روانگەی سوری مافەکانی مرۆڤ دەقی رێککەوتنامەکەی نێوان باندەکەی جۆلانی و ئیسرائیل بڵاوکردەوە.
رێککەوتنەکە لە نێوان ئەسعەد شیبانی وەزیری دەرەوەی جۆلانی و وەزیری کاروباری ستراتیژی ئیسرائیل وە بە ناوبژی ئەمریکا لە پاریس واژۆ کراوە.
ئەگەر رێککەوتنەکە راست بێت، ئەوا جۆلانی دەبێتە پاڵەوانی هەڵوەشاندنەوەی رێسای خاک بەرامبەر بە ئاشتی. رێسایەک کە دەیان ساڵەی پێوەندی نێوان ئیسرائیل و عاڕەبەکانی لەسەر دامەزرا بوو.
هەموو جارێ ئیسرائل بەشێک لە خاکی گەڕاندۆتەوە بۆ ئەو وڵاتە عاڕەبییەی کە رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵدا واژۆ کردووە.
بۆ نموونە، ئیسرائیل لەبەرامبەر رێککەوتنامەی کامپ دێڤد لەگەڵ میسر لە ١٩٧٨دا ناوچەی سینای بۆ میسر گەڕاندەوە و لە رێککەوتنامەی ئۆسلۆ لەگەڵ عەرەفاتدا کەرتی غەزە و کەنارەکانی رۆژاڤا و لە رێککەوتنیشی لەگەڵ ئوردون لە ١٩٩٤دا ناوچەی باکورە لە باکوری ئوردن ئەلغەمر لە باشوری ئەو وڵاتە دایەوە ئوردن.
جۆلانی ئەم رێسایەی هەڵوەشاندەوە.
ئێستا لەبەرامبەر رێککەوتنی ئیسرائیل لەگەڵ سوریا، جۆلانی بەجۆرێک لە جۆرەکان دەسبەرداری هەرسێ پارێزگای سوەیدا و قونەیتەرە و دەرعا بووە.
بەگوێرەی مادەی ٦ی رێککەوتنەکە، جۆلانی ناچار بە چەک داماڵین دەکرێت لەهەردوو پارێزگای قونەیتەرە و دەرعا و تەنها هەندێک لیژنەی ئەمنی خۆجێی ئاساییشی دوو پارێزگاکە دەگرنە بەر.
ئەمەش تا رادەیەکی زۆر بەو مانایە دێت کە بەرامبەر ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل، جۆلانی دەسبەرداری سەروەری سوریا دەبێت لەو دوو پارێزگایە.
تەنازولی جۆلانی لە سوەیدا بەرامبەر ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل زۆر لەوەی دەرعا و قونەیترە گەورەترە.
بەگوێرەی بەدنی ٢ی رێککەوتنەکەی جۆلانی- ئیسرائیل، باندەکانی جۆلانی و چەکدارە خێڵەکییەکان لەتەواوی شار و ناوچە درووزییەکانی سوەیدا دەکشێتەوە. لەبەندی ٧یشدا تەنانەت مافی ناردنی رێکخراوە خێرخوازییەکانیش بۆ سوەیدا لە جۆلانی دەستێنێتەوە.
لە بەندی ٤دا ئەنجومەنە خۆجێیەکانی دروزەکان ئیدارە و حکومەتی خۆجێیی پێک دێنن و بەندی ٣ و ٥-یش ئاساییشی ناوچەکە بە هێزە درووزییەکان دەسپێرێت.
لەهەمووشی گرنگتر، مەلەفی سوەیدا بە ئەمریکا دەسپێردرێت و ئەو رۆڵی حکومەتی سوریا دەگێڕێت لە جێبەجێکردنی هەموو ئەو بەندانەی سەرەوە (بەندی ١) وە ئەمریکا سەرپەرشتی لێکۆڵینەوە لە پێشێلکاری و تاوانەکانی باندەکانی جۆلانی لە سوەیدا دەکات.
بەگوێرەی ئەم رێککەوتنە، سوەیدا نەک هەر فیدراڵی بەدەست دێنێت، بەڵکو دەبێتە هەرێمێکی کۆنفیدڕاڵی.
پێش هێرشی باندەکانی جۆلانی و تاوانەکانیان لە سوەیدا، دروزەکان ئەم دەسکەوتانەیان نە لەبەرنامەدا هەبوو وە نە لە خەیاڵدا.
جگە لەوە، بەرزاییەکانی جۆلان و ئەو ناوچە تازانەی پارێزگای قوەنەیتەرەش کە ئیسرائیل لەدوای هاتنی جۆلانی داگیری کردووە و بە ٤٠٠ کیلۆمەتر دوجای ناوچەیەکی هەستیار دەخەمڵێنرێت، ئاماژەی پێنەدراوە، کە ئەمەش بەواتای دانپێدانانی زمنییە بە سەروەری ئیسرائیل بەسەر ئەو ناوچەیەدا.
تۆم باراک، سەفیرەکەی ترەمپ لە تورکیا لەم رۆژانەدا گۆتی کێشەمان ئەوەیە ئەگەر دەسەڵاتەکەی جۆلانی بڕوخێت، کەسێک نییە جێگای جۆلانی بگرێتەوە.
هەر بەڕاستیش لە گوێڕایەڵی و تەنازول بۆ ئیسرائیل جۆلانی بێ بەدیلە و یەکەمی بێ رکابەرە.