لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، هیچ ڕووداوێک هێندەی جەنگ ناتوانێت هاوکێشە ئابوورییەکان بەم خێراییە بگۆڕێت. کاتێک ئاگر لە ناوچەیەک بروسکە دەگرێت و بۆمبەکان دەبارێن، لە پشت دیمەنی وێرانکاری و قوربانییە مرۆییەکانەوە، ئاراستەی داهات و سامان بە شێوازێکی بێوێنە دەگۆڕێت. کاتێک جەنگی ئێران ڕوویدا و نرخەکان بەرزبوونەوە، کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وزە و پیشەسازی سەربازی دووەم بەرزترین قازانجی مێژووی خۆیان تۆمارکرد، لە کاتێکدا هاووڵاتییە ئاساییەکان نرخی بەنزین و پێداویستییە سەرەتاییەکانیان بە نرخی زێدە دەدەن. ئەمە ڕێکەوت نییە، بەڵکو میکانیزمێکی ئابوورییە کە لە سەدەکانی ڕابردووەوە دووبارە دەبێتەوە.
ڕەوتی تێچووی جەنگ و کۆکردنەوەی سامان لەسەر بنەمای تێکچوونی زنجیرەی دابینکردن بنیات دەنرێت، کە تێیدا جەنگ ڕێڕەوی بازرگانی و هەناردەکردنی وزە و کاڵا سەرەکییەکان تێکدەدات و دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی دابینکردن، ئەمەش کاتێک ڕوودەدات کەمیی کاڵا لە بازاڕدا نرخەکان بەرز دەکاتەوە، بە تایبەت نرخی نەوت، گاز، کەرەستە سەرەتاییەکان و پێداویستییە سەربازییەکان، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای سامانە ڕاستەقینەکان، چونکە ئەو کەسانەی خاوەنی کۆمپانیاکانی وزە، کانزا و سامانی ڕاستەقینەن، قازانجی خەیاڵی تۆمار دەکەن و بەهای داراییان لەگەڵ هەڵاوساندا بەرزتر دەبێتەوە.
لە کاتێکدا چینی ناوەڕاست و هەژار کرێی ئەم قەیرانە بە شێوەی بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک، کارەبا و سووتەمەنی دەدەن، وەبەرهێنەران و خاوەن سامانە گەورەکان قازانجەکان کۆدەکەنەوە و ئەوەی لە جەنگی یەکەمی جیهانی، جەنگی دووەم، ڤێتنام، عێراق و قەیرانەکانی ئەم دواییەدا بینرا، هەمان نەخشەیە، تەنها جلوبەرگ و ناوەکان گۆڕاون بەڵام بنەما ئابوورییەکە نەگۆڕە.
مێژووی ئابووری پێمان دەڵێت کە پارە ون نابێت، بەڵکو تەنها لە گیرفانێکەوە بۆ گیرفانێکی تر دەگوازرێتەوە و پرسیارەکە ئەوە نییە کە ئایا جەنگ خراپە یان نا، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە کە تۆ لە کام لای مامەڵەکەدا دەژیت. ئەو کەسانەی لە کاتی قەیرانەکاندا لە پێکهاتەی ئابووری تێدەگەن و سەرنجیان لەسەر خاوەندارێتیی سەروەتە ڕاستەقینەکان و کاڵا سەرەکییەکانە، نەک تەنها لە هەڵاوسان دەرباز دەبن، بەڵکو سامانیان چەند قات دەبێت، لە بەرامبەردا ئەوانەی تەنها وەک بەکاربەر لە بازاڕدا دەمێننەوە قوربانیی یەکەمی سیاسەت و جەنگەکان دەبن، و تێگەیشتن لەم هاوکێشەیە کلیلی ڕزگاربوونە لەو گێژاوە ئابوورییەی کە لەگەڵ هەر تەقینەوەیەکی جیهانیدا دەست پێدەکات.