دواین هەواڵ

برایەتی لەكوێ كۆتایی پێدێت؟

‌كارزان گلی

پێش 2 هەفتە

دیسان كورد كۆمەڵكووژ دەكەن و منداڵی كورد دەكوژن و دونیاش بێدەنگە، وەكوو هەموو ئەو كۆمەڵكووژیانەی پێشووتر بەرامبەر بەكورد كرا و هیچ وڵاتێكی ئیسلامی لەسەر كورد نەهاتە وەڵام، بەپێچەوانەوە بەگریانی منداڵی كورد پێكەنین.

بێدەنگی ئەمجارەی وڵاتانی ئیسلامی جیاوازە لەجارانی پێشووتر، چونكە ئەوانەی ئێستا بەرامبەر كوشتنی منداڵی كورد بێدەنگن، سەدان جار دروشمی برایەتیان بۆ كورد بەرزكردووەتەوە و گوتویانە وەكوو گۆشت و نینۆك واین.

ئێمە لەماڵەوە بەكوڵ دەگریاین بۆ كوشتنی منداڵانی غەززە، پارەمان بۆیان كۆدەكردەوە و نەفرەتمان لە ئیسرائیسل دەكرد، بەڵام هیچ رێكخراوێكی ئیسلامی فەڵەستینی، یان حەماس و هەر لایەنێكی تر، هاوسۆزیان بۆ كورد دەرنەبڕی، ئیدانەی ئەو كۆمەڵكووژییەیان نەكرد كە لە سووریا بەرامبەر بە كورد دەكرێت، بەپێچەوانەوە بەبۆنەی بردنەوەی سوپای دیمەشق شیرینیان دابەش دەكرد.

ئەی كوا برایەتی نێوانمان؟ ئەی كوا ئەوكاتانەی پێتان دەگوتین زاڵم هەركێ بێت با ببێت، ئێمە بەرامبەری دەوەستینەوە و لەگەڵ برایەكەمان دەبین؟

ئێمە نەمانزانی ئەو گوتانە سنووری هەیە، كورد لەدەرەوەی ئەو سنوورەیە، ئەمە راستییەكی تاڵە و دەبێت بیڵێین، تەنانەت ئیسرائیل كە هەرگیز نە بەبرامان زانیوە و نە ئەویش ئێمەی بە برا زانیوە، ئیدانەی ئەو كۆمەڵكووژییەی كرد، بەڵام وڵاتە موسڵمانەكان كە ئێمەیان بەبرای خۆیان دەزانی، بێدەنگیان لەئاست كوشتنی ژن و منداڵی كورد لە سووریا هەڵبژارد، دیارە ویژدانیش بەگوێرەی سیاسەت كار دەكات.

عیسمەت سیڤەرەكلی، نووسەری دیاری باكووری كوردستان روو دەكاتە موسڵمانە موحافیزكارەكان و پێبان دەڵێت: ”ئێوە كەی بێدەنگیتان دەشكێنن و چاوتان ناكەنەوە و راستییەكان ببینن؟ تاوەكوو ئێستاش دەڵێن رەنگە وڵاتانی ئیسلامی و حكوومەتی ئیسلامی كۆمەڵكووژی كوردیان نەبینیبێت؟ ئێستاش دەڵێن رەنگە دواتر قسە بكەن و لەسەرمان بێنە وەڵام؟ چاوتان بكەنەوە“

روونە بەلای وڵاتانی ئیسلامی، خوێنی كورد زۆر هەرزانە، منداڵی كورد هیچ بەهایەكی نییە، ئاخر لەم دونیایەدا كورد نەبووەتە بارگرانی بەسەر هیچ كەس و لایەنێك، بەڵام هەموویان بوونەتە بارگرانی بەسەر كورد و بەكاری دەهێنن بۆ بەرژەوەندی پیسی خۆیان.

دەبێت تۆی كورد بزانیت، كوردبوون تاوان نییە، بێدەنگی ئەوان تاوانە، كاتێك رۆژئاوای كوردستان دەسووتێت و برا ئیسلامییەكانت بێدەنگن و بەدڵ حەزیان بەسووتانی تۆیە، تۆش وریا بەو و چاوت بكەرەوە و ئیدی گوێ لە چیرۆكی برایەتی ئەوان مەگرە.

ئەم خاكە خاكی تۆیە و خودا پێی بەخشیویت، ئەوان هاتوون و داگیریان كردووە، بەبەهانەی برایەتی دەیانەوێت كلتوور و زمان و كەرامەتت لەناو ببەن، بۆیە لەسەر هەموومان پێویستە بەرگرییەكی مەردانە لە خاكمان بكەین، وڵاتانی ئیسلامی نەك بە برا، بە زڕ براش قبوڵیان نەكەین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP