لە سەرەتای سەرهەڵدانی گرژی و جەنگی ئێران و مەترسی لەسەر ڕێڕەوە ستراتیژییەکان، ژمارەیەک لە شارەزایان و شرۆڤەکارانی بازاڕی وزە پێشبینییەکی ترسناکیان بڵاوکردەوە و پێیانوابوو نرخی یەک بەرمیل نەوت ڕەنگە بە خێرایی بگاتە ئاستی پێوانەیی ٢٠٠ دۆلار، بەڵام پێچەوانەی ئەم پێشبینییە تاڵانە بازاڕی جیهانی نەوت توانی تا ڕادەیەکی زۆر سەقامگیری خۆی بپارێزێت و نرخەکان دوور بوون لەو ئاستە مەترسیدارە. مێژوونووسی ئابووری و یەکێک لە دیارترین شارەزایانی بواری وزە لە جیهاندا دانیل یێرگین ڕووناکی خستووەتە سەر ئەو هۆکار و فاکتەرە بنەڕەتییانەی کە ڕێگرییان کرد لەوەی نرخی نەوت بگاتە ئەو لوتکە خەیاڵییە.
لە هۆکارە سەرەکییەکانی ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی شێتانەی نرخی نەوت یەکەمیان، هەمەچەشنەیی و خۆڕاگرییە لە پێکهاتەی بازاڕی جیهانیدا، بە پێچەوانەی قەیرانە مێژووییەکانی سەدەی ڕابردوو وەک قەیرانی نەوتی حەفتاکان، بازاڕی ئێستای نەوت و غاز زۆر فراوانتر و هەمەچەشنەترە و سەرچاوەکانی دابینکردن لە دەرەوەی ناوچە ململانێکان پەرەیان سەندوە، ئەمەش وایکردووە سیستمی نەوتی جیهان بەرگرییەکی بەهێزتر بەرامبەر بە شۆکە کاتییەکان بنوێنێت. دووەمیان، سنوورداربوونی کاریگەری راستەقینەی ئێرانە لەسەر بازاڕ، چونکە سەرەڕای گرنگی جیۆپۆلەتیکی ئێران بەڵام بە هۆی ساڵانێک لە سزای ئابووری سەختەوە پشکی ئێران لە هەناردەکردنی فەرمی نەوت بۆ بازاڕە جیهانییەکان پێشتر کەم بووبووەوە و بەشێکی زۆری نەوتەکەی بە شێوازێکی ژێرزەمینی و بە داشکاندنی گەورە تەنها بۆ وڵاتێکی وەک چین دەچوو، بۆیە پچڕانی ڕێڕەوەکانی بە پێچەوانەی پێشبینییەکانەوە نەبووە هۆی وەستانی تەواوەتی دابینکردنی جیهانی. سێهەمیان، جیاوازی نێوان ترسی دەروونی و کەمی فیزیکییە، چونکە زۆرینەی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە سەرەتای قەیرانەکەدا نەبووە هۆی کەمبوونەوەی فیزیکی نەوت لە بازاڕدا بەڵکو زیاتر پێشەکی نیگەرانی و ترسی بازاڕ بوو، و کاتێک دەرکەوت کێبڕکێ و دابینکردن بەردەوامە و کەمییەکی ڕاستەقینە لە ڕووی بوونی نەوتەوە لە ئارادا نییە ترسەکە پووچەڵ بووەوە و نرخەکان هێور بوونەوە. چوارەمیشیان، ڕۆڵی یەدەگە ستراتیژییەکان و سیاسەتی نەرمە، کە تێیدا حکوومەتەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان فێر بوون چۆن لە ڕێگەی بەکارهێنانی یەدەگە ستراتیژییەکانی نەوتەوە لە کاتی قەیرانەکاندا دەستوەردان بکەن، ئەمەش هێزێکی گەورەی دا بە بازاڕ بۆ کۆنترۆڵکردنی بەهای نەوت و ڕێگریکردن لە قۆرخکاری و بەرزبوونەوەی نائاسایی.
لە ئەنجامدا دۆخی ئێستای جیهان نیشانی دا کە بازاڕی وزە لە بەرامبەر شۆکەکاندا گەشەی کردووە و زیرەکانەتر مامەڵە دەکات، و ئەوەی لە سەرەتای جەنگی ئێراندا وەک کارەساتی ٢٠٠ دۆلاری وێنە دەکرا زیاتر بانگەشەی میدیایی و ترسی دەروونی بوو نەک واقعێکی ئابووریی ڕەها، و تێڕوانینەکانی دانیل یێرگین جارێکی تر سەلماندیان کە هەمەچەشنەیی بازاڕ هەمیشە لە مەترسییە تاکلایەنەکان بەهێزترە.