دواین هەواڵ

بەردەوامی و گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەی ئەکتەرەکان لەپاش جەنگی ١٢ ڕۆژە

‌پەرویز ڕەحیم قادر

20 کاتژمێر پێش ئێستا

هێرشەکانی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، وای کرد کە ئیسرائیل لە ئەکتەرێکی ئاسایشی ببێتە ئەکتەرێکی جیۆپۆلیتیکی کاریگەر و، هەر ئەمەیش وای کردووە کە هاکێشە جیۆسیاسییەکان لە ناوچەکە بەرەو گۆڕانکاری بڕۆن و، بەم پێیەیش هاوسەنگیی نوێ بێتە ئاراوە. لەم نێوەندەدا جەنگی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل-ئێران بە لێکەوتەی ئەم گۆڕانکارییانە هەژمار دەکرێت و هەمیش بە سەرەتایەکی نوێ لە ئاستی هەرێمایەتی، کە دەتواندرێت لە ئاست و ڕەهەندی جۆراوجۆرەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێت.
ئەوەی جێگەی تێڕامانە، ئەوەیە کە چۆنێتی و لێکەوتە و کاریگەریی جەنگی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل-ئێران، ئەگەری پێکدادانی نوێی هێناوەتە ئاراوە؛ بەم مانایەی کە هەردوو لایەن بە شرۆڤە و هەڵسەنگاندنی خاڵی بەهێز و لاوازەکانی خود و یەکتری، هەوڵ دەدەن ئەم هاوسەنگییە لەرزۆکەی ئێستا لە قازانجی خۆیان و بە هاوسەنگیی هەڕەشە یاخود تۆقاندن بگۆڕن. لەم نێوەندەیشدا ئەکتەرەکانی دیکە بەڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەشێک دەبن لەم هاوسەنگییە نوێیە جیۆسیاسییە. بەم پێیەیش، چاوەڕوان دەکرێت کە ”کۆمەڵەی ئاسایشی هەرێمایەتی” لە ناوچەکە نەزمێکی نوێ (new order) بەخۆیەوە ببینێت؛ ئەمە سەرەڕای بانگەشەی ئیسرائیل بۆ هێنانەئارای نەزمی نوێ لە ناوچەکەدا لەپاش ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە بەردەوام پێداگریی لەسەر کراوە. ئەم نەزمە نوێیەیش تەنیا لەنێوان دوو ئەکتەر (بۆ نموونە ئێران و ئیسرائیل) نابێت و دروستی ناکەن و، لێکەوتەکانی هەموو ئەکتەرەکانی دیکەیش دەگرێتەوە. بۆیە کارلێکی سیاسەتی دەرەوەی ئەو دەوڵەتانە پێکەوە نەزمی نوێ و بەها و ڕێسا و یاسا و چوارچێوەی ئەو کۆمەڵە ئاسایشییە هەرێمایەتییە دەستنیشان دەکات. لێرەدا، شرۆڤە و خوێندنەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران و ئیسرائیل بە پلەی یەکەم و پاشان سیاسەتی دەرەوەی دەوڵەت و ئەکتەرە نادەوڵەتەکانی ناوچەکە (جگە لە سیاسەتی ئەمریکا و ڕووسیا و چین و تەنانەت دەوڵەتە ئەوروپییەکان) دەتوانێت باشتر وێنا و چوارچێوەی هاوکێشە جیۆسیاسییەکان دیاری بکات.
لە بەردەوامیی ڕەفتاری سیاسەتی دەرەوەی ئەکتەرەکان، دەتواندرێت بەرژەوەندی و ئاسایشی بوونناسانە و بەم پێیەیش شێوازی دۆستایەتی و دوژمنایەتیی داهاتوو لە ناوچەکەدا دەستنیشان بکرێت. هەروەها لە گۆڕانکاری لە ڕەفتاری سیاسەتی دەرەوەدا، دەکرێت دڵەڕاوکێ ئاسایشییەکان و، هەروەها ئەگەری ململانێ و ئامادەیی بۆ پێکدادانەکانی داهاتوو ڕوونتر بخوێنرێتەوە. بۆیە شرۆڤە و لێکدانەوەی بەردەوامی و گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەی ئەکتەرە هەرێمایەتی و سەرووهەرێمایەتییەکان و کارلێکی ئەم ڕەفتارە سیاسییانە لەژێر ڕۆشنایی و کاریگەریی جەنگی ١٢ ڕۆژەی ئیسرائیل-ئێران، كه‌ به‌ “ڕاسانی شێرەکان” (Rising Lion) ناسراوە، دەتوانێت سیما و وێنایەکی ڕوونتر لە هاوکێشە جیۆسیاسییەکان پێشکەش بکات.
ستراتیژیی ئیسرائیل لەپاش ئۆپەراسیۆنی سەربازی و هەواڵگریی “ڕاسانی شێرەکان” (Rising Lion)
زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بوترێت لە ئێستادا ئیسرائیل تاکە ئەکتەرە کە هەم هەوڵی داڕشتنەوەی دووبارەی نەزم و چوارچێوەی کۆمەڵە ئاسایشییە هەرێمایەتییەکە دەدات و هەمیش گرنگترین ئەکتەرە کە گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکان بە هێز و توانای سەربازی و هەواڵگریی خۆی لە چوارچێوەی ئاسایشی بوونناسانەی خۆیدا پێناسە دەکاتەوە. لەم چوارچێوەیەدا جێگۆڕکێ بە ئەکتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکان لە پلەبەندیی لقی شاماتی کۆمەڵەی ئاسایشی هەرێمایەتییەکە بە لێدان لە حەماس و حزبوڵڵا و ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد دەستی پێ کردووە، تاوەکوو لێدان لە حووسییەکان و لێدان و هەڕەشە لە حەشدی شەعبی بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ جەنگی ١٢ ڕۆژە و پاشان هێرشکردنە سەر فەرماندە و دامەزراوە سەربازی و بنکە و زانا ئەتۆمییەکانی ئێران. بەم پێیەیش جەنگی ١٢ ڕۆژە بۆ ئیسرائیل، بەشێک بووە لە پلانە سەربازی و ئاسایشییەکان بۆ هێنانەدیی نەزمی نوێی هەرێمایەتی  لە ڕێگەی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لە قازانجی ئیسرائیل، بە ڕێگەی هاسەنگیی هەڕەشە و تۆقاندن لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران. بۆیە نەزمی نوێ لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە، دەبێت بە ڕێگەی گۆڕینی ئەکتەرەکان و پاشان لاوازکردن و لەناوبردنی مەترسییە ئاسایشییەکانه‌وه‌ بێت.
هەر بۆیە هاوسەنگیی لەرزۆکی ئێستا لەپاش جەنگی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، بە سەرەتای گۆڕانکاریی گەورە دادەنرێت، کە ڕەواندنەوەی مەترسییە ئاسایشییەکانە لە ڕێگەی لێسەندنەوەی تواناکانی ئێران لە بەڕێوەبردنی ململانێکان لە زۆنی خۆڵەمێشی، بە لاوازکردن و گۆڕانکاری لە سیستەم و ڕژێمی ئەکتەرە دەوڵەتییه‌كان و لەناوبردنی پرۆکسی و ئەکتەرە نادەوڵەتەکانی لایەنگری کۆماری ئیسلامی. بۆیە دەکرێت سیاسەتی ئیسرائیل لە پاش جەنگی ١٢ ڕۆژە بەم شێوەیە پۆلین بکەین:
١- وەرگرتنی پشتیوانیی سیاسی و سەربازیی ئەمریکا بۆ لێدانی ڕاستەوخۆ لە ئێران لە لایەک و، لە لایەکی تریشەوە هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی توانا ئابووری و سەربازی و سیاسییەکانی ئەمریکا لە گوشاردروستکردن لەسەر وڵاتانی ناوچەکە بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی گۆڕانکاریی جیۆسیاسی. بۆ نموونە، گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر لوبنان بە مەبەستی چەککردنی حزبوڵڵا و، هەروەها لە دەسەڵاتی نوێی سووریا و لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی و دڵنیابوونەوە لەوەی کە نابنەوە بەرەیەک لە دژی ئیسرائیل و، پاشان سنووردارکردنی تورکیا و گوشار بۆ هەڵوەشانەوە یاخود تێکەڵکردنی حەشدی شەعبی لە عێراق و هتد.
٢- هەوڵدان بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان لەرێگەی سێ وڵاتی ئەوروپی (ئەڵمانیا، ئینگلتەرا و فەرەنسا) بەپێی میکانیزم(snapback)   بە بڕیاری (2231)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ١٨ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٥ کۆتایی بە هەڵپەساردنی بڕیارەکانی پێشووتری ئەنجومەنی ئاسایش- ١٦٩٦ ساڵی (٢٠٠٦)، ١٧٣٧ ساڵی (٢٠٠٦)، ١٧٤٧ ساڵی (٢٠٠٧)، ١٨٠٣ ساڵی (٢٠٠٨)، ١٨٣٥ ساڵی (٢٠٠٨)، و ١٩٢٩ ساڵی (٢٠١٠) دێت، کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی ٢٠١٥ بۆ ماوەی دە ساڵ هەڵپەسێردرابوو. ئەمەش دەتوانێت ڕەوایەتی بداتە هێرشی سەربازی لە دژی ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەی، چونکە ئەم بڕیارانە بەپێی بەشی حەوتەمی پەیماننانەی نەتەوە یەکگرتووەکان (مادەی ٣٩ تا ٥١) پەسند کراوە، کە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانی لە چوارچێوەی “ئەنجامدانی هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی، پێشێلکردنی ئاشتی و کردەوەکانی دەستدرێژی” پۆلین کردووە.
٣- ئیسرائیل پێویستی بەوە هەبوو کە پاش هێرشی “ڕاسانی شێرەکان” (Rising Lion)، گەڕێکی نوێی دیپلۆماسی لەگەڵ ڕووسیا و چین بەڕێوە ببات؛ ئەمەیش لەسەر ئەو بنەمایەی کە لاوازبوونی ئێران بەهۆی هێرشەکە و لاوازبوونی نفووزی لە ناوچەکە، وا بکات کە مانەوەی سیستەمە سیاسییەکەی، چیتر لە بەرژەوەندیی ئەو وڵاتانە نەبێت. تەنانەت ئیسرائیل چاوەڕێی ئاڵوگۆڕەکانی خێرای ناوخۆی سووریا و لوبنان و عێراق دەکات بۆ ئەوەی زیاتر زۆنی خۆڵەمێشی لە ئێران بەرتەسک بکاتەوە.
٤- بەپێی ڕەفتارە سیاسی و جووڵە سەربازییەکانی پاش جەنگی ١٢ ڕۆژە، دەرکەوت کە ستراتیژیستە سەربازی و سیاسییەکانی ئیسرائیل دەیانەوێت ئەم دەرفەتەی لاوازیی ئێران لە ئاستی ناوخۆیی، پاش جەنگی ١٢ ڕۆژە و، ئه‌و گۆڕانکارییە هەرێمایەتییەی پاش هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣، بقۆزنه‌وه‌ بۆ ئەوەی گوشاری زیاتر بخەنە سەر پرۆکسییەکانی ئێران لە عێراق و یەمەن و لوبنان و، تەنانەت لە ئاستی ناوخۆی ئیسرائیلیش جەنگی دژی حەماس بەرەوپێشەوە ببەن و، له‌ داهاتوودا هەڕەشە چاوه‌ڕوانكراوه‌ سەربازییەکان کەم بکەنەوە.
٥- ڕووداوەکانی دوای هەڵمەتی سەربازیی “ڕاسانی شێرەکان” (Rising Lion)، دەری خست کە ئیسرائیل دەیەوێت بە پتەوکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی لە ئاستی ناوخۆیی و بە یارمەتیی ئەمریکا، خاڵە لاوازەکانی لە هەمبەر مووشەکە بالیستییە ورد و بەهێزەکانی ئێران- کە لە کۆتاییی جەنگی ١٢ ڕۆژەدا وێڕانکاریی ژێرخانە سەربازی و مەدەنی و ئابوورییەکان و تۆقاندنی خەڵکی سڤیلی لێ کەوەتەوە- کەم بکاتەوە؛ ئەمەیش بۆ ئەوەی بتوانێت لە گەڕی دووەمدا بە توانایەکی بەرگریی زیاترەوە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران ئەنجام بدات. هەروەها کڕینی فڕۆکەی تانکەری ئاسمانی (KC-46) بۆ دابینکردنی سووتەمەنیی فڕۆکە جەنگییەکان، وا دەکات کە ئیسرائیل توانای مانۆڕی زیاتری هەبێت بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانیی سەربەخۆ.
٦- لێدوانە سیاسییەکانی بەرپرسانی سەربازی و سیاسیی ئیسرائیل، ئەوەی زیاتر ڕوون کردەوە کە ئیسرائیل دەیەوێت کاریگەری و لێکەوتەی هێرشەکانی لە ئاستی ناوخۆی ئێران دەربکەوێت و، خەڵکی ئێران لەوە تێ بگەن کە هیچ کرانەوەیەکی سیاسی و بووژانەوەیەکی ئابووری لەم سیستەمەدا ڕوو نادات و، تەنانەت دۆخی نالەباری کارەبا و ئاو و هەڵاوسان و بێکاری و هەژاری و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان و، هەروەها ئەگەری گەڕانەوەی سزاکان، گوشاری زیاتر بۆ زۆرینەی هاووڵاتیانی ئێرانی دروست بکات و ئاستی ناڕەزایەتییەکان بەرز ببێتەوە. بەم پێیەش ئیسرائیلییەکان چاوەڕێ دەکەن کە لێکترازان و ناکۆکی سیاسیی ناوخۆیی لە ئێران زیاتر بەرجەستە ببێتەوە، بۆ ئەوەی هەر هێرشێکی سەربازی لە داهاتوودا هاوکات یاخود هاوتەریب بێت لەگەڵ سەرهەڵدانی نارەزایەتییەکان.
٧- یەکێک لە گرنگترین سیاسەتەکانی حکوومەتی ئیسرائیل و خودی سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، ئەوە بوو کە بە کەڵکوەرگرتن لە کەسایەتیی تایبەتی “ترەمپ” و وێناکردنی وەکوو قارەمانی لەناوبردنی توانا ئەتۆمییەکانی ئێران بەبێ هیچ زیانێکی سەربازیی ئەوتۆ و ناساندنی وەک پاڵەوانی سەرەکی و کۆتاییی ئەم جەنگە و، هەروەها پێدانی ئەو شانازییە کە هەم ڕێگەی نەداوە کە ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران (ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی) لەلایەن ئیسرائیلەوە بکرێتە ئامانج و هەمیش ئەوە ترەمپ بووە کە کۆتاییی بە جەنگەکە هێناوە و ئاگربەستی بەسەر هەردوو دوو دوڵەتەدا سەپاندووە، ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی کە لە هەر سەرکێشییەکی کۆماری ئیسلامی یاخود هێرشی دووبارەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، سەرۆککۆماری ئەمریکا پشتیوانی لە ئیسرائیل بکات و تەنانەت ئەوروپییەکانیش ناچار بکات پاڵپشتی لەم جەنگە پێشبینیکراوە بکەن.
لە لایەکی دیکەیشەوە، ئیسرائیل لە گەڕی یەکەمی هەڵمەتی سەربازیی “ڕاسانی شێرەکان” (Rising Lion)، نەیدەویست کە بە درێژەکێشانی جەنگ و لێدان لە دامەزراوە نەوتی و گازییەکانی ئێران و کاردانەوەی سەربازیی ئێران لە دژی گواستنەوەی وزە و بەم پێیەیش کەوتنەمەترسیی ئاسایشی وزەی ئەوروپییەکان، نرخی سووتەمه‌نی بەرز ببێتەوه‌ و، دواتریش گوشاری ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئەوروپییەکان دروست ببێت و بەناڕاستەوخۆش ڕووسیا قازانج بکات و، هەر ئەمەیش ئەوروپییەکان زیاتر ناڕازی بکات. تەنانەت خودی ترەمپیش بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمه‌نیی، بە زیان بۆ پێگەی جەماوەریی خۆی لە ئەمریکا دەزانێت. بۆیە دەرفەتپێدان بە یەکلاییکردنەوەی جەنگی ڕووسیا-ئۆکراینا یاخود هەڵگرتنی سزاکانی سەر ڕووسیا و ئەگەری ڕێککەوتنی ئۆکراینا و ڕووسیا، وای دەکرد کە لە بەرامبەر پێدانی ئیمتیاز بە ڕووسیا لە ئۆکراینا، ئەوە ڕووسیاش دەستی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی ئێران ئاوەڵاتر بکات- ئەوە جگە لەوەی کە ئەوروپییەکان ئەم جەنگەیان بە هۆکاری لاوازیی بەرەی جەنگ لە ئۆکراینا دەزانی و خوازیاری زووتر کۆتاییپێهاتنی لانی کەم لە گەڕی یەکەمی هەڵمەتی سەربازیی “ڕاسانی شێرەکان” (Rising Lion) بوون.
٨- هەوڵدان بۆ دووبارە بنیادنانەوەی توانای مرۆیی، سەربازی، هەواڵگری و لۆجستی و…، لە ناوخۆی ئێران، کە لەوانە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە جەنگی ١٢ ڕۆژەدا بەکار هاتوون، یاخود ئەو تۆڕانە ئاشکرا بوونەوە و ناکرێت چیتر کەڵکیان لێ وەربگیرێت؛ تەنانەت چاودێریی ئەوەی کە ئایا سیستەمی هەواڵگری و ئاسایشیی ئێران، بە شێوازی ئۆپەراسیۆنە ناوخۆیییە هەواڵگرییەکان و ئەندامان و سیستەمی لۆجستییان زانیوە یاخود نا. ئەمەیش بۆ ئەوەی کە شێوازی خۆی بگۆڕێت یاخود لە ئەگەری لەناونەچوون و ئاشکرانەبوونیان، ئیسرائیل لەسەر هەمان ڕێبازی سەربازی و هەواڵگری بەردەوام بێت؛ ئەوە جگە لەوەی کە ئیسرائیل بە هەموو کەرەستە و ئامرازە مرۆیی و تەکنەلۆژییەکانی، دەیەوێت بنکە و ناوەندە سەربازی و ئەتۆمییە نهێنییەکانی ئێران و بەتایبەتی ژمارە و توانا و قەبارەی دامەزراوە مووشەکی و بەرگرییەکانی ئێران دەستنیشان بکات.
دیپلۆماسیی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەپاش “ڕاسانی شێرەکان” (Rising Lion)
هەرچەندە جەنگی ١٢ ڕۆژە، نەبووە هۆی ڕووخانی سیستەمی سیاسیی کۆماری ئيسلامیی ئێران، بەڵام ئاست و قەبارەی زیانە سەربازی و هەواڵگرییەکانی هێرشەکە لەم ماوە کەمەدا، خاڵە لاوازەکانی ئێرانی زیاتر دەرخست. ئەم جەنگە، لاوازیی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و نەبوونی هێزی ئاسمانیی کارا و، کاریگەری و تەنانەت شکستی هەواڵگری و تەکنەلۆژیی دۆکترینی بەرگریی ئێرانی، لە بەرامبەر ئۆپەراسیۆنی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل لەناو خاک و قووڵاییی ئێران و بەسەر ئاسمانی پایتەختی وڵاتەکە بە ناوی “Standing in Tehran” لە چوارچێوەی دۆکترین (doctrine)ی “systemic shock“،  بەرجەستە کردەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەوەیە کە ئەم هێرشە دەری خست کە سەرهەڵنەدانی ناڕەزایەتی یان شۆڕشی جەماوەری لە کات و ساتی لەم شێوەیەدا بەهۆی بەکارهێنانی هەستی نیشتمانی لەنێوان هاووڵاتیان-هەرچەندە بە شێوەی کاتی و ڕواڵەتییش بێت-دەتوانێت تەمەنی بەردەوامی و مانەوەی سیستەمە سیاسییەکە درێژ بکاتەوە. هەر بۆیە ئێران لە ئاستی ناوخۆ و لە ئاستی فەرمیدا گوتاری یەکگرتوویی و هاوبەندیی نیشتمانی و ناسیۆنالیزمی بەرز کردەوە و، و دەزگا ئەمنییەکانیش بەدوای دۆزینەوەی بۆشایییە ئاسایشی و هەواڵگرییەکانن، بەڵام بە ڕێگەی دەستبەسەرکردنی نەیاران و ڕەخنەگران و گومانلێکراوان و دەرکردنی پەنابەران بە تایبەتی ئەفغانستانییەکان و کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی و چاودێریکردن و سانسۆرکردنی هەواڵ و تۆڕەکانی ئینترنێت و پەیوەندیکردن. هەرچەندە ئەمەیش بەو مانایە نییە کە کۆماری ئیسلامی ترسی لە سەرهەڵدانی ناخۆیی نەماوە و مەترسییەکانی ڕەواندۆتەوە، بەڵکوو توانیویەتی لە گوتاری فەرمیدا ئەوە بە شکستی ئەمریکا و ئیسرائیل بناسێنێت کە نەیانتوانیوە خەڵک لە دژی سیستەم دنه‌ بده‌ن و بە گەورەترین سەرکەوتنی وێنا کردووە و، تەنانەت ئەوە بە ئامانجی کۆتاییی ئیسرائیل و ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژاوایی ناساندووە.
هەموو ئەمانەیش وای کردووە لە ئاستی ناوخۆییدا بەهەستیارییه‌كی زیاترەوە ڕەفتار بکات و بەردەوام باس لە یەکڕیزی و یەکگرتوویی و پەیوەندیی دوولایەنەی دەسەڵات و هاووڵاتیان و پووچەڵکردنەوەی پیلانەکان و بەتایبەتی بەستنەوەی مانەوەی ئێران وەکوو دەوڵەت، بە مانەوە و بەردەوامیی سیستەم و حوکمڕانی گرێ بدات. ئەمەیش بۆ ئەوەی ترس و دڵەڕاوکێی نائاسایشیی هەڵوەشانەوەی ئێران لە ئاستی ڕای گشتیی ناوخۆیی و تەنانەت لەنێو ئۆپۆزیسیۆنی دەرەکیی خۆی، وەکوو لێکەوتەی شکستی سەربازی لە هەمبەر ئیسرائیل وێنا بکات. لە لایەکی دیکەیشەوە، بە گۆڕانکارییەکی سنووردار لە ئاستی سیاسی و هێنانەپێشەوەی کەسانێکی میانڕەوتر لە چوارچێوەی سیستەم، وەکوو عەلی لاریجانی بە سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی -کە پەرواێز خرابوو-، هەوڵی هەناردەکردنی پەیامی ناوخۆیی و دەرەکی دەدات.
بە شێوەیەکی گشتی، هەردوو سیاسەتی پاراستنی یەکڕیزیی ناوخۆیی لە ڕێگەی گوتاری ئێرانگەرایی و بەرجەستەکردنەوەی ترسی هەڵوەشانەوەی ئێران وەکوو دەوڵەت بەهۆی گۆڕین یاخود ڕووخانی سیستەم و، لە لایەکی دیکەیشەوە پڕکردنەوەی کەڵێنە ئەمنییەکان بە ڕێگەی دەرکردنی پەنابەر و کۆچبەرە ئەفغانستانییەکان و، هەروەها قۆڵبەستکردنی هەزران کەس لە ئاست و ناوچەی جیاواز، وای کردووە کە خۆی بۆ گەڕی دووەمی هێرشی ئیسرائیل یان گەڕانەوەی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان ئامادە بکات. بۆیە دەتوانین سیاسەتی ئێران لە پاش جەنگی ١٢ ڕۆژە بەم شێوەیە پۆلین بکەین:
١- هەڵمەتی سەربازیی “ڕاسانی شێرەکان” (Rising Lion) لاوازیی سەربازی و هەواڵگری و تەکنەلۆژیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە بەرامبەر ئیسرائیل ئاشکرا کرد، بەڵام بەپێی لێدوانی بەرپرسانی سەربازی و سیاسیی ئێران، ئەوەی کە توانیی هاوسەنگییەکی ڕێژەیی ڕابگرێت و ڕێگە لە شکستی یەکجارەکی و تەنانەت ڕووخانی سیستەم بگڕێت، توانای مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو. هه‌ر بۆیه‌ کۆماری ئیسلامی بە هەموو شێوەیەک ئەم توانایە دەپارێزێت و، ڕازی نابێت کە بخرێتە ناو دانوستانەکانی داهاتوو لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپییەکان. لە لایەکی تریشەوە، پێ دەچێت لاوازیی سیستەم و بوارەکانی دیکەی سەربازی و بەتایبەتی هێزی بەرگریی ئاسمانی، وا بکات کە ئێران بەخێرایی پەرە بە سیستەمە مووشەکییەکه‌ی لە ڕووی قەبارە و کارایییەوە بدات و بە بەهێزترین ئامرازی سەربازیی خۆی بزانێت. تەنانەت  بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێیان وایە-کە پێ دەچێت بەشێکی زۆر لە ڕاستیی تێدا بێت- کە ئەوە توانای هێرشبەرانە و وێرانکارییانەی مووشەکە جۆراوجۆرەکانی ئێران بوو کە بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئیسرائیل شەڕەکە بوەستێنێت و، بە ئاگربەستی دۆناڵ ترەمپ ڕازی بێت. هەروەها پێیان وایە کە ئەو توانایە بووە، کە وای کردووە ترەمپ به‌وریایییه‌وه‌ هێرش بکاتە سەر ئێران و، لە لایەکی دیکەیشەوە هەر ئەو توانایەی ئێران بووە کە وای کرد وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە دژی جەنگ بوەستنەوە و نەچنە ناو بەرەی ئەمریکا و ئیسرائیل و یارمەتییان نەدەن؛ ئەگەر بەنهێنییش حەزیان لە لاوازکردن و لێدانی سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بێت. بۆیە لەمەوبەدواوە ئێرانییەکان نەک تەنیا وەکوو ئامراز و کەرەستە و چەکێکی سەربازی و بەرگری، بەڵکوو وەکوو کاڵایەکی ئاسایشی سەیری توانا مووشەکییەکانیان دەکەن.
٢- لاوازییەکانی ئێران لە ڕووی ئاسمانییەوە و مەترسیی بۆ سەر دامەزراوە سەبازی و سیاسی و هەواڵگرییەکان و تەنانه‌ت توانای مانۆڕی ئیسرائیل لە قووڵاییی خاکی ئێران، بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی کە ئێرانییەکان بە هەموو شێوەیەک و بە هەموو نرخێک بەدوای بەدەستهێنانی چەک و سیستەمێکی بەگریی ئاسمانی و فڕۆکەی پێشکەوتووه‌ بن. ئەمەیش وای کردووە کە چەندان جار و تەنانەت گه‌رمه‌ی جەنگی ١٢ ڕۆژەدا بەرزترین پلەی سەربازی-وەزیری بەرگریی ئێران- سەردانی چین بکات و پاشان بەرپرسانی دیکە سەردانی ڕووسیا و بیلاڕووسیا بکەن بە مەبەستی ڕازیکردنیان بۆ پێدانی سیستەمی بەرگریی مووشەکی و فڕۆکەی پێشەکەوتووی شەڕکەر؛ چونکە ئێرانییەکان بۆیان دەرکەوت کە مەودای جوگرافیی ئێران و ئیسرائیل و، هەروەها پێشکەوتوویی و تەکنەلۆژیا و جۆری فڕۆکەکان و هێزی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل، ڕێگە نادات کە درۆنەکانی ئێرانی کاریگەرییەکی ئەوتۆیان لەسەر جەنگەکە هەبێت. ئەمەیش بەپێچەوانەی لێکدانەوەی سەربازیی ئێرانییەکانه‌وه‌، کە پێشووتر بەهۆی  ئابڵووقە و سزا سەربازییەکانی سەر ئێران، وەبەرهێنانێکی زۆریان لەسەر درۆنەکان کردبوو. لە ئێستایشدا ناڕەزایەتیی ئیسرائیل و تەنانەت وڵاتانی عەرەبی، هەروەها خودی ئەمریکا، رێگە نادات کە چین و ڕووسیا چەکی پێشکەوتووی ئاسمانی بدەنە ئێران، بەتایبەتی ڕووسیا لە جەنگدایە و چینیش نایەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە تێک بچێت. لە کاتێکدا ڕووسیا لە جەنگدایە و چیینش نایەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبیی ناوچەکە تێک بچێت.
٣- هاتنەسەرکاری عەلی لاریجانی وەکوو ئەمنیداری نوێی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و سەردانی بۆ وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەتی بۆ عێراق  و لوبنان و لێداوانەکانی، دەری خست کە ئێران بەقووڵی درکی بەوە کردووە کە ستراتیژی و دۆکترینی بەگریی ئیسرائیل لەپاش ڕووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٣، بە بەرتەسکكردنەوەی زۆنی خۆڵەمێشی لە ڕووی جوگرافییەوە و، هەروەها لاوازکردنی پرۆکسییەکانی، گەورەترین زیانی بۆ پێگەی سەربازی و جیۆسیاسیی ئێران لە ناوچەکەدا هەبووە و تەنانەت وەکوو زنجیرەیەک دەبینێت کە لێدانی ئێران و هەوڵی ڕووخانی سیستەمەكه‌ی بەدوای خۆیدا هێناوە. لە هەموو ئەمانەیش گرنگتر، سیاسەتی دەرەوەی ئێرانییەکان لەپاش هەڵمەتی سەربازیی “ڕاسانی شێرەکان” (Rising Lion)، دەری خست کە بەچڕی و توندی لە هەوڵی زیندووکردنەوەی دۆکترینی ”اتحاد میدان ها” (یەکێتیی گۆڕەپانەکان) و ژیاندنەوە و بووژانەوەی پرۆکسییەکانن وەکوو دارایییەکی بەنرخی سەربازی و ئاسایشی و تەنانەت جیۆسیاسی. هەر بۆیە سەردانەکانی فەرماندەی سوپای قودس بۆ عێراق و ڕێگەگرتن لە تێکەڵکردنەوە یان هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی لە عێراق، ناڕەزایەتی و دژایەتیی چەکدانانی حزبوڵڵای لوبنان و پاشگەزکردنەوەی، بەردەوامیی ئێران لە پێدان و گواستنەوەی چەک بۆ حووسییەکان و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی دەرفەت لە سووریا و تەنانەت هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لەم چوارچێوەیەدا خوێندنەوەی بۆ دەکرێت.
٤- سەردان و گەشت و دانوستان و جووڵە دیپلۆماسییەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئاستی هەرێمایەتی و، هەروەها نێودەوڵەتی، دەری دەخات کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەپێچەوانەی چاوەڕوانی یاخود پێشبینییەکانیان بۆیان دەرکەوتووە کە هیج پشتیوانییەکی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیی نییە و تەنانەت سەڕەرای هەبوونی ڕێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ چین و ڕووسیا-هەرچەندە سەربازی نییە و زیاتر ئابووری و سیاسی و هەواڵگرییە- ئەو وڵاتانەیش بەرژەوەندیی گەورەتریان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل هەیە و، ئێران تەنیا وەکوو ئەکتەرێک لە ناوچەکەدا سەیر دەکەن کە دەتوانرێت ئیمتیازی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی سیاسی و ئابووریی پێ وەربگیرێت.
 هەموو ئەمانە وای کردووە کە زیاتر گرنگی بە دیپلۆماسیی هەرێمایەتی و درواسێیەتی بدەن؛ چونکە ئەم جەنگە ١٢ ڕۆژەیە دەری خست کە بێلایەنیی دەوڵەتانی ناوچەکە و دژایەتییان بۆ هێرش لە دژی ئێران-بەهۆی ترسی ئەو دەوڵەتانە لە کاردانەوەی ئێران و تێوەگلانیان لە جەنگەکە و بەرفراوانبوونی- دەتوانێت یارمەتیدەریان بێت. بۆ نموونە، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە 18ی ئابدا بۆ دوورکەوتنەوە لە په‌راوێزكه‌وتنی ئێران دوای شکستی سەربازی لە جه‌نگی 12 ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا، گەشتێکی بۆ یەریڤان کرد. ئەم گەشتە لە وەڵامی ڕێککەوتنەکەی ٨ی ئابدا بوو کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا ئەنجام درا بۆ کردنەوەی “ڕێڕەوی زەنگزۆر” لە ڕێگەی ئەرمینیاوە، کە ئێران نیگەرانی بڕینی پەیوەندییە وشکانییەکانی لەگەڵ ئەرمینیا و زیادکردنی کاریگەرییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بوو.
٥- بەپێی زۆربەی لێکدانەوە و شیکارە سەربازی و سیاسییەکان، لەپاش هەڵمەتی سەربازیی “ڕاسانی شێرەکان” (Rising Lion)، ئێرانییەکان بۆیان دەرکەوتووە کە تەنیا خاوەندارێتی یاخود توانای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی، دەتوانێت گەرەنتیی مانەوەیان بکات و، هەر ئەمەیش وای کردووە کە ئەم پرسە وەکوو شمشێرێکی دوودەم کار بکات؛ بەم واتایە کە دەستپێڕاگەیشتن بەم توانایە دەبێتە هۆکاری مانەوەیان و دوورخستنەوەی جەنگ و بەرزکردنەوەی تێچووی هێرشی هاوشێوەی هەڵمەتی سەربازیی “ڕاسانی شێرەکان” (Rising Lion) و، هه‌روه‌ها هەوڵدان بۆ دەستخستن و خاوەندارێتیی ئەم چەک و توانایە، دەبێته‌ هۆکاری هێرشی سەربازی و سەپاندنی سزا و ئابڵووقەی ئابووری و دارایی و تەنانەت هەوڵدان بۆ ڕووخانی سیستەم.
هەر بۆیە پێ دەچێت ئێرانییەکان زۆر بەنهێنی بۆ دەستخستنی ئەم توانایە هەنگاو بنێن. بەڵام ئەمە هەمان شمشێرە دوودەمەکەیە کە ئەگەر پرۆسەکە سەرکەوتوو نەبێت،  یاخود ئیسرائیل و ئەمریکا و ئەوروپییەکان هەست بە جددییەت و ئیرادە و هەنگاوەکانی ئێران بەو ئاراستەیە بکەن، دەتوانێت هێرشی دووبارەی سەربازی و جەنگێکی یەکلاکەرەوە بەسەر ئێراندا بسەپێنێت کە لە قەبارە و توانای  سیاسی و سەربازیی ئێران بەدەرە. بەڵام هەموو ئەمانە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە ئێرانییەکان هەستیان بە جددییەتی هەڕەشەکان و بەهای سەربازی و ئاسایشیی چەکی ئەتۆمی بۆ مانەوەی سیستەمەکە کردۆتەوە و، دەیانەوێت تا ئەو جێگەیەی دەکرێت، ئەم هەنگاوە هەم نهێنی بێت و هەمیش پشتیوانیی ڕای گشتیی ناوخۆییی بۆ وەربگرن. هەر ئەمەیش وا دەکات کە ئیسرائیل خۆی بۆ گەڕی دووەمی “ڕاسانی شێرەکان” (Rising Lion)، ئامادە بکات.
کۆبەند
ئەگەر بە کورتترین وشە سیاسەتی ئیسرائیل پێناسە و پۆلین بکەین، دەتوانین بڵێین كه‌ بریتییه‌ له‌ شکاندنی یەکگرتووییی بەرەکانی ئێران یاخود پچڕاندنی پەیوەندیی بەرەکان لە ڕێگەی لێدان و بێتواناکردنی ئەکتەرەکانی لایەنگری ئێران بە مەبەستی نەهێشتنی زۆنی خۆڵەمێشی لە ڕووی جوگرافییەوە، بە مەبەستی شکستی دۆکترینی ئاسایشی هەرێمایەتی و سەربازی-بەرگریی ئێران لە ناوچەکە و گواستنەوەی جەنگی یەکلاکەرەوە بۆ ناوخۆی ئەو وڵاتە. بەڵام ئەم جارە هەم لێدانی سەربازیی ئیسرائیل گەورەتر دەبێت و هەمیش بۆ ئیسرائیل دەرکەوتووە کە بەبێ گۆڕانکاریی سیاسی، ناتوانێت تەنیا بە “ڕاسانی شێرەکان” (Rising Lion)، ئەو ئۆردەر (نەزم)ه‌ هەرێمایەتییە بێنێتە دی.
بۆیە پێ دەچێت هێرشی سەربازیی ئەم جارەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، جگە لەوەی ڕەهەند و ئاستی جۆراوجۆری، دەبێت لە ڕووی قەبارەوه‌ گەورەتر دەبێت، بەڵکوو دەیەوێت لە ڕووی سیاسییەوە قورساییی هەبێت یاخود لێکەوتەکانی سیاسی بن. چونکە بۆی دەرکەوتووە لەناوبردنی توانا سەربازییەکان و، هەروەها کوشتنی فەرماندە سەربازییەکان ناتوانێت ڕەفتار و سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بگۆڕێت یاخود هەڕەشە و مەترسییەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی بسڕێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەیش ئیسرائیل لە گەڕی یەکەم، توانا بەرگرییەکانی ئێرانی لەناو بردووە و پێش ئەوەی کۆماری ئسیلامی توانای بنیادنانەوەی هەبێت، دەیەوێت توانا هێرشبەرییه‌کانی (مووشەکی) لەناو ببات.
لە بەرامبەریشدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران هه‌م بۆی دەرکەوتووە کە ئەگەر ئەم جارە نەتوانێت هێرشی وێرانکەر بکات یاخود دەستپێشخەر بێت، ئەوە ناتوانێت بەرگری بکات و، هه‌میش بەبێ بەرفراوانکردنی مەودا و سنووری جوگرافیی جەنگ و یەکێتیی گۆڕەپانەکان ناتوانێت بەرگری لە خۆی بکات. بۆیە ئەم جارە ئەگەر جەنگ ڕوو بدات، دەیەوێت هەموو هێزە پرۆکسییەکانی -بەتایبەتی حزبوڵڵا و حەشدی شەعبی- بێنە ناو گۆڕەپانی جەنگەکەوە و لە هەموو ئەمانەیش گرنگتر، بۆ مانەوە و بەردەوامیی سیستەمە سیاسییەکه‌ی، ئەگەر بتوانێت و بکرێت، توانای بەرهەمهێنان و خاوەندارێتیی چەکی ئەتۆمی وەدەست بهێنێت. باشترین سیاسەتیش کڕینی کاته‌ بۆ خۆڕێکخستنەوە و بنیادنانەوەی توانا سەربازی و هەواڵگرییەکان و، هه‌روه‌ها درێژکردنەوەی وادەی میکانیزمی snapback و دوورخستنەوەی گەڕانەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان (Trigger Mechanism) بەپێی بڕیاری ٢٢٣١ و لە ڕووی دیپلۆماسییەوە کارکردن لەسەر ناکۆکیی ئەوروپا و ئەمریکا و ئیسرائیل.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP