دواین هەواڵ

تاوڵە و کوردی باشوور

‌به‌هرۆز جه‌عفه‌ر

پێش 1 هەفتە

من خۆم هەر دۆمینە دەزانم (ئەوەش چوار قۆڵی بێت خۆشترە)؛ لە دەرەوەی وڵات و لە ناوەوەش سەدان کاتژمێر سەیری هاوڕێکانم کردوە کە "تاوڵە- Backgammon" دەکەن؛ هەزاران جار ئەو دوو "زار"ەم بینیوە کە هەڵدەدرێ و دەیان جاریش بینیومە دوو شەش هاتوەتەوە.. زار هەڵبدەی و دوو شەش بێت زۆر چاکە زۆر.
کورد لە مێژووی خۆیدا هەزاران شۆڕش و هەڵسانەوەی کردوە؛ سەدان ئەفسانەی گەورەی تۆمارکردوە، دەیان جار هەر لەم پەنجا ساڵەی ڕابردوودا کەشەکە لەبار بوە کە کورد بگات بە ئاکام و ئامانجی خۆی؛ سەربەخۆیی، داپەروەریی، دامودەزگا و خۆشگوزارانی و ئاشتی بەدەستبهێنێت، بەڵام هەر نەهات و نەهات...نەهات!
کورد تاوڵەشی بکردایە ئەم هەمووجارە جارێک هەر دوو شەش دەهاتەوە! بەڵام هەرچی جارە ئێمە پێچەوانەکەی دەبینین! دەبێت "خەلەل"ێک هەر هەبێ: دەبێت پارادایمێکی ڕاستەقینەی دیکە هەر بێتە ئاراوە تا نیشانی بدات کە بۆچی دوو شەش نایات؟! بۆچی چینییەکان سەت ساڵ لە زەلیلیدا ژیان (Humiliation Century) و سبەی یادی ڕزگاربونیانەو (ئێمەش داوەتین)، ئیمڕۆکە چین بوەتە جەمسەرێکی گەورەی جیهان و یەکەمی ئابوریی جیهان؟ بۆچی سەنگافورەییەکان دوورگەیەکی زۆر بچووکن توانیان ببنە نموونە، یابان دوای هیرۆشیما توانی هەڵبسێتەوەو بە تەکنەلۆژیاو داهێنان تۆڵە لە مرۆڤایەتی بکاتەوە؛ بۆچی تاڵیبان دەتوانن بە سالێک حوکمڕانیی سکەی قیتار و ژێرخانی بەهێز بینا بکەن؟ عەرەبێکی بەدەوی لەو بیابانەی کەنداو دەتوانن بایی (١.٢ $) یەک تریلیۆن و دوسەت ملیار دۆلار تەنها لە زیرەکی دەستکرددا وەبەرهێنان بکەن، بۆچی کوردی باشوری کوردستان ئەو هەموو دەرفەتەی لەم سێ دەیەی ڕابردوو هەبوەو ناتوانێت!؟
کەس نەیەژێ لەبەرئەوەی کوردستان کەتۆتە جوگرافیایەکی سەختەوەو جیۆپۆڵەتیک ستەمی لێکردوە؛ نیپاڵ وڵاتێکی فرە کولتووری و فرە نەتەوەییە، دەکەوێتە نێوان بەرزترین و سەخترین چیاکانی جیهان « هیمالایاو ئیڤرێست» بە چین و هیندستان دەوردراوە و بوەتە دەوڵەت؛ نیپاڵ شوێنی ١٢٥ نەتەوەی جیاوازە، کە بە ١٢٣ زمانی دایکی جیاواز قسە دەکەن و جگە لە ئایینی هیندۆسی، ئیسلام و مەسیحی و چەندین ئاینی دیکەشی تیایە!
پۆڵەندا، لە دوای جەنگی سارد یەکێک بوو لە کۆمارەکانی سۆڤییەت کە خەڵکەکەی تووشی سەرگەردانی بوون، کابرایەکی ئاسایی کە ئیشی سەندیکایی دەکرد؛ هاتو بەیاننامەیەکی خوێندەوەو سەربەخۆیی ڕاگەیاندو بوو بە سەرۆکیان و گەلەکەی کۆکردەوە. کۆڵۆمبیا کارگەی ماددەی هۆشبەرو کۆکاین بو، پابلۆ ئیسکۆبار گەورەترین بازرگان و دەوڵەمەندی تاوانباری جیهان بوو، بوو بە سەرۆکی کۆڵۆمبیا لە سەرەتای نەوەتەکان دا، بە «پاشای کۆکاین» ناسرابو، کەچی لەسەردەمی ئەودا (٢٤٠٠) ناوەندی توێژینەوە هەبوون لە کۆڵۆمبیا! ساڵانە پابلۆ ئیسکۆبار بایی (٢٠) ملیار دۆلار کۆکاینی بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکان بە ڕێژەی (٨٠٪) دابین دەکرد، لەگەڵ ئەوەش دا بە باوکی هەژاران ناودەبراو هەژاریی کەم بوو لە وڵاتەکەی! ئێ "مەعقول چی یە" تۆ غاز و نەوتت هەیە، پێگەی کشتوکاڵی بەهێزت هەیە، پاڵپشتی ئەمریکاو فەڕەنسات هەیە؛ بەڵام ناتوانی دوو کارگەو کارخانە بکەیتەوە ئەو گەنجانە لەدەست بێکاریی ڕزگار بکەیت؟



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP