شیکردنەوەیکی هەواڵگریی بۆ سیستەمی هەواڵگریی کۆماری ئیسلامی ئێران : لە باڵادەستی ناوچەییەوە تا جەنگی مانەوە و کەناری هەڕەشەی داڕمان
شیکردنەوەیکی ئەمنی و هەواڵگریی لە سیستەمێکی هەواڵگریی و سیاسیدا، کاتێک کاربگاتە ئەوەی کە سەرکردە و فەرماندە باڵاکان و تەنانەت ڕێبەری باڵا بەسەرکەوتی بکرێتە ئامانج پێویستی بە شیکردنەوەیەکی فرەلایەنە جیا لەوەی کە سیستەمی ئاسمانی، سیستەمی بەرگری و سیستەمی دریاریی داڕماوە و زۆربەی سەرکردە و فەرماندە پڵە یەک و دووەکانی لەدەست داوە، بەڵام ئێمە لێرەدا تەنیا تێشک دەخەێنە سەر سیستەمی هەواڵگریی کۆماری ئیسلامی ئێران
سیستەمی هەواڵگریی و ئەمنی ئێران سەرەڕای بودجەیەکی زۆر و دەسەڵاتە بەرفراوانەکانی لەکاتێک دا کە لەچەند ساڵی ڕابردوو لە لۆتکەی بەهێزی خۆی دابوو، هەژموون و نفوزیکی بەرفراوانی لە تەواوی ناوچەکەدا هەبوو، بەجورێک چالاکی و ئۆپەراسیونی مەزنی هەواڵگریی لە تەواوی ناوچەکە و جیهان ئەنجام ئەدا و زۆربەی پرسە گرنگەکانی یەکلادەکردەوە لە بەرژەوەندی ئێران بۆچی بەو رۆژە گەیشت ؟ کە تەنانەت لە سەرەتاییترین ئەرکەکانی خۆیدا شکەستی هێنا ! ئەمە بە چەند رۆژ و مانگیک دروست نابێت بەڵکو ئەمە کاتێکی زۆرتری دەوێت. کاری زۆری دەوێت لەلایەن دوژمن! بەپێ لێکدانەوە و شیکردنەوەی سیاسی و هەواڵگریی دەتوانێن چەند هۆکاریکی سەرەکی بۆ ئەمە بخەینە ڕوو لەوانە:
-دەست نەگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە تەکنەلۆژیا، ئامێر و چەکی سەردەم. باڵادەستی و بەردەست بوونی نوێترین چەک، فرۆکەی سەردەم و تەکنەلۆژیای سەردەم لە لایەن دوژمنانی کۆماری ئیسلامی.
—ئەم جەنگە بەتەواوی دەری خست کە سیستەمی سەربازیی، ئەمنی و هەواڵگریی ئێران لە سەرەتایی سەدەی ٢١ ی دا بەجی ماوە! ئێتر ئەم جۆرە سیستەمە وەڵام دەرەوە نیە لەبەرامبەر وڵاتانی پێشکەوتووی وەک ئەمریکا و ئیسرائیل! لە دوکتۆرینی سەربازیی و هەواڵگرییدا، ڕێگریکردن تەنها بە مووشەک دروست نابێت، جۆرێک لە ڕێگری هەواڵگریش هەیە کە بە واتای توانای ناسینەوە، لێدان و لەناوبردنی تەحەددی و مەترسییە ئەگەریی و پێش وەختەکان واتە پێش ئەنجام دانی ئۆپەراسیۆن و هێرشەکان دێت.
-کاتێک سیستەمی سیاسی کاریگەری خۆی بە هەزاران کیلۆمەتر لە سنوورەکانی خۆی درێژ دەکاتەوە، هێڵەکانی پەیوەندی و زنجیرەی فەرماندەیی درێژتر دەبن و لە ئەنجامدا بۆشایی و لاوازی گەورەش دروست دەبن.
جوڵەی بەردەوامی فەرماندەکان لە نێوان چەند پایتەختیکی ناوچەکە بۆ نموونە لە تارانەوە بۆ دیمەشق، بەیروت، سەنعا، غەززە و بەغدا چەندین خاڵی پەیوەندی دروست دەکات. هەر خاڵێکی پەیوەندیکردن دەرفەتێکە بۆ دەزگا هەواڵگرییەکان !
-پەیوەندیی و پشتبەستن بە هێزە پرۆکسەکانی لەو وڵاتانە کە خۆیان لە کێشە، قەیرانە ناوخۆ و کاریگەرە بەربڵاوەکان تێوەگلاون . دەیان دەرفەت دەخاتە بەردەم دەزگا هەواڵگرییەکانی دژ بە ئێران بۆ دروست کردنی بۆشایی ، بەدەستهێنانی زانیاری و ڕاکێشانی بریکارە ناوخۆییەکان.
-کەواتە لە جیهانی مۆدێرنی هەواڵگریی کاتێک بەشێک لە تۆڕەکە (بۆ نموونە لە فەلەستین، سوریا و لوبنان) دەخرێتە ژێر مەترسییەوە، داڕما ئەگەر سیستەمەکە دیواریکی پولاینی نەبێت، ئەوا تەواوی تۆڕەکە دەکەوێتە خوارەوە.
-یەکێک لە تەحەددیە هەرە جددییەکان بۆ هەر دەزگایەکی هەواڵگریی، مامەڵەکردنە لەگەڵ دزەکردن لە ناوەوە! یاخۆد دژە هەواڵگریی کاریگەر، کە لە ئێران بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری و سیاسی و ناڕەزایەتی بەردەوام زەمینەیکی زۆر باشی دروست کردبوو، بەپێچەوانەی دەیەکانی یەکەمی شۆڕش کە پاڵنەرەکان بە شێوەیەکی سەرەکی ئایدیۆلۆژی بوون، لەم ساڵانەی دواییدا هۆکارە ئابوورییەکان، ناڕازیبوون، ململانی و ناکۆکی سیاسی وایکردبوو بەشێک لە فەرماندە، سەرکردە و ئەندامە باڵاکانی دامەزراوە سەربازیی، ئەمنی و هەواڵگرییەکان بەرەوڕووی ئۆفەری دارایی دەزگا بیانییەکان ببنەوە.ئەمەش وایکرد کە چەندین بەڵگەنامە و زانیاری ژیانی، کە زۆریک لە پرسەکانیان یەکلادەکردەوە لە دژی ئێران دزەیان پێ بکرێت .
-کاتێک خزمەتگوزارییە بیانییەکان دەتوانن بچنە ناو قوڵای دەسەڵاتەوە، واتا تەواوی پرۆسە و سیستەمی هەواڵگریی ئەو وڵاتە پیس بووە. هەروەها سەلمێنەری ئەوەیە لە ڕاستیدا دزەکردنەکە لە چینەکانی خوارەوە ڕووی نەداوە، بەڵکو لە چینە باڵاکانەوە ڕوویداوە کە بەرپرسیار بوونە لە داڕشتن، بڕیاردان و سەرپەرشتیکردنی سیستەم .بۆیە بینیمان دوژمن نەک هەر خاوەنی زانیاری بوو بەڵکو خاوەنی (کات و شوێن)، کۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر ژینگەی فیزیکی دا هەبوو. کاتێک سەرکردە و فەرماندە پلە یەکەکان لە پارێزراوترین و نهێنی ترین شوێنی وڵات دەکرێنە ئامانج کەواتە دوژمن کۆنترولی پرۆتۆکۆڵی دەوڵەتی کردوە و دەستی بە تەواوی پلانە بەردەوامەکانی دەولەت گەیشتوە.
-بۆیە کاتێک ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییە یەک لە دوای یەکەکانی دوژمن (لە دزینی ئەرشیفی ئەتۆمیەوە بگرە تا تیرۆرکردن لە دڵی پایتەخت) بەبێ وەڵامێکی هەواڵگری هاوتا دەمێننەوە، دەزگای هەواڵگریی دوژمن دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە دیواری بەرگری بەتەواوی داڕماوە. بۆیە لەوکات دا دوژمن ئێتر لەگەڵ سیخوڕی تەقلیدیدا کارناکات، بەڵکو لە ئاستی باڵای ناو دەوڵەت کاردەکات.
-بوونی چەندین دامەزراوەی هەواڵگری جۆراجۆر هەرچەندە بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی یەکتر و پاراستنی ڕژێم و بلاکردنەوەی شۆڕشی ئیسلامی دروست کرابوون، بەڵام بە کردەوە بۆشایی هەواڵگریی گەورەیان دروست کرد.
-کەواتە کاتێک دەست دەگات بە پرۆتۆکۆڵی ڕێبەری باڵا ئەمە چیتر دروست بوونی بۆشایی، شکەستی ئەمنی و هەواڵگریی نییە بەڵکو بەرەو داڕمانی سیستەمی هەواڵگریی هەنگاو دەنێت. لەکاتێکدا سیستەم پێی وایە چاودێری دوژمن دەکات، بەڵام خۆی بووەتە سیستەمیکی شووشەیی بۆ دوژمن.
کاتێک هەموو ئەمانە بەیکەوە دروست دەبن سیستەمەکە نەک شکەستی هێناوە بەڵکو بەرەو داڕوخانێکی سیستماتیک دەڕوات! ئایا سیستەمی هەواڵگریی و سوپاس پاسداران دەتوانن کۆماری ئیسلامی ئێران لەو قۆناغە تێپەربکەن کە لەکەناری داڕمانە .