ڕۆژهەڵاتی ناوین بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاو دەنێت کە تێیدا ئەوەی بە هێزی نەرم و ژیریی دیپلۆماسی یەکلا دەکرێتەوە، بە چەک و تەقەمەنی و جەنگ ناتوانرێ زۆر شت بگۆڕدرێت، نمونەی زۆر لەو رێژمانە ھەن کە خاوەنی چەک و تەقەمەنی زۆربوون، بەڵام کەوتن، ئەمڕۆ کە ئەندازیاری ژیری دیپلۆماسی ناوچەکە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە میونشن، جیھان گوێگریەتی، نیشانەی ئەوەیە کە ھەرێمی کوردستان نەک هەر بەشێکە لەم هاوکێشە نوێیە، بەڵکو سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، خاوەن ئیرادەیەکە کە دەزانێت چۆن لە ناو تەمومژی سیاسەتدا، ڕێگەی دەربازبوون و گەشەپێدان بۆ کوردستانیان و پارێزگاری لە ھەرێم، بدۆزێتەوە.
ئەوەی لە میونشن دەگوترێ، جیھان چیتر وەک کۆن بەڕێوەناچێ، ئەمە کۆدی مارک رۆبیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو، ئەگەر سەردەمی ڕۆژهەڵاتی ناوینی نوێی کۆندالیزا ڕایس کە قەولێکی خۆیەتی، ھەمیشە وایشبووە پێش ھەر گۆڕانکارییەکی گەورە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆدە نوێییەکان رادەگەیەنێ، ئیتر بینیمان لەو سەردەم دوای قسەکانی رایس، بەھاری عەرەبی، کەوتنی رژێمەکان، ھاتنی داعش و ئیتر جەنگی ئیسرائیل و ئێران، لێدان لە یەمەن، لوبنان، تا دوایی، بەدوادا ھات، ئەمە ناونرا، نەخشەی خوێن، ئیتر لێدوانەکەی رۆبیۆ لەمڕۆدا کۆدی زۆر ھەڵدەگرێت کە ئاماژەی ڤێرژنێکی نوێ دەدات بۆ جیھان و بەتایبەت رۆژھەڵاتی ناوین کە سندوقی گۆڕانکارییەکانە، لەم نێوەندەدا ھەرێمی کوردستان، تا ئێستا ناوچەیەکی سەقامگیرە و خاوەنی دیپلۆماسیەتێکی لۆژیکانەیە، ئەمڕۆیش جێی دڵخۆشییە کە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە میونشن، تەنیا نوێنەرایەتی ھەرێم ناکات، بەڵکو وەک ئەندازیارێکی هاوسەنگی و ژیری دیپلۆماسی ناوچەکە دەردەکەوێت، چونکە فەلسەفەی سیاسیی لەسەر سێ کۆڵەکەی دیپلۆماسیی نوێ داڕشتووە:
یەکەم، دیپلۆماسیی وەک سەکۆی متمانە:
لە دیپلۆماسیەتی جیھاندا متمانە گەورەترین سەرمایەیە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی توانیویەتی متمانەیەکی دەگمەن لای سەرۆکی وڵاتانی ئەورووپا و ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی واشنتۆن و سەرۆکی وڵاتە ھەرێمییەکان دروست بکات، ئەمە رەنگدانەوەی بەھێزی ھەیە کە هەرێم لە هاوکێشە ئاڵۆزەکاندا وەک لایەنێکی گوێلێگیراو بوونی ھەیە.
دووەم، لۆژیکی بونیاتنان
لە کاتێکدا جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا و گرژییەکانی ناوچەکە خەریکە بۆشایی هێز دروست دەکەن، دیدگای نێچیرڤان بارزانی ڕێگری لەوە کردووە کوردستان بکەوێتە ناو ئەو بۆشاییەوە. نمونەی ڕێککەوتنە سەختەکان (وەک دۆسیەی بەغدا و ئاشتەوایی ناوچەیی)، رێککەوتنی ھەسەدەو ئەحمەد شەرع، پێوەندی ھاوسەنگ و بەردەوامی لەگەڵ وڵاتانی خەلیج، ئەمانە چەند نمونەیەکن کە قەوارەی هەرێم لە دەستێکی ئەمیندایە، مەترسییەکانی ڤێرژنی نوێی ناوچەکە لای سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پیشوەختە خوێندنەوەی وردی بۆ کراوە.
سێیەم، ئاسایشی هەرێم
لە دیدی سەرۆک نێچیرڤان بارزانییەوە، سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، بەشێکە لە سیستەمی ئاسایشی جیهانی، ئەو لە میونشن پەیامێکی دیپلۆماسیی بەهێزی پێیە، بۆ ئەوەی ناوچەکە ئارام بێت، دەبێت مۆدێلی پێکەوەژیان و دیپلۆماسیی عەقڵانی بپارێزرێت و ھەمیشە ھەرێمیش لە پاکێجی دیپلۆماسی سەرۆکدا لەسەر رێرەوی ئاسایشی جیھانییە، ئەمە رێک وێنەیەکی باڵای لەناوچەکە کێشاوە، کە گەشەی ھەرێمی کوردستان، واتە بەرژەوەندی ھاوبەش، ئەم کۆدە نوێیەی لەلایەن رۆبیۆ ئاماژەی پێدرا کە ئیتر جیھانێکی نوێ بەڕێوەیە، دڵخۆشییەکە لەوەدایە بۆ کوردستانیان، ھەمیشە ئەوەی کۆدەکان دەکاتەوە و، دەتوانێ بە وردی لە ناوەندی بڕیار بوونێکی بەھێزیشی ھەبێت، سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە، بۆیە لەھەر شوێنێک نێچیرڤان بارزانی لێبێت، ئومێد و دڵنیایی ھەیە.