هەوڵەکان بۆ گۆڕینی شێوازی دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان، لە شێوازی کلاسیک و "کاش"ەوە بۆ سیستەمی ئەلیکترۆنی(دیجیتاڵی)، تەنها گۆڕانکارییەکی تەکنیکی نین، بەڵکو ململانێیەکی گەورەیە لەگەڵ چەمکی "متمانە". سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی بەشداربووان، بەڵام هێشتا پرسیارە سهرهكییهكه ئەوەیە: ئایا مووچەخۆر تەنها وەک "ڕێڕەوێک" سەیری بانک دەکات بۆ گەیشتن بە کاش، یان وەک شوێنێکی ئارام بۆ پاشەکەوت و مامەڵە؟
گەشەی ژمارەکان و واقیعی پارهداركردن
بەپێی ئامارەکانی پڕۆژەی "هەژماری من"، بۆ مووچەی مانگی ئاداری 2026، نزیکەی 736,000 مووچەخۆر لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە مووچەکانیان وەردەگرن. ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆی پارهداركردنی مووچەی ئەو مانگە نزیکەی 957 ملیار دینار بووە. ئەم بازدانە لە ژمارەی بەشداربووان، زیاتر لەوەی نیشانەی متمانە بێت، وەک "ناچارییەکی کارگێڕی" دەردەکەوێت، پێویسته لهداهاتوویهكی نزیكدا، گشت مووچهخۆران لهم ڕێگایهوه مووچهكانیان وهربگرن.
ووتەکەی تەیف سامی: تیرێک لە جەستەی متمانەدا
گەورەترین كێشه لهبەردەم ئەم پڕۆژەیەدا، نەبوونی متمانەی سیاسی و داراییە. کاتێک تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق دەڵێت: "من وەک تەیف سامی، هەر ڕۆژێک مووچەکەم بچێتە سەر هەژمارە بانکییەکەم، ڕاستەوخۆ ڕایدەکێشم و دەیکەم بە کاش"، ئەمە پەیامێکی مەترسیدارە. کاتێک بەرزترین دەسەڵاتی دارایی وڵات متمانەی بە مانەوەی پارەکەی لە بانک نەبێت، چۆن دەکرێت فەرمانبەرێکی سادە یان خانەنیشینێک كهمووچهكهی تهنها 500 ههزار دیناره، چۆن متمانەی بە کارتێکی پلاستیکی هەبێت؟ بهدڵنیاییهوه زۆربهی بهرپرسانی حكومی لهههرێمی كوردستانیش، لهبهرزترین پله تا نزمترین، ههمان كار دهكهن و متمانهیان به سیستهمی دارایی و بانكی نییه!
ئاڵەنگارییە مەیدانییەکان و قەیرانی ژمارەکان
بەپێی ئامارەکان، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان تەنها نزیکەی 600 ئامێری ATM بەردەستن. ئەمە بەو مانایەیە کە بۆ هەر ئامێرێک زیاتر لە 1,200 مووچەخۆر بەردەکەوێت. ئەم کەمییەی ئامێرانە لە شارۆچکە و ناحییەکان، نەک هەر جەنجاڵی دروست کردووە، بەڵکو مووچەخۆری ڕووبەڕووی باجێکی تری ناچاری کردووەتەوە.
عەقڵیەتی بازرگانی و فەرامۆشکردنی شارۆچکەکان
کێشەکە تەنها لە کەمیی ژمارەی گشتیی ئامێرەکاندا نییە، بەڵکو لە دابەشبوونی جوگرافی و سیاسەتی بانکە بهشداربووهكاندا هەیە. زۆرێک لەو بانکانەی بەشدارن لە پڕۆژەی "هەژماری من"، سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەکی بەرچاو هاوبەشیان لە ناوچە دوورەکان هەیە، بەڵام بە بیانووی "کەمیی بەشداربووان" و "نەبوونی قازانجی بازرگانی" ئامادە نین ئامێری ATM لەو شار و شارۆچکانە دابنێن. ئەم تێڕوانینە سارد و بازرگانییە بارگرانییەکی تری خستووەتە سەر شانی مووچەخۆران، کە دەبێت یان بۆ ڕاکێشانی پارەکەیان سەردانی سەنتەری شارە گەورەکان بکەن، یان ناچار بن "عمولە"یەکی زیاتر بدەن بە نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو له بازاڕهكاندا.
بازاڕی سێبەر و باجی ناچاری
لەبەر رۆشنایی کەمیی ئامێرەکان و دوورییان لە زۆرێک لە ناوچەکان، دیاردەیەکی تر سەری هەڵداوە کە ئەویش پەنابردنی مووچەخۆرانە بۆ نووسینگەکانی گۆڕینەوەی دراو و پارهدانی ناو بازاڕەکان. زۆرێک لە مووچەخۆران بەناچاری و بۆ ڕزگاربوون لە جەنجاڵی و دووریی ڕێگە، مووچەکانیان لەو نووسینگانە ڕادەکێشن، بەڵام بەرامبەر بە "عمولە"یەکی زۆرتر لەوەی بانکەکان دیارییان کردووە. ئەم دۆخە لەلایەکەوە بووەتە سەرچاوەیەکی نوێی داهاتی بێ زەحمەت بۆ بەشێک لەو نووسینگانە، و لە لایەکی تریشەوە بووەتە بڕینی بەشێکی تری مووچەی فەرمانبەران لە ژێر ناوی "خزمەتگوزاریی خێرا".
دەرئەنجام
گۆڕینی سیستەمی مووچە پێویستی بە "میکانیزمی دڵنیایی" هەیە. تا ئەو کاتەی ژمارەی ئامێرەکان وەک پێویست نەبێت و مووچەخۆر ناچار بێت "سەرانە" بە نووسینگەکانی دەرەوەی بانک بدات بۆ وەرگرتنی مافی خۆی، "هەژماری من" تەنها وەک پڕۆژەیەکی نیوەچڵ دەمێنێتەوە کە نەیتوانیوە متمانە و ئاسایش بۆ گیرفانی هاووڵاتیان بگەڕێنێتەوە.