووە سەرۆکی هەرێم دەستپێشخەرییەکی مەزنی نیشتمانی ڕابگەیەنێت بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەی کە خەریکە ماڵی کوردی دەسووتێنێت. ئامانجی سەرەکی دەبێت ئەوە بێت کە پەرلەمانی کاراکراو ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بۆ چاکسازی و هاوبەشیی سیاسی، نەک قووڵکردنەوەی قەیرانەکان.
لە کۆتاییدا، دەبێت هەموو لایەک لەو ڕاستییە تێبگەن کە حیزبەکان کاتین و نیشتمان هەمیشەیییە، و پاراستنی قەوارەی هەرێم لە سەرووی ههموو بەرژەوەندییەکی تەسکەوەیە، تاكو بتوانین بە سەربەرزییەوە کوردستان دەستەبەری نەوەکانی داهاتوو بکەین.