بۆ ئەوەی بەلاڕێدا نەبرێیت، ئەم شڕۆڤەیەم لەبارەی رێككەوتنی هەسەدە و دیمەشق بخوێنەوە.
ئەو رێككەوتنەی لە نێوان هەسەدە و دیمەشق ئیمزا كراوە، بەتەواوی بەدڵی كورد و هەسەدە نییە، بەڵام بەتەواوی بەدڵی دیمەشق و توركیاش نییە، ئەوەی توركیا دەیوست رووی نەدا، ئەمەش تا ئاستێك بەسەركەوتن لێك دەدرێتەوە.
توركیا دەیویست شتێك نەمێنێت بەناوی هەسەدە، بەڵام ئەمە رووینەدا و ئیدی هەسەدە وەكوو هێز دەمێنێتەوە و سوپای دیمەشق نایەتە ناو شارە كوردییەكان.
راستە ئاساییش شارە كوردییەكان دەدرێتە دیمەشق، بەڵام ئاساییش شتێك نییە ببێتە سەركەوتن بۆ ئەوان، ئەوەی گرنگە سوپایە و سوپاش بەتەواوی كۆنتڕۆڵی شارەكان دەكات، ئاساییش تەنیا ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ كەس دەبێت. خاڵە گرنگەكە ئەوەیە، سێ لیوای كورد دروست دەكرێت، ئەمە جگە لەوەی بۆ كۆبانێ بەتەنیا لیوایەك دروست دەكرێت، كە هەمووی سەر بە هەسەدە دەبێت.
رۆژئاوا نابێتە دەوڵەت، فیدڕاڵی نەدراوەتێ، بەڵام فەرمانبەرانی دیمەشق بۆیان نییە لە شارە كوردییەكان ببنە فەرمانبەر، فەرمانبەری كوردیش بۆی نییە لە شارە عەرەبییەكان ببنە فەرمانبەر، بەڵام هەموو فەرمانبەران سەر بە دیمەشق دەبن. وەكوو هەرێمی كوردستان، چۆن ئێمە سەر بە بەغداین و فەرمانبەری بەغدا بۆی نییە لە هەرێم دامەزرێت، شتێكی لەو بابەتەیە.
حەسەكە شارێكی كوردییە، بەڵام ٥٠٪ی عەرەبە، بۆیە ئەگەر رێككەوتنەكە وەكوو خۆی جێبەجێ بكرێت باشە، چونكە پارێزگاریش لە كورد دەبێت و سوپاش لەدەورووبەری شارەكە جێگیر دەكرێت كە سوپای هەسەدەیە.
كورد لەشەڕی داعش ١٦ هەزار شەهیدیدا، نابێت ئەوەش لەبیر كەین عەرەبیش بەگژ داعشدا چوو و ئەوانیش هەزاران كەسیان لێ كوژرا، واتە هاتنی داعش چەند زیانی بۆ كورد هەبوو، بۆ عەرەبیشی هەبوو، بۆیە ئەم رێككەوتنە بۆ ئێستا باشە و ئاوێك بەو ئاگرەدا دەكات كە هەڵگیرساوە.
ئەوەی ئێستا لە رۆژئاوا بەم رێككەوتنە بۆ كورد بەدەست هاتووە، ١٠٠ ساڵە لە باكووری كوردستان بەدەست نەهاتووە، توركیا ٥٪ی ئەو مافەی ئێستا لە سووریا بۆ كورد بەدەست هاتووە، بە باكوورییەكانی نەداوە، بۆیە ئیلهامێك دەداتە باكوورییەكان تا داوای مافی خۆیان لە توركیا بكەن.
وەكوو ئەوەی راگەیێندراوە، كورد مافی خوێندن بەزمانی خۆی دەبێت، ١٠٠ ساڵە لە باكووری كوردستان كورد شەڕ بۆ ئەوە دەكات كورد بەزمانی خۆی بخوێنێت، كەچی توركیا رەتی دەكاتەوە، بەڵام دیارە قوربانی كورد لە رۆژئاوا بووە هۆی ئەوەی، ئیدی دەبێت رێگە بدرێت كورد بەزمانی خۆی بخوێنێت.
سەركەوتنێكی گەورەی تری كورد لەم رووداوەدا، یەكخستنی هەموو كورد بوو، واتە راستە ئێمە بەشێكی خاكمان لەدەستدا، راستە رێككەوتنەكە لەئاست قوربانی و ئەو خوێنە نەبوو كە لە رۆژئاوا رشتمان، بەڵام یەكگرتوویی كوردمان بردەوە، ئەمەش گەورەترین سەركەوتنە و گەورەترین گورزیش بوو بە دوژمن كەوت.
رێككەوتنەكە كاتییە بۆ ئەوەی رێگە خۆش كات بۆ ئاگربەستێكی هەمیشەیی، بۆیە لە هەر گۆڕانكارییەكدا شتی زیاتر و باشتر بۆ كورد دێتە ئاراوە، چونكە پێشتریش باسم كردووە، سوپای دیمەشق و حكوومەتی ئەحمەد شەرع، كاتییە و بەو عەقڵییەت و فیكرە ئایینییە ناتوانێت یەكپارچەیی خاكی سووریا بپارێزێت، لە ماوەیەكی كەمدا شەڕێكی سەختی ناوەخۆیی روو دەدات، دەكرێت لەوێدا كورد زیاتری دەست بكەوێت، واتە هەنگاوی یەكەم ئەم رێككەوتنەیە و هەنگاوی دووەم دەستكەوتی گەورەترە، وەكوو چۆن هەرێمی كوردستان، هەنگاوی یەكەم حوكمی زاتی بوو و هەنگاوی دووەم فیدڕاڵی، بۆ رۆژئاواش هەمان سیناریۆ ئەگەرێكی بەهێزە، بۆیە دڵتەنگ مەبن و ئیرادەتان بەرز بێت و دەست بەیەكگرتوویی كورد بگرن و ئاسۆ روونە.