دواین هەواڵ

تەنها دیدگایەک بۆ هەڵسانەوە: نەوەت ڕۆژ لەوەزارەتی سامانە سرووشتییەکان

‌به‌هرۆز جه‌عفه‌ر

25/07/2025

ئەم نووسینە هەر تەنها مەبەستی ئەوەیە؛ دەرچەیەکی زانستیی بە سانایی باس بکات، بۆ ڕزگاربوون لەم تەنگژە گەورەیەی کە سەرچاوە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستانی تێکەوتوە. ئەگەر ڕۆژێک ختووکەیەک بە لەشمدا هاتوە وەزیفەیەکم لە حکومەتدا هەبێت "تەنها" بۆ ئەوەیە دەنگ و بۆچوونەکە بگات؛ چوونکە ناکرێ تۆ وەک توێژەرێک و ئەکادیمیستێک هەماهەنگیت لەگەڵ خەڵکی تر هەیەو لەگەڵ حکومەت و فەزاکەی خۆت "سفر" یت؛

بۆ ماوەی (٩٠) نەوەت ڕۆژ وەزیرین، بەڵام بەپاڵپشتی تەواوەتییەوە. لە دە ڕۆژی یەکەم دا (٨) هەشت هۆبە درووست دەکەم:

هۆبەی یەکەم: "پیتەر"ی هاوڕێمان لەگەڵ دوو پسپۆڕی کوردی دیکە ڕادەسپێرین بۆ پیاچوونەوە بە هەموو گرێبەستەکان؛ هەموو ئەو کەسە نادیارانە بدۆزنەوە کە لە دوورەوە دانیشتوون و مانگانە ملیۆنەها دۆلاریان هەیەو تا ئێستا جەنابی سەرۆک و جێگری حکومەت هەر ئاگایان لێ نییە! خاڵە بەهێز و لاوازەکان و دەرفەتەکان دیاری بکەن و لەماوەی (٥٠) پەنجا ڕۆژدا ڕادەستی بکەن. بۆچی تێچووی پرۆسە نەوتییەکان ئێجگار زۆر بوە لەڕابردوودا؟ چۆن دەتوانن بناخەیەکی بە‌هێز بۆ خۆماڵیکردنی نەوت و گازی کوردستان دابڕێژین؟ چۆن لەم ڕێگەیەوە نەخشە ڕێگای دامەزراندنی کوردستان پیترۆلیۆم ببێتە ڕاستییەک و ئیتر ڕیشی حکومەت و گەل و نەوەکانی داهاتوو بەدەست چەند "کۆمپانیایەکی بیانی!" ەوە نەبن؟

هۆبەی دوەم: دەیڤید و تیمێکی ئەندازیاریی لە پێنج کەس پێکهاتبن، هۆبەی "پیاچوونەوە بە ڕێککارەکانی دەرهێنان" لە کێڵگەکاندا بکەن؛ ڕێک ئەوەی لە پرۆسەکەدا پێی دەوترێ "Down Stream، Midstream ؛ بزانن بۆ نموونە ئەوە بۆچی کێڵگەی تەق تەق لە (٢٠١٤) ەدا ڕۆژانە (١٥٠) سەت و پەنجا هەزار بەرمیلی بەرهەمهێناوە کەچی ئەوە دوو ساڵە کێڵگەکە وشکی کردوە! ئەی چیاسورخ بۆچی کۆنترین کێڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو ئەوە دوو ساڵە وشکی کردو وازی لێهێنراوە؟ دەرکەوت؛ کۆمپانیاکان مامەڵەی خراپیان لەگەڵ کێڵگەکان کردوە؛ دەی تەلەفۆن بۆ هۆبەی "تەحکیم-Arbitration" بکەن بچن لەو دادگایەی لەگرێبەستەکەیاندا دیاریکراوە بۆ نێوبژیوانی سکاڵا تۆماربکەن هەریەکەو (٢) دوو ملیار دۆلاریان لێوەرگرن.

هۆبەی سێهەم: هۆبەی پاڵاوتن؛ دکتۆر عەبدولغەنی و سێ یاوەری کیمیاویی و ئەندازەیی دیکەی بچن ڕاپۆرتێکم بۆ ئامادەبکەن؛ ئەوە بۆچی ئێمە بە پێی یاسای ژمارە (٢٢) ی ساڵی (٢٠٠٧) تایبەت بە نەوت و گاز کە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوێندراوە دەبێ تەنها (٣) پاڵێوگەمان هەبێ کەچی دەبینین ژمارەی پاڵێوگەکان گەیشتوە بە (١٩٤) پاڵێوگە! ئەمە چی یە؟ لەو شوێنەی دەبینین پاڵێوگەیەک قیر بەرهەم دەهێنێت و هەناردەی هیندستانی دەکات (جێگەی دەستخۆشییەو ئەمە ئێستا هەیە) وازی لێدەهێنین، بەڵام لەجێگەکانی دیکە؛ هەموویان یان داخستن یان پیاچوونەوە بە شێوازی بەرهەمهێنانیان بەو جۆرەی کە لەگەڵ زیادکردنی دەرفەتی کار، ژینگە، سەرپێخستنی پیشەسازیی دا بگونجێ؛ ئێوەش ڕاپۆرتێک بەرز دەکەنەوە لەماوەی (٥٠) پەنجا ڕۆژدا.

هۆبەی چوارەم: هۆبەی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزەیە کە ڕاستەوخۆ دەبێتە هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی ئابوریی (بۆ ئەوەی پشت بە یەک سەرچاوەی داهات نەبەستین)؛ جەماعەت پێشووتر وایانزانیوە "وزە" هەر تەنها نەوت و گازە! وەرە سێرڵ وایدەرشۆڤن-Cyril Widdershoven ی هاوڕێم لەگەڵ تیمێکی تر، ئیش لەسەر گواستنەوەی وزە-Energy Transaction (لە هایدرۆکاربۆنەوە بۆ وزەی پاک)، بۆئەوەی پرۆسەکە ڕووی لە بەرهەمهێنانی : وزەی خۆر، با، هایدرۆپاوەر، پەیینی کیمیاویی، هایدرۆجینی سەوز، جیۆ-ثێرماڵ، بایۆماس بێت؛ پلانێکی سێ ساڵی دابڕێژن کە تا (٢٠٢٨) ئێمە (٧٠٪) پشت بە وزەی پاک و گرین ئینێرجی ببەستین و واز لە فیوسیل فیوڵ بهێنین. پاشان لەڕاپۆرتەکەتان وابکەن ئێمە گازی سرووشتی هەر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکار-نە-هێنین بەڵکو بۆ پیشەسازیی؛ ئێمە دەبێت چوار ناوچەی گەورەی پیشەسازیی کە پشت بە گازی سرووشتی ببەستێت لە کوردستان درووست بکەین، نیزیکەی (٨٠ بۆ ١٠٠ سەت هەزار) دەرفەتی کار بۆ گەنجەکانمان بڕەخسێنێت؛ ئەم ناوچە پیشەسازییانە گازی سرووشتی بگۆڕن بۆ ماددە- کیمیاوییەکانی وەک یۆریا و ئامۆنیا و پلاستیک و جۆرە پەیینیێکی کیمیاویی کە لە پرۆسەکەماندا پێی دەوترێ بەڕێوەبردنی سیستیەمی پێوانەی یەکگرتوو (Integrated Fertilizer Management System) ؛ ئەم ماددەیە هەموو زەوییە مردوەکان زیندوو دەکاتەوەو ئاستی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی سەدان هێندە بەرز دەکاتەوە. ئەم ماددانە بەگشتی هەناردەی دەرەوەش دەکەین (نرخیشیان لەنەوت و گاز گرانتر و جێگیرترە لە بازاڕی جیهانیدا)؛ واتە ئێمە ئیتر نە بۆڕیی ڕادەکێشین بۆ تورکیاو عێراق، نە تەنکەر، نە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیای بیانی واژۆ دەکەین عێراق و ئێران لە خۆمان تووڕە بکەین، ئێمە پیشەسازیی دەکەین، کە پیشەسازییمان کرد؛ ئیتر ئابوریی دەکەین؛ چوونکە لێرەدا بانک دەبوژێتەوە؛ هاوسەنگی ڕادەگیرێت لەنێوان هاوردەکردن و هەناردەکردندا.
دەست دەنێم بە دوگمەی جەڕەسەکە؛ ئا- دەی بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوە مرۆییەکان م بۆ بانگ بکە؛ ....نەهاتوە... نەهاتوە!؟ لەو دوایەوە ژنێك کە ئەندامی هۆبەکەیە لێی هەڵئەدا "سەفەری کردیە"؛ سەفەری کردوەو دەشزانێت ئێمە ئێستا بەچییەوە سەرقاڵین!؟ لە ئەمڕۆوە لەو جێگەیە نامێنێت [ بابچی لۆ وەزارەتەکی دی،،، ڕوودەکەمە سکرتێرەکە؛ کە گەڕایەوە نەهێڵی بێتە کنم]. جێگرەکەی کوا؟ وەرە؛ کاکی برا لەگەڵ ئەم هۆبەیە هەماهەنگ بە؛ نیزیکەی (١٥) کادیری باش دەست نیشان بکە؛ لە پانزە ڕۆژی ئایندەدا دەیانێرن بۆ سەڵتەنەتی عومان (بۆ مەسقەتی پایتەخت)؛ بزانین ئەوە چۆن ئەوان لە ساڵی ئایندەوە بەشی خۆیان و (١٣) وڵاتی دیکە هایدرۆجینی سەوز بەرهەم دەهێنن و کەمتر پشت بە نەوت و گاز دەبەستن؟! هەوڵ بە؛ کەسێکی (GIS) یان تیابێت؛ بۆئەوەی بزانین چۆن سوود لە پێگەی خۆمان بۆ هەمان مەبەست وەرگرین..

هۆبەی پێنجەم: هۆبەی هەناردەکردنە (ئەمە هۆبە مەترسیدارەکەیە)؛ چوونکە بابەتەکە جیۆپۆڵەتیکی وزەیە؛ جەنگ و ململانێی ئێستای جیهان و ناوچەکەش تەواو کێبڕكێیەکی جیۆپۆڵەتیکییە. بە مێشکی سافەوە سبەینێیەکی زوو دێین بۆ ژووری سیمینار (لەنکاو خۆمان دەکەین بەم هۆڵەدا!)؛ ئەمە بۆچی ئەم داتاشۆیە وایە؟ کوا کێ بەرپرسی تەکنیکە؛ ڕێک ئاگادارکردنەوە "ئینزار"؛ خاتوون و تەنورەی کورت و کچ و کوڕی ناسک و خزمی ئەم ئەو نایخوا؛ وەڵا وەبیلاهی شەو دێمە خەوتان؛ چوونکە ئەمە وەزارەتێکە بەرپرسە لە نەوەکانی داهاتووش. ئادەی دکتۆر میرۆ هەستە بۆمان ڕوون بکەوە؛ هەناردەکردن چۆن دەبێت؟ کامانەن-Existed Pipeline و کامانە دەبن "Proposed Pipeline"؛ پرسی ئاسایش لێرەدا چی و چۆن دەبێت؟ تەواو.. دەستخۆش.

سێ تێبینیم لەسەر ئەم هۆبەیە هەیە (سکرتێرەکە لە دەفتەرە بچووکەکە دەبێت بینووسێت)؛ هەوڵ بدەن:

- لە ڕاپۆرتەکەتان ڕوونی بکەنەوە لەناو داینامیکییەتی ئاسایشی نوێی هەرێمایەتیدا-New Regional Security Dynamics دا دەرفەتێک بۆ کوردستان بدۆزنەوە؛ بەڵێ کوردستان؛ چوونکە لێرەدا هەر ئێمە نیین ئەگەر زۆرە لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستاندا پێکەوە کۆنێکت بین و بچینە سەر دەریای سپی ناوەڕاست (مێدیتریانە-Mediterranean).
- هەوڵ بدەن ڕوونی بکەنەوە سیناریۆکانی ئایندە چی و چۆنن کە کە هاوپەیمانیی هەرێمایەتی لەسەر درووست دەبێت بە هۆی وزەوە!

- هەوڵ بدەن، ڕاوێژ بە پسپۆڕانی دیکەی بیانی و کەنداو بکەن، ئایا ئێمە (هەولێر)- ئەنکەرە- کەنداو دەتوانین سێکوچکەیەکی وزە درووست بکەین؛ کەنداو پرۆژەکە پارەدار بکات، ئێمە و ڕۆژئاوا نەوت و گاز دابین بکەین، تورکیاش دەرچەکەمان بێت، ئنجا لەمەدا ئەمریکاش پاڵپشتییمان دەکات؛ بەمجۆرە وەرچەرخانێکی جیۆپۆڵەتیکیی-Geopolitical Shift بەرپابکەین؟

دەست دەنەم بە جەڕەسەکە؛ فوڵان کەسی بەرپرسی باڵای ئاسایشم بۆ وەرگرە؛ کاک فوڵان لەگەڵ ئەم هۆبەیە لە هەماهەنگی دا دەبیت بۆ یەک شت (نەک لە هەموو شت دەست وەربدەی و بڵێی وەزیی وتویەتی) ئەو شتەش ئەوەیە؛ کۆمپانیاکان ناچار بکەن خۆیان- بۆ- خۆیان بەهاوکاری ئێوە سیستەمێکی بەرگریی ئاسمانی بەهێز بۆ کێڵگەکان دابنەن، بۆ ئەوەی درۆن نەیات و پرۆسەکەمان لێ تێک بدات. دەی کاکە من لێرە دەڕۆم و (٤٥) ڕۆژی دیکە خۆتان و ڕاپۆرتەکەتان دەبینمەوە.

هۆبەی شەشەم؛ هۆبەی یاسایی و تەحکیم؛ وەرە "براندن ئۆڵیری" مامۆستایت لە زانکۆی کۆڵۆمبیا و بەشداریت لە نووسینەوەی ڕەشنووسی دەستوری عێراقدا کردوە؛ لەگەڵ ئەم چوار کەسە لە (٤٥) ڕۆژدا ڕاپۆرتێکم بۆ ئامادە بکە؛ ئیتر ئەو سەردەمە گوزەشت کۆمپانیایەک فوڵان کەس لە (٢٠٠٦) لەدەرەوە تۆماری کردوەو لە (٢٠٠٧) گرێبەستی لەگەڵ ئێمە واژۆ کردوەو، دواتر هەر بە فیتی فووڵان برادەری خۆمان چوونکە پۆستی نەماوە بچێ سکاڵا لە دادگای نێودەوڵەتی تۆمار بکات و چەندین ملیار دۆلارمان بە فێڵ لێ وەربگرێت و بمانخاتە ژێر هاواری قەرزەوە.

دەستێک بە "زەنگ- جەڕەس" ەکەدا دەنێم؛ کوا بەڕێوەبەری گشتی کاروباری یاسایی خۆمانم بۆ بانگ بکەن! لە سبەینێوە لەگەڵ بەرپرسی کاروباری یاسایی پەرلەمانی کوردستان و ژمارەیەک نوخبەی کوردستان هەوڵەدەن مێزگرد بکەن سەبارەت بە چۆنێتی ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاسای نەوت و گازی عێراق، پاشان ڕاپۆرتی گشتی ئەم هۆبەیە و ڕەشنووسەکە بە جیا و بە "نهێنی" دەنێرن بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان و نوێنەرەکانمان لە بەغدا.

خوا ئاگای لێیە ئەمە ئاشکرا بێت و هەر بەرپرسێکی درۆزن و هەلپەرستی موعارەزە "ئۆپۆزسیۆن" باسی ئەمەی کرد سکاڵای لەسەر تۆمار نەکەن بە تۆمەتی خیانەتی نیشتیمانیی؛ هەمووتان دەنێرمەوە بۆ ماڵەوە؛ ئەمە بابەتی دەنگە-دەنگی میدیایی نییە. ئەم هۆبەیە بەکارایی دەمێنێتەوە بۆ چاودێریی کاری کۆمپانیاکان و بە هەمانگی لەگەڵ هۆبەی ڕێککارەکانی دەرهێنان کاردەکات.

پێش ئەوەی هۆبەی یاسایی و تەحکیم بە جێبهێڵم، یەکێک لە ئەندامانی هۆبەکە کە ئافرەت (ئافرەتی کورد توانای سەرکێشی کەمترەو نهێنی پارێزترە) بانگ دەکەم بۆ ژوورەکەی خۆم (نەوەڵا بۆ باڵەکۆنەکە- نەک بە نهێنی ئەم و ئەوی بیانی و ناوخۆیی ئامێری دەنگ تۆمارکردنیان دانابێت- بەبیانووی ئەوەی جگەرە دەکێشم بۆیە هاتوینەتە ئێرە!) وەرە "دکتۆرە"؛ تۆ دەزانی بەغدا فێربوە ئەو دەمی ئەو کۆمپانیایانە چەور دەکات کە لە هەرێمی کوردستان ساڵانێکە کار دەکات، سێ ساڵە بە نهێنی و ئاشکرا دەیانبات بەلای خۆیداو پرۆژەیان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق پێدەدات؟! ئەوە سبەی وایان لێدەکەن کارەساتمان لە دژ بخوڵقێنن چ لەڕووی سەلامەتی و تەندرووستی کێڵگەکان و چ لە ڕووی یاساییەوە؛ هەوڵ بدەن لە هۆبەکەتان گەڕو بیانووی یاسایی بدۆزنەوە لەو کۆمپانیایانە و بیاندەنە دادگا نێودەوڵەتییەکان، من پاداشتی (٥) پێنج ملیۆن دۆلارت دەکەم و پلە ئیدارییەکەت دەکەم بە بەڕێوەبەری گشتی؛ ئەگەر بتوانیت وا بکەیت! هەوڵ بدە کەشێک بڕەخسێنیت تاوەکو لە سەرپێچییەکیان بگلێنێت؛ پاشان بچن سکاڵایان لە دادگا شاهانەکانی جیهان لەسەر تۆمار بکەن. دە بچۆ؛ لە پێشدا پۆلێنی ئەو کۆمپانیایانە بکەن کە چەشەکراون و ڕاکێشراون، چاودێرییەکی وردیان بکەن، هەندێ میدیاکاری بیانی بنێرن بۆ-لایان بزانن چۆن باسی سەرچاوە سروشتییەکانی کوردستان دەکەن! تەواو دیراسەی هەموو لایەنەکانی بکەن و، داخیان بکەن و، قاسەی کوردستان بەو پارانە پڕ بکەن کە لەوانی وەردەگرن.

هۆبەی حەوتەم: بەبازاڕکردن و لۆبی کردن، ئا..دەی دکتۆر سەردار تۆ سەرۆکی ئەم هۆبەیە بە؛ چۆن-چۆنی وا دەکەیت بمانخزێنیتە ناو ئەو فایلانەی کە بەدەستی "دۆناڵد ترامپ" ەوەن لە پرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ؟ لەگەڵ "سێرڵ" هەماهەنگ بن، ئەگەر حکومەتی فیدراڵی بەغدا کردی بە هەراو هۆسە لەسەرمان، ئێوەش لە ڕۆیتەرز و ئۆیەڵ پرایس چەند ڕاپۆرتێک بڵاوبکەنەوە؛ بۆ ئەوەی چاوی جیهان بکەوێتە سەر سێکتەری گەشەسەندووی وزەی کوردستان؛ کە چۆن بوەتە یاریکەرێکی ناوچەیی. هەوڵبدەن چەند کۆمپانیایەک بهێنن کە بانکە جیهانییەکان پاڵپشتی کۆمپانیاکان بکەن نەک ئێمە (چوونکە تەڵەی قەرز لە ئارادایە)؛ بۆ ئەوەی هەم دەرفەتی کار زیاتر بکەین، هەم لە ڕووی تەکینکییەوە ئەزموونی پتر وەربگرین، هەم کەرتی بانکی ببوژێنینەوە.

هۆبەی هەشتەم؛ هۆبەی ئابوریی و داهات، وەرە "یانیس" سەرۆکی هۆبە بە. بێگومان ئەندامانی هۆبە کوردن و پێش هەموو شتێک دڵیان لای گەندەڵییە حەیاتەکەیە؛ دەست دەدەن بە کلاوات! ئەوە فوڵان کۆمپانیا تۆمارکراوەو کۆمپانیای دابینکردنە؛ بەڵکو واژۆ-مان بۆ بکەی تاوەکو خواردن و خۆراک بۆ فوڵان کێڵگە دابین بکەن؛ ئۆکەی ڕەزامەندییان بۆ-دەکەم؛ بەڵام ئێمە سندووقێک دادەمەزرێنین، چاودێریشتان دەکەین لە نرخ و کوالێتی دا، دەبێت (٢٥٪) قازانج بخەنە ئەو سندوقەوە تا بتوانین لەماوەی (٣) ساڵدا (٥٠) ناوەندی تەندرووستی و (٢٠٠٠) کیلۆمەتر قیرتاو بۆ ئەو ناوچانە بونیاد بنەین کە نەوت و گازیان لێوە بەرهەم دێت. جگەلەمە ئێوە بەرپرسی داهاتن، دەبێت بزانن لەو سەرەوە کۆمپانیاکان لە (Cost Recovery ) دا کە داهاتیان لەگەڵ بەش دەکەین پارەی خۆیان هەڵدەگرنەوە؛ دەبێت هەوڵ دەین تێچووەکان کەم بکەینەوە. ئنجا پارەی داهاتی بەرنامە کۆمەڵایەتییەکانمان هەیە (لە ناو کۆمپانیاکان بە CSR ناسراوە)، ئێوەو هۆبەکەتان دەبێت بزانن ئەوە بۆچی بیست ساڵە هەندێ لە کۆمپانیاکان ئەو پارەیەیان نەداوە؟! بەشێکی گرینگی ڕاپۆرتەکەتان سەبارەت دەبێت بە خەرجی کارکردن-OpEx و خەرجی سەرمایە-CapEx. لەکاتی هەڵسانمدا؛ جەماعەت دەبێت بزانن بەشێوەی ستاندارد لە جیهاندا کۆمپانیای نەوت دەبێت (٥) پێنج جۆر باج بدات، بەو "باج"انەدا بچنەوە لە ڕاپۆرتەکەتان. [ بێگومان سکرتێرەکە ئەم تێبینیانە لە دەفتەرە بچووکەکە دەنووسێت، دوای ٤٥ ڕۆژ بێمەوە لە ڕاپۆرتەکەدا نەبێت؛ ئەوە تەندرووستی و دۆخی هۆبەکەو ئەندامانی باش نابێت]. چوونکە ئەم ڕاپۆرتانە دەبنە سیاساتی گشتی.

بە درێژایی ئەم ماوەیە مشەخۆر و ماستاوچی لێناگەڕێن و دێن و داوا دەکەن؛ یەڵڵا بۆتان واژۆ دەکەم بەڵام نیو ملیۆن دۆلارم بۆ بدەن بەم دوو ناوەندی توێژینەوەیە؛ چوونکە لۆبیم بۆ دەکەن و، ئەم سێکتەرەمان بۆ بەرز ڕادەگرن.

بەدرێژایی ئەم ماوەیە؛ لەگەڵ سەرۆک و جێگری ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی، پەیوەندییە دەرەکییەکان، کەسێکی متمانەپێکراوی باڵای دەزگا ئەمنییەکان پێکەوە گفتوگۆ دەکرێت؛ چوونکە ئەگەری لێ تێکدان و تەگەرە درووستکردن و هەموو مەترسییەک لەئارادایە. گەشتکردن و بەشداریی کردنی هەر کۆنفڕانس بۆنەیەک لە ئەندامان و سەرۆکی هۆبەکان قەدەخەیە. حەرامزادەی وا هەیە لە کوردستان سەدان ملیۆن دۆلاری دەستکەوتوە؛ ئێستا لە نهۆمی (٧٩ و ٨٠) دانیشتوە لەو وڵاتانە دەیەوێ بێ ئەوەی کەس بیناسێ و بیبینێت هەر دەستی لەناو ئەم کەرتە هەستیارەدا بێت؛ دەستیان لەچەندین کەتندایە دژی کوردستان و سەرچاوەکانی وزە.
بەگشتی لەم پرۆسەیەدا، نەک هەر خاک و تاکی کوردستان؛ دوو حیزبە فەرمانڕەواکەی هەرێمی کوردستان دەتوانن قازانجی زیاتر بکەن.

لەکۆتاییدا، لەماوەی هەفتەیەک هەموو هۆبەکان لە هۆڵێک کۆدەبینەوە؛ هەریەکەو ڕاپۆرتی خۆی ڕوون دەکاتەوەو تێبینی دەدات. من؛ سەرنجیان ڕادەکێشم بۆ سێ خاڵ:
یەک/ دەبێت بزانن فەڕەنساو کۆماری چیک و کۆریای باشور خاوەنی بەهێزترین تەکنیک و کۆمپانیای خزمەتگوزاری نەوتن، بەڵام ئەوان نەوتیان نییەو کۆمپانیاکانیان لە جیهاندا کاردەکەن؛ واتە؛ ڕۆژێک دێت وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان نامێنێت، دەبێت تا ئەوکاتە چەندین کۆمپانیای کوردیی- نیشتیمانیی- بەئەزموونمان لە جیهاندا هەبێت. وە دەبێت بەتووندی کار لەسەر وزە نوێبوەوەکان و گەشەپێدانی بەردەوام-Sustainable Development لەم بوارەدا بکەن.
دوو/ هۆبەی دەرهێنان-Extraction دەبێت بەردەوام لەڕووی مەیدانییەوە سێرچ بکات (سوود لە توانا تەکنیکییەکانی بریتش پیترۆلیۆم-bp) وەربگرن لە ڕووی زانستییەوە کە بۆچی تەمەنی هەندێ لە بیر و کێڵگەکانی کوردستان کوردستان کورت بوە؟
سێ/ هەوڵ بدەن (٤٠٪) ی خاوەندارێتی هێڵی بۆڕی کوردستان (ئەوەی لە خورمەڵەوە تا زاخۆیە) بە ئالیەتێک لە ڕۆس نەفت بکڕنەوە! ئەمە چ ئەقڵییەتێکە، چ لۆژیکێکە هێڵی بۆڕی نەوتی خۆت، لەناو خاکی خۆت، سامانی سرووشتی خۆت بدەیتە کۆمپانیایەکی بیانی! تەنانەت بۆ کۆمپانیای ناوخۆییش ئەمە زۆر درووست نییە.
لەکۆتاییدا، پشت بەم نەخشەڕێگایە ببەستن و، دەست پێبکەن. لەڕووی شەفافیەتەوە؛ پەنجا شاشەی گەورە بکڕن، لەناو بازاڕی دهۆک، سلێمانی، هەولێر و چەمچەماڵ هەڵیواسن؛ هەموو ڕۆژێک چەند بەرهەم دێت نیشانی بدات؛ با پۆپۆڵیستەکان بۆخۆیان لەوێوە تەماشابکەن. گوێ لە میدیاو ئۆپۆزسیۆن و پەرلەمان نەگرن (تەنها سێ و چوار کەسی بەڕێزو ئاکادیمی تیایە) ئەگەر کچە مۆدێل و گۆرانیبێژو هاتوهاوارکەر و پەیجەوان و بەناوی پەرلەمان یان هەر شتێکی دیکەوە ڕوویان کردە ئێرە؛ ژوورێکی چۆڵیان بۆ دابنەن و ئیهانەیان بکەن؛ ئەمانە دۆخەکەیان بۆگەنتر کردوە لەو ساڵانەی ڕابردوو.
ئەرکەکەم تەواو؛ من خۆم- خۆم پێگەیاندوە نەک ئەم و ئەو؛ خۆم قەڵەمەکەم ئیش دەکات نەک ئەم میدیاو ئەو حیزب فووی تێکردبم، بۆیە کێ گلەیی دەکات [ ئاوی سارد بخوات].
بەڵام نەوەت ڕۆژەکە تەواو؛ ئیتر من لێرەدا بەرگە ناگرم، خۆتان دەزانن بۆ؟!

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP