بابەتی بەقەزاکردنی جەلەولا، بەشێکە لە هەوڵێکی فراوانتر بۆ دەستکاریکردنی سنوورە ئیدارییەکان لە عیراق. خواستی سوننە و شیعە و ئەوانی دیکەش وەهایە کە چەند ارێزگایەک لە عیراق پێکبێت.
شیعەکان خواستی بەپارێزگاکردنی سامەڕا، فاو، خورماتوو و تەلەعفەریان هەیە، سوننەکانیش دەیانەوێت فەلوجە و حەویجە و چەند ناوچەیەک بکەنە پارێزگا. بەشێکی کریستیانەکان و بەشێکی ئێزدییەکان پارێزگایەکیان لە دەشتی نەینەوا و شنگال دەوێت.
ئەم دەنگانە ئەگەرچی هەموویان جددی نەبن، یان مەبەستی دیکەیان لەپشت بێت، بەڵام گەمەیەکە کورد نابێت خۆی لێبەدووربگرێت، بەتایبەتی ئەوەی کە پەیوەستە بە حەویجە و دەشتی نەینەوا و تەلەعفەر.
بوونی حەویجە بەپارێزگا، گەورەترین کێشە لەکۆڵ کەرکوک دەکاتەوە و چانسی یەکلابوونەوەی شوناسی ئەو شارو هێندەی دیکە دەباتە پێشەوە.
بەگوێرەی دوایین سەرژمێری ژمارەی دانیشتوانی کەرکوک نزیکە لە ملیۆنێک و پێنجسەد هەزار کەس و لەو ژمارەیە شەشسەد هەزاریان دانیشتووی حەویجەن کە ئەو ژمارەیە زۆرینەی قورسایی عەرەب لە کەرکوک پێکدەهێنێت. بەپارێزگابوونی حەویجە، عەرەب لە هاوکێشەی سیاسیی کەرکوک بەڕادەیەکی بەرچاو دووردەخاتەوە و وادەکات ژمارەیەکی کاریگەر نەبێت.
هەروەها، شنگال و دەشتی نەینەوا بەو شێوەیە نەبێت، ئەستەمە بە ماددەی ١٤٠ بیهێنێتەوە، ئەمە بۆ خانەقینیش راستە.
رەنگە لە خورماتوو توشی کێشەبین، بەڵام ئەمە کۆتایی دونیا نییە، گەلانی دیکەش ئاڵوگۆڕی زەوی و دانیشتوانیان کردووە؛ لەنموونەی یۆنان و تورکیا، هند و پاکستان، ئەڵمانیا و پۆڵۆنیا.
دواخستنی ئەم پرسە لە بەرژەوەندی ئێمە نییە، ژمارەی دانیشتوانی تەلەعفەر و حەویجە تادێت زیاددەبێت، گۆڕینی دیمۆگرافیاش لە هەندێک ناوچە ئەستەمە بوەستێت.
ئەگەر کورد بەڕاستی دەیەوێت بچێتە پێشەوە، پێویستە بە هەموو هێزیەوە پاڵپشتی لەو پێشنیازانە بکات، ئەمانە دەرفەتی زێڕینن و رەنگە دووبارە نەبنەوە.