🔹 گەلی كوردستان لەرۆژهەڵات پێش هەمووان رادەپەڕن، كاتەكە زۆر نزیكبۆتەوە
🔹 سەركردایەتی پارتی و یەكێتیی بەتۆم باراكیان گوت ئێمە متمانەمان بەئەمریكا نییە
🔹 لەدوای كوردستان، بلوجستان و دواتر عەرەبستان رەنگە راپەڕینی لێ دروست ببێت
🔹 پەیوەندییە تلفۆنیەكەی ترەمپ لەگەڵ كورد، لەسەردانەكەی تۆم باراكەوە دروستبوو
🔹 لەتەلەفۆنكردنەكەی ترەمپ دەركەوت، جگە لەكورد هیچ هێزێكی دیكەی چەكدار لەئێران نییە
🔹 لەبەر رۆشنایی گۆڕانكاریی ناوچەكە، پێویستە كورد چاوێكی لەناوچە جێناكۆكەكان بێت
.
✍️ سەرتیپ جەوهەر
پێدەچێت لەماوەی زۆر نزیكدا گۆڕانكاریی گەورە لەسەر زەوی لەخاكی ئێران رووبدات. بەهەندێك ئامادەكارییەوە جموجۆڵی جەماوەریی لە كوردستان و دواتر لەبلوجستان واتە لەرۆژهەڵات و لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە دەستپێبكات. ئەو پەیوەندیكردنانەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەگەڵ سەركردایەتی حزبە سەرەكییەكانی باشورو رۆژهەڵات، جارێكی دیكە ئەو راستییە دووپاتبویەوە هەم ئەمریكا جگە لەكورد هیچ پێكهاتەو گروپێكی چەكداریی لەناوچەكە بەدەستەوە نییە لەسەر زەوی تا شەڕ بكات و هاوكاربێت بۆ ئەجێنداكەی، هەمیش كوردیش بێدەرەتانەو تاكە میللەتە سەدان ساڵە لەژێر چەپۆكی زوڵم وستەمكارییەو هەر دەرفەتێك بێتە پێشەوە لەدەستی نادات، كوردیش گوتەنی "ئاو بردی دەست بەدەسكە پوشیشەوە دەگرێت بۆ رزگاربوون لەخنكان".
بەدڵنیاییەوە بەشداریكردنی كورد لەم گۆڕانكارییە ریسككردنە بەچارەنوسی خۆی نەك لە رۆژهەڵاتی كوردستان، بەڵكو ریسككردنە بەدۆخی باشوری كوردستانیش! چونكە ئەمریكا جێی متمانە نییەو ناجسنە، بەتایبەت ئیدارەی ترەمپ رێز لەهیچ بەهایەكی مرۆیی و چارەنوسی میللەتان ناگرێت، ئیدارەیەكی چەقاوەسووەو بەدوای بەرژەوەندییەكانی ئەمریكادا وێڵە، هیچ بەدوور نازانرێت رۆژێك بێت ئاوها كوردی رۆژهەڵاتی كوردستانیش بەدەردی رۆژئاوای كوردستان ببات كە هێشتا مانگێك بەسەر رووداوەكانی تێنەپەڕیوە.
لەدوایین سەردانیدا بۆ هەولێرو سلێمانیی بەر لە 10 رۆژ، لەكۆبونەوەكانیدا، هەردوولا بەشێك لەو راستیانەیان رووبەروو گەیاندە ئەمریكا. لەو سەردانەدا تۆم باراك داوای هاوكاریی لەكورد كرد، پەیوەندییە تەلەفۆنیەكەی ترەمپ و سەركردایەتی حزبە كوردستانیەكانیش لەوێوە دروستبوو. بەپێی زانیاریی لەو دیدارانەدا كە لەبەشێكی مەزلوم عەبدێ ئامادەی بوو، هەمووان مەترسی بەشداریكردنی هەرێمی كوردستانیان لەم بارودۆخە خستبووە روو.
لەدیدارەكاندا بە تۆم باراك-یان راگەیاندبوو كە هەرێمی كوردستان سەدان كیلۆمەتر سنوری لەگەڵ ئێران هەیە، بۆیە مەترسییەكی گەورەیە بۆ هەرێمێك كە لاوازەو توانای رووبەرووبوونەوەی هێزێكی هەرێمی وەك ئێرانی نییە، بۆیە توانای هیچ هاوكارییەكیان نییە ئەگەر ئەمریكا گرەنتی نەكات. ئەگینا كورد هەمیشە هاوپەیمان و پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ ئەمریكا هەبووە.
بەپێی زانیاریی پێیان راگەیاندبوو هەرێم سیستمی دژە موشەك و فرۆكەی نییە تا بتوانێت بەر لەپەلاماری ئێران بگرێت، هەروەك هەرێمی كوردستان لەرووی داراییەوە زۆر لاوازەو مانگانە چاوەڕێی موچەی بەغدایە بۆیە ئەگەر ئێران لەڕێی بەغداوە موچە لەهەرێم بگرێتەوە ئەوا دیسان گرفتی گەورە دروست دەبێت! هاوكات بەئەمریكایان راگەیاندبوو كە ئەزموونی رۆژئاوای كوردستان ئەوانی زۆر ترساندووە كە هێشتا مانگێك بەسەر رووداوەكانیدا تێنەپەڕیوە، بۆیە ئاسان نییە متمانەكردن. پێشتریش لەدیدارەكەی سەڵاحەدین لەنێوان بارزانیی و تاڵەبانیی بەر لەسەردانی تۆم باراك، هەردوولا رێككەوتبوون لەسەر هەماهەنگیكردن سەبارەت بەهەر ئەگەرو پێشهاتێكی ناوچەكە، بەڵام جگە لەپرسی هەماهەنگیكردن، تائێستا ناوەرۆكی ئەو كۆبونەوەیە نەزانراوە.
ئەوەی زۆر گرنگە سەركردایەتی حزبەكانی كوردستان بەتایبەت پارتی و یەكێتیی كە هێزی پێشمەرگەو ئاسایشیان بەدەستەوەیە، هەوڵبدەن هەرچی زووە كابینەی نوێی دروستبكەن شەرعیەت بگەڕێننەوە بۆ حوكمڕانیی هەرێم. لەبەر رۆشنایی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە پێویستە چاوێكیان لەناوچە جێناكۆكەكان بێت كە بەهۆی ریفراندۆمەوە لە 2017 لەلایەن شیعەو ئێران پەلاماردراو داگیركرا.
ئەوەی پێشبینی دەكرێت، سەرەتای گۆڕانكارییەكانی ئێران لەسەر زەوی، لەرۆژهەڵاتی كوردستانەوە بەمزوانە دەستپێدەكات. چونكە زەمینەی ئامادەبوونی جەماوەریی بۆ راپەڕین و گۆڕانكاریی و رووبەروویوونەوەی رژێمی ئێران هەیە. ئەگەری زۆرە دواتر لەناوچەی بلوجستانیش دەستپێبكات كە دەكەوێتە باشوری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە. دواتر خوزستان یاخود عەرەبستانی ئێران بەهاوكاریی ئەمریكاو وڵاتانی عەرەبی.
خەڵكی شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەچاوەڕوانیی راپەڕینێكی سەرتاسەرین بەپشتیوانیی هێزی پێشمەرگەی رۆژهەڵات و تیمی تایبەت ئەمریكا لەسەر زەوی و لەئاسمانەوە لەماوەیەكی زۆر نزیك.
ئەم هەنگاوەی ئەمریكا لەرۆژهەڵاتی كوردستان بۆ دوو مەبەستی سەرەكییە، یەكەمیان دوورخستنەوەی بنكەو سەكۆ موشەكییەكانە رژێمی تارانە بۆ قوڵایی خاكی ئێران و كەمكردنەوەی مەترسیە بۆسەر ئیسرائیل، دووەمیشیان بەرتەسككردنەوەی سنوری قەڵەمڕەوی رژێمی حوكمڕانی ئێرانە بۆ ناوچە دوورە دەستەكانی سنوری عیراق سەرئەنجام لاوازكردنیەتی بۆ قۆناغی رووخاندن.
بەپێی ئەو نەخشەیەی كە لێرەو لەوێ باس دەكرێت، ئەگەر لەپلانی رۆژهەڵاتی كوردستان سەركەوتووبوون، قۆناغی دووەم، جموجۆڵی سەر زەوی لە بلوجستانەوە دەستپێدەكات و هەوڵدەدرێت رژێمی تاران لەگەروی هورمز دوور بخرێتەوە كە ئێستا ئێران دایخستووەو بۆتە هۆكاری سەرەكیی گرانبوونی نەوت و گازە لەبازاڕەكانی جیهان. هەروەك دوور خستنەوەی هێزی سەربازیی ئێران لەو سنورانە، كاریگەری لەسەر ئاسایشی وڵاتانی كەنداویش دەبێت.
خولاسە، ئەوەی روودەدات دەرفەتێكی نوێی زۆر گرنگە بۆ ناوچەكە بەتایبەتیش كورد، بەڵام لەگەڵ ئەم چانسە، ریسككردنێكی گەورەشە، ئەگەر سەركردایەتی حزبەكانی چ لەباشور یان رۆژهەڵات بەوریایی و گرەنتیەوە مامەڵەی لەگەڵ نەكەن، رەنگە لەباتی دەستكەوت، زیانی گەورەی لێبكرێت. بۆیە پێویستدەكات سەركردایەتی بڕیاردەری كورد بەبێ گرەنتی و بەبێ سازبوونی تەواوەتی، بەمانایەكی دیكە خۆی لەرووبارێك نەدات لەباتی رزگاربوون ئاو بیبات. راستە بەهۆی گۆڕانكارییەكانی دونیاو ناوچەكە ئاسۆیەكی نوێ بۆ رزگاربوون دەركەوتووە، بەڵام پێویستدەكات هەم كورد بۆخۆی یەكگرتوو، یەك گوتارو یەك بڕیار بێت چ لەباشور چ لەرۆژهەڵات، هەمیش رێكارەكانی خۆپارێزیی لەئەمریكا گرەنتی بكات نەك لەباتی رزگاربوون، رووبەرووی مەرگەسات ببێتەوە.
.