دواین هەواڵ

دەسەڵات و دەوڵەتی ئیلکترۆنی

‌فەرەیدوون پەروازە

2 کاتژمێر پێش ئێستا

 
یەکێ لە تایبەتمەندییەکانی پێکهاتە و شکڵی دەوڵەتی مۆدێرن بە ئیلکترۆنیکی یا دیجیتاڵکردنی هەموو ئۆرگان و دەزگا دەوڵەتییەکانە. وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان لە مێژە ئاورییان لەو بابەتە داوەتەوە و بەرێوەبەرێتی و هەڵسوورانی کارووبارە دەوڵەتییەکانیان سپاردووە بە سیستم و ژیریی دەسکرد. سەرەرای ئەوەیکە بە دیجیتاڵیکردنی بەدەنەی دەوڵەت هندێک کەمایەسی، مەترسی و بێکارکردنی هێزی کاری مرۆڤەکان و ،،،تاد بەدواوەیە بەڵام لە دنیای ئیمرۆدا پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە و هەموو لایەک دەبێ بە شێوازی جیدی و بەپەلە ئاوری لێبداتەوە و خۆی تێکەڵ بەو کاروانە بکات. لە سیستمی نوێ و دیجیتاڵییدا رۆڵ و دەوری تاکەکەس کەم یا بەرتەسک دەبێتەوە و یاسا و بەرنامەی گونجێندراو لە سیستمدا بە شێوازی ئۆنلاین و زیندوو، وڵامدەری نیاز و پێویستییەکانی بەردەنگ و جەماوەرە. دەوڵەتی دیجیتاڵی لە باری ئابوورییەوە بۆ کۆمەڵگا و ژینگەش بەکەڵکە و خەڵکی لە جیاتی ئەوەیکە لە ترافیکی شەقامەکان و سەفی دوور و درێژدا تێچووی مانگانەی پسۆڵەی کارەبا، گاز یا ئاو بدەنە بانک بە موبایل لە ماڵەوە و تەنانەت لە رۆژانی پشوو یا شەودا کارەکە جێبەجێ دەکات. هەر لە رێگای ئینترنێتەوە تاکەکان پەیوەستن بە دەزگاکانی داد، خوێندنگاکان، فرۆشگاکان و تەنانەت دنیای دەرەوە. بێکاربوونی یا دابەزینی کاتی کاری بەکەڵکی(کار مفید ) تاکەکان، یەکێ کێشەکانی دنیای دیجیتاڵی و رۆبۆتیکە کە دەوڵەتان دەبێت بۆ پڕ کردنەوەی ئەو بۆشاییە رێگاچارەیەک بدۆزنەوە. پێشکەوتنی بە پەلەی تیکنۆلۆژیا و ئوتۆماسیۆن کردنی هەموو رەهەندەکانی بەرێوەبەری بۆ هندێک کۆمەڵگای کراوە و دیموکراتیک بووە بە مایەی خێر و خۆشی و بۆ هندێک کۆمەڵگای نادیموکراتیک و لە حاڵی گەشەدا، ملکەچ بوون و لە ژێرچاوەدێری بوونی خەڵکی لێکەوتۆتەوە.
بەرتەسککردنەوەی ئازادییە تاک و بە کۆمەڵەکەکان، دابەزینی رێژەی زاوزێ بۆ ژێر سفر لە سەد(تەنانەت لە وڵاتی چین )، هەڵ لووشینی سەرچاوە خاوەکانی کۆمەڵگا دواکەوتووەکان لە لایەن کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانەوە،  بۆشایی چینایەتی، سەرهەڵدانی خەمۆکی و نەخۆشینە دەروونییەکان، کۆچ و کۆچبەری، جەنگ و تاد،،، هەر هەمووی بەرهەمی دنیای پیشەسازییە کە بە هۆی ئیلکتیرۆنیک بوونەوەی دەوڵەت و دامودەزگا بەرێوەبەرییەکان، رەوت و رێژەی ئەو دیاردانەی سەرەوە خێراتر و گشتگیرتر بۆتەوە. دەسەڵاتە داخراو و ئایدۆلۆژیکەکان بە شێوەی نیوە ئوتۆماسیۆن کاروباری وڵات بەرێوە دەبەن و لە هەر شوێن و کاتێکدا یا لە هەر جمگە و بەرێوەبەرییەکی هەستیاری بەدەنەی دەوڵەتدا بە قازانج یا زەرەریان بێت دەستێوەردان دەکەن. کاتێک دەسەڵاتی سیاسی بکەوێتە دۆخێکی هەستیارەوە، بە فیلتەرکەردنی سایت و تۆرە کۆمەڵایەتییەکان، پچران یا بەرتەسکردنەوەی ئینترنێت دۆخەکە کونترۆڵ دەکەن یا ئەوەیکە  لە مامەڵە یا کۆنڤانسیۆنە جیهانییەکانی وەک FATF و ،،، بە پێچکردنەوە ولۆکاڵیکردنی مامەڵە و پێوەندییەکان دەوری یاساکان ئەدەنەوە. 
بە دیجیتاڵی بوونی دەوڵەت لە دژی دیکتاتۆرەکان و بەرژەوەندی دیمۆکراسییە، چوونکا بە شەفافبوونی هەموو چالاکییەکان، دەستێوەردانە تاکەکەسی و مەیلییەکان کەم یا بنەبڕ دەبێتەوە. 
دیمۆکراسی ئیلکترۆنیکی زاراوەیەکە پێوەندی بە ئۆتۆماسیۆن یا دنیای دیجیتاڵییەوە هەیە و بە هۆی خێرایی و راستەوخۆبوونی پێوەندیی تاکەکانی کۆمەڵگا لە گەل دامودەزگا دەوڵەتییەکان، میدیاکان و ناوەندە نێونەتەوەییەکانەوە، ئاستەنگی بۆ دیمۆکراسی نەریتی درووست کردووە. 
کۆتاباس ئەوەیە کە لەو چاخەدا بۆ ئێمەی کورد باشترین هەل و دەرفەتی زێرین هەڵکەوتوو و هەم دوو دەسەڵاتی دووفاکتۆ لە باشوور و رۆژئاوا و هەم بەشەکانیتری کوردستان دەتوانن بە باشترین شێواز بە قازانجی رەوت و خەبات، کەڵک لە دنیای ئیلکترۆنیک وەربگرن. ئەلیت و رۆشنبیری کورد بە دەرکەوتن و نواندنی هونەر و زانستی خۆیان، دەتوانن پێشرەو و پێشەنگایەتی بزاوی نەتەوەسازی و دەوڵەتسازی وەئەستۆ بگرن و تێچۆەکانی ئەو رێگایە بۆ کەمترین ئاست دابەزێنن.بە راستی هەر نەتەوەیەک کەمتر لە گەل دنیای نوێ و بەپەلەدا بگونجێنێ مەترسی لەناوچوون و سرانەوەی زیاترە هەر بۆیە دوو نیمچە دەسەڵاتی کوردی دەبێ هەوڵ بدەن نەک هەموو هەڵسووکەوتێکی ئیستە بەڵکوو پاشخانە مێژووییەکانیش دیجیتاڵی ئارشیڤ بکەنەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP