دواین هەواڵ

لە نێوان ئازاری هاوبەشی نەتەوەیی و واقیعی قورسی دەوڵەتداری

‌ئاسۆ عوسمان

1 رۆژ پێش ئێستا

بە درێژایی مێژووی هاوچەرخ، باشووری کوردستان بەشێکی دانەبڕاو بووە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان؛ ئەگەرچی سنوورە دەستکردەکان لەیەکیان جیا کردووەتەوە، بەڵام باشوور لەگەڵ پارچەکانی تر هەمیشە هاوخەبات بووە و وەک ماڵ و پەناگەیەکی گەورە بۆ خەمەکانی هەموو کورد ماوەتەوە. هەر کاتێک زامێک لە جەستەی قامیشلۆ کەوتبێت، یاخود فرمێسک لە چاوانی سنە و مەهاباد باریبێت، یان نائومێدی باڵی بەسەر ئامەددا کێشابێت، هەولێر و سلێمانی و دهۆک هاوسەنگەر و هاوخەمیان بوون. گەلی باشوور لە پێناو ئەم خەمە هاوبەشەدا باجێکی قورسی مرۆیی، ئابووری و سەربازیی داوە؛ دەیان ساڵە بەردەوام ڕووبەڕووی تۆپباران، هێرشی مووشەکی و فشاری توندی وڵاتانی ناوچەکە بووەتەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی دەرگای خۆی بەسەر ڕۆڵە و خەباتکارانی پارچەکانی دیکەدا دانەخستووە.

لە ئاستی نێودەوڵەتی و دیپلۆماسیشدا، هەمیشە ڕۆڵی دیاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەک سەرکردەیەکی کارامە و چارەسەرساز لە قەیرانە گەورەکاندا دەرکەوتووە. ئەو لەسەر ئاستی جیهانی هەمیشە لە هەوڵی بێوچاندا بووە بۆ دۆزینەوەی دەرچەی ئاشتییانە و چارەسەرکردنی پرسی پارچەکانی دیکە؛ لە ڕۆژئاوای کوردستان، بە درێژایی ساڵانی تەنگانە پردێکی متمانەپێکراوی پەیوەندی و دیپلۆماسی بوو لە نێوان هێزەکانی ڕۆژئاڤا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بۆ دوورخستنەوەی هەڕەشەکان، هەر وەک چۆن مەزڵووم عەبدی لە دیداری مێریدا بە ڕوونی باسی کرد و ستایشی ڕۆڵی سەرۆکی هەرێمی کرد. لە باکووری کوردستانیش، بەردەوام داینەمۆی پشتیوانیکردنی پرۆسەی ئاشتی و کەناڵی گفتوگۆ بووە لەگەڵ ئەنقەرەدا، بەو باوەڕەی کە سیاسەتی ئینکاریکردن چارەسەر نییە و پێویستە دان بە مافەکانی گەلی کورددا بنرێت.ئۆ

لەم سۆنگەیەوە، قسەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیداری مێری لە هەولێر، نە لە بێباکی بەرامبەر بە خەباتی نەتەوەیی، بەڵکو لە خەمی قووڵی پاراستنی کوردەوە سەرچاوەی گرتبوو. نێچیرڤان بارزانی نەک تەنیا خەمی پاراستنی باشووری کوردستانی بوو، بەڵکو دڵیشی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو؛ ئەو زۆر بە وردی باڵانسی هێزی دەزانی و تێدەگەیشت کە لە ململانێیەکی ئەوەندە گەورە و وێرانکەری نێوان ئێران لە لایەک و ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەکی تر، ئەگەر کورد زۆر وریا و بەئاگا نەبێت، دەکرێتە سووتەمەنیی جەنگێکی خوێناوی کە هیچ دەستکەوتێکی بۆ دۆزی ڕەوای کورد لێناکەوێتەوە.

بەڵام لە بەرامبەر ئەم خوێندنەوە واقعبینە و هەڵوێستە حەکیمانەیەدا، خەڵکانێک بێ خوێندنەوەی دۆخی سیاسی و ئابووریی ناوچەکە و بێ گوێپێدانە ئەوەی کە ئاراستەی ڕووداوەکان چۆنن، وەک پاڵەوان لە سۆشیال میدیا دەستیان کرد بە ڕەخنەی بێ‌بنەما لە دیداری مێری و وتەکانی سەرۆکی هەرێم. ئەم دەنگانە ئەوەیان فەرامۆش کرد کە سەرۆکی هەرێم لە پێگەیەکی فەرمی و دەستووریدایە و دەبێت ڕێز لە یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان بگرێت تا خەڵکی خۆی تووشی کارەسات نەکات. هەڵمەتی دروشمبازی لە سۆشیال میدیا و بەکارهێنانی خاکی هەرێم بۆ مانۆڕ، بیانوویەکی زێڕینی دەدایە ئێران بۆ وێرانکردنی ژێرخانی باشوور و لێدانی ڕۆژهەڵاتییەکان. هەر وەک چۆن سەرۆکی هەرێم لە دیداری مێریدا باسی کرد، یەکهەڵوێستیی پارتی و یەکێتی بۆ پاراستنی سنوورەکان و هەڵوێستی ڕاشکاوانەی خۆی، لە ڕاستیدا قەڵغانێکی نیشتمانی بوو بۆ ئەوەی کورد نەبێتە قوربانیی تای هەڵچووی ئەم جەنگە.

لە کۆتاییدا، ئەم هەڵوێستە دەیسەلمێنێت کە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و ڕاگرتنی هاوسەنگییەکان لە پێشینەی ئەرکەکانە، چونکە مانەوەی ئەم قەوارەیە تاکە پشتیوان و سەنگەری ماوەیە بۆ تەواوی نەتەوەی کورد، و پاراستنی لە سووتەمەنیبوون لە پێناو بەرژەوەندیی زلهێزەکان، گەورەترین خزمەتە کە سەرکردایەتییەکی وریا بتوانێت لەم قۆناغە پڕ مەترسییەدا پێشکەشی گەلەکەی بکات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP