بە پێی پێدراوەکان و ئەوەی ڕوودەدات تا ئێستا، ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت و دەخوازن ڕژێم بڕوخێنن یان گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی ڕووبدات لەو ڕژێمە، بەڵام جارێ نەبووەتە ئامانجی یەکەمی جەنگەکە. ئەگەر ئامانجی یەکەم بوایە، ئەوا ئامادەکاری بۆ هێرشی زەمینی دەکرا لە لایەن سوپای ئەمریکاوە. هەوڵدان بۆ جوڵانەوەی گروپە چەکدارەکانی ناوخۆ دژ بە ڕژێم لە بری هێرشی زەمینی ئەمریکا، نیشانەی هەبوونی خواست و ویستی ڕووخان و گۆڕانە لە ڕژێم، تاقیکردنەوەی ئەو هەنگاوەیە، نەک ئامانجی ستراتیژ و سەرەکی جەنگەکە. چونکە ئەمریکا و ئیسرائیلیش دەزانن بە بێ هێرشی زەمینی هیچ ڕژێمێک ناڕوخێت، ئەگەر ئامانجی یەکەمی جەنگەکە ئەوە بوایە، ئەوا هێزی زەمینی ئەمریکا ئامادە دەکرا نەک گروپە چەکدارەکانی ناوخۆ. بە کورتی، پێشتر ئەمریکا پێی باش نەبوو ڕژێم بڕوخێت، لەبەر چەندین هۆکار، ئێستا پێی باشە بڕوخێت.
ئامانجی سەرەکی جەنگەکە بریتییە لەوەی هێزی سەربازی ئێران بە ئەندازەیەک لاواز بکەن کە هەموو کات بتوانرێت بە ئاسانی و بێ تێچوون و مەترسییەکی گەورە هێرش بکرێتەوە سەر ئێران لە ئایندەدا، بە تایبەت لە ئەگەری هەوڵدانی ئێران بۆ دەستکردنەوە بە پڕۆژە ئەتۆمی و مووشەکی و بنیاتنانەوەی بەرەی مقاوەمە لەناوچەکەدا. هەر بۆیە تەرکیزی سەرەکی هێرشەکان بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانە، بۆ نموونە تا ڕادەیەکی زۆر سیستەمی بەرگری ئێران، هێزی ئاسمانی و دەریاییەکەی نزیکە لە لەناوچوون، هێزە مووشەکی و درۆنیەکانی زیانی گەورەی بەرکەوتووە و 86%ی هێرشە مووشەکی و درۆنیەکانی کەمی کردووە بە براورد بە ڕۆژی یەکەمی شەڕەکە. بە ئەگەری زۆرەوە، لە کۆتایی جەنگەکە، ئەگەر ڕژێم نەڕوخێت، ئەوا ئێرانێک دەمێنێتەوە کە هەر کات ئیسرائیل و ئەمریکا بیانەوێت هێرش دەکەنەوە سەری بێ ئەوەی کاردانەوەیەکی گەورە و مەترسیدار لە ناوچەکە ڕووبدات، بەتایبەت کە دەرکەوت میلیشیاکانی سەر بە ئێران تەواو لاواز بوونە.
دوور لە میدیا و هاشوهوشەکانی ئیسلامیەکان، ئێران تەنانەت نەیتوانی فشارێکی گەورە لەسەر دەوڵەتانی کەنداویش درووست بکات کە فشار لە ئەمریکا بکەن بۆ راگرتنی جەنگەکە. بەڵکو ئەوانیشی بردە بەرەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران و ڕۆژانە حکومەتەکانی کەنداو بەیاننامە دەردەکەن کە دۆخەکە ئارام و کۆنتڕۆڵە و بە شانازییەوە دەڵێن مووشەک و درۆنی ئێرانی دەخەینە خوارەوە. ئەو ترس و وەهمەی کەنداو پێشتر هەیبوو لە هەڵگیرساندنی جەنگێکی فراوان دژ بە ئێران، زۆرێکی ڕەوییەوە و ئێستا بۆیان دەرکەوت مەترسی و زیانەکان یەکجار وا ترسناک و گەورە نەبوون کە لێی دەترسان و چاوەڕێیان دەکرد. تەنانەت باس لەوە دەکەن ئەگەر هەیە وڵاتانی کەنداو هێرش بکەنە سەر ئێران وەک وەڵامدانەوە بۆ دەستدرێژییەکانی ڕژێم. بۆیە هێرش کردنەوەی دی بۆ سەر ئێران لە ئایندەدا، لە هەموو ڕوویەکەوە ئیتر ئاسانتر و ئاساییتر و مەترسی کەمتر دەبێت، ئەوەش ئامانجی یەکەمی ئیسرائیل بوو.
ئێران نەک تەنیا بەرانبەر بە ئەمریکا و ئیسرائیل، بەڵکو تەنانەت بەرانبەر بە کەنداو و وڵاتانی عەرەبیش شکۆی شکا. بە تایبەت دوای ئەو وەڵام و کاردانەوە لاواز و نا ستراتیژ و نا سەربازییەی کە بۆ کووشتنی خامنەیی پێشانی دا. کەنداو وای دەزانی ئەگەر خامنەیی بکووژرێت، ئێران ناوچەکە دەکاتە دۆزەخ، بەڵام لە ڕاستیدا تەنیا تاران بووە دۆزەخ.
لێرەدا باس لە مەترسی ئێران دەکەم بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل و کەنداو، نەک کورد. بۆ کورد ئەگەر ئێران تەنیا دەمانچە و کڵاشینکۆفی بمێنێتەوە هەر مەترسیدارە.