دواین هەواڵ

چۆن توركەكانیان دەركرد و گۆڕەكانیشیان سوتاندن

‌كارزان گلی

9 کاتژمێر پێش ئێستا

رەنگە بەشێكی زۆرتان بزانن، ساڵانێكی زۆر بولغاریا لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە داگیر كرابوو، پاشان ئەو وڵاتە لەژێر چەتری عوسمانی هاتە دەرەوە و سەربەخۆیی خۆی وەرگرت، ئەوكاتەی بولغاریا داگیر كرا، سەدان هەزار توركی لێ نیشتەجێ كرا و ئێستاش توركێكی زۆر لەو وڵاتەدا بوونیان هەیە.

ساڵی ١٩٣٣، هاووڵاتییەكی بولغاری، رەنگە لەلایەن دەوڵەت یان لایەنێكەوە ئاڕاستە كرابێت، چووە گۆڕستانی توركەكان و كێڵی گۆڕەكانی شكاند و پاشان ئێسك و بروسكی تەرمەكانی دەرهێنا و ئاگری تێبەردا، ئەمەش بەو واتایە بوو، ئێوە نەك خۆتان گۆڕستانیشتان نابێت لەم وڵاتەدا هەبێت و نایەڵێین مردووەكانیشتان لەناو گۆڕادا بحەسێنەوە.

ئەوكات موستەفا كەمال ئەتاتورك سەرۆكی توركیا بوو، هیچ قسەیەكی لەسەر ئەو رووداوە نەكرد، تەنیا گەلی توركیا رژانە سەر شەقام و پڕۆتستۆیان كرد.
لە ١٩٨٠، بولغاریا فشارێكی زۆری خستە سەر ئەو توركانەی لەوێ نیشتەجێ ببوون و سەرەتا ئەو لادێیەی سەر بە توركەكان بوایە وێرانیان دەكرد و رێگەیان نەدەدا تورك بەزمانی خۆی بخوێنێت و كار و كاسبی بكات، تەنانەت لە چەند شوێنێكدا چەندین توركیان كوشت و بەئاشكرا پێیان دەگوتن بڕۆن و وڵاتمان جێبهێڵن.

ئەوەندە فشاری گەورەیان لەسەر بوو، بەناچاری لە ١٩٨٩، نزیكەی ٣٥٠ هەزار تورك، كەلوپەلی خۆیان كۆ كردەوە و گەڕانەوەی بۆ توركیا و توركیاش پێشوازییەكی گەرمی لێكردن و پێیانی گوت ئێرە مەسكەن و وڵاتی خۆتانە.

وەكوو چۆن ئێمە، كەمپینمان بۆ كوردانی رۆژئاوای كوردستان كرد و پارەمان بۆیان كۆ كردەوە، لەوساڵەدا، توركیاش بەهەمان شێوە كەمپینی بۆ ئەو توركانە كۆ كردەوە، كە لە بولگاریاوە ئاوارەی توركیا بوون. توركیا لەبری ئەوەی وانە لەو مێژووە وەربگرێت، كەچی دوای ٣٧ ساڵ، ئەو سیناریۆیەی بەسەر كوردا هێنا لە سووریا.

گەلی بولغاریا چونكە وشیار بوون، مێژووی وڵاتی خۆیان خوێندبووەوە و وانەیان لێی وەرگرتبوو، نەیانهێشت توركەكان لە وڵاتەكەیاندا بمێنێت و لە وڵات وەدەریان نان، گوتیان سەردەمانێك ئێوە هاتوون وڵاتی ئێمەتان داگیر كردووە. راستە ئێستاش تورك لە بولغاریا هەیە، بەڵام رێژەیان كەمە و ناتوانن بەزمانی خۆیان بخوێنن و لەدەستووریشدا وەكوو نەتەوە پێناسەیان بۆیان نەكردووە، كەچی توركیا ورتەی لێوە نایەت.

قوبرسی یۆنان، نزیكەی ٣٠٠ ساڵ لەژێر داگیركاری عوسمانیدا بووە، ئەوكاتەی وڵاتیشیان داگیر كرا، عوسمانییەكان دەیان هەزار توركیان لە قوبرس نیشتەجێ كرد، بەڵام دوای ئەوەی قوبرس توانی سەربەخۆیی بەدەست بهێنێت، گوێیان بەوە نەدا ٣٠٠ ساڵە توركەكان لە وڵاتی ئەوان نیشتەجێن و بوونەتە بەشێكی ئەو وڵاتە، پەلاماری توركەكانیاندا و هەموویانیان لە وڵاتی خۆیان دەركرد و گوتیان ئێوە وڵاتی ئێمەتان داگیر كردووە و شایەنی ئەوە نین لێرە بژین و لە ناز و نیعمەتی وڵاتی ئێمە بخۆن، بڕۆنەوە بۆ توركیا.

ترسی توركیا لەوەوە سەرچاوەی گرتووە لە كوردانی باكوور و رۆژئاوای كوردستان، دەترسێن رۆژێك بێت و كورد سەربەخۆیی خۆی وەرگرێت و هەرچی توركە لە خاكی خۆی دەریان بكات و بڵێت ئێوە وڵاتی ئێمەتان داگیر كردووە، فەرموون بڕۆنەوە بۆ رۆژئاوای توركیا، بەڵام ئایە كورد وەكوو بولغاریا و قوبرس ئەو هۆشیارییەی هەیە، رۆژێك داكیرگار لەوڵات وەدەربنێت؟ ئەو یەكگرتوویەی لە چەند رۆژی رابردوو بینیم بۆ رۆژئاوای كوردستان، پێم دەڵێت بەڵێ كورد زۆر لە بولغارستان و قوبرس هۆشیارترە و نەوەكانی هەرگیز بیریان ناچێتەوە، ئەم خاكە خاكی كوردانە و تورك و عەرەب و فارس داگیریان كردووە.

ئەوان بۆیە لەزمان و كلتوورمان دەترسن، چونكە دەزانن ئەو رۆژە هەر دێت خاكی كوردستان بەجێبهێڵن و بناغەی دەوڵەتەكەیان بڕوخێت.
تێبینی: لە داهاتوویەكی نزیك، لەبارەی كۆچكردنی بەزۆری توركەكان لە بولغاریا، شڕۆڤەیەكی وردم دەبێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP