دواین هەواڵ

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو گۆڕانکاریەکی گەورە

‌جەبار عەبدوڵا

16/06/2025

دوای چەندین ساڵ لەململانێ و هەڕەشەکردن لەیەکتری دواجار جەنگ ڕویدا لەنێوان ئێران و ئیسرائیل، ئەم جەنگە پێی خستۆتە ڕۆژی چوارەم دەکرێ بەردەوامیش بێت تاکو یەکێکیان جەنگەکە دەباتەوە، زۆربەی پێشبینیەکان دەڵێن براوەی ئەو جەنگە ئیسرائیل دەبێت و ئێران دووچاری روخان دەبێت سیستەمێکی نوێی حوکمڕانی لەو وڵاتە بنیات دەنرێت، بەڵام ئەو پێشبینیە لەسەر ئەوە کراوە کەئێران لەقەیرانێکی ئابوری قۆڵ دایە بۆیە ناتوانێت درێژە بەو جەنگە بدات، پێش ڕودانی ئەو جەنگە ئیسرائیل و ئێران لەدەرەوەی سنوری وڵاتەکەی خۆیان خەریکی شەڕێکی خوێناوی بوون لەسەر حسابی وڵاتانی دراوسێ،

ئێران هەموو هەوڵەکانی بۆ ئەوە بوو جەنگ پێ نەخاتە خاکی وڵاتەکەی بۆیە وڵاتەکانی وەکو یەمەن و لوبنان و سوریاو عیراقی کردە شوێنی ململانێی لەگەڵ ئیسرائیل بەڵام ئەو پلانە شکستی خواردو شەڕو ململانێ کەوتە نێو خاکی ئێران، زیانەکانی جەنگ زیاتر بەلای دەوڵەتی ئێران دەشکێتەوە کەزیانەکانی لەگەڵ گیان لەدەستدانی کاربەدەستان و هاوڵاتیانی مەدەنی زۆر زیاترە بەبەراورد بەزیانەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل. لەلایەکی تر ئەگەری سەرکەوتنی ئیسرائیل بەندە بەیارمەتی دارایی و ڕۆڵی بەرگریکردنی ئەمریکا لەو وڵاتە کە لەئاسمانی عیراقەوە توانیویەتی شکست بەموشەکە ئێرانیەکان بگەیێنێت پێش ئەوەی بگەن بەئیسرائیل، پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل لەلایەن بەریتانیاو فەڕنسا هێزێکی تر بەدەوڵەتی ئیسرائیل دەدات بۆ بەردەوام بوون و سەرکەوتن لەو جەنگەدا،

پێش دەستپێ کردنی جەنگ دانوستان لەنێوان ئەمریکاو ئیران بوونی هەبوو بەڵام ئەم دانوستانانە خافڵاندنی ئێران بوو بۆئەوەی مەیلی بەلای شەڕدا نەچێت و لەحاڵی جەنگدا ئامادەیی پێوە دیارنەبێت، لەئەگەری سەرکەوتنی ئیسرائیل ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو گۆڕانکاریێکی گەورە دەچێت و نەخشەیەکی نوێ لەو ناوچەیە دروست دەکرێت ئەگەری زۆریش هەیە کوردستانی گەورە لەو نەخشەی ئیسرائیل و ئەمریکا بوونی هەبێت و دەوڵەتێک بۆ کورد دروست بکەن کەسنوری کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشورو ڕۆژئاوا لەخۆی بگرێت بەحوکمی ئەو دۆستایەتیەی نێوان گەلی کورد و دەوڵەتی ئیسرائیل لەناوچەکەدا، بەمەش ئەمریکاو ئیسرائیل زیاتر دەتوانن دەستێوەردان بکەن و هەڕەشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەخۆیان دووربخەنەوە، ئامانجی گەورەی ئیسرائیل نەمانی ئەو سیاسەتە دیکتاتۆریەی ئێرانە کەبۆتە مەترسی بۆسەر تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڕەشەیە بۆسەر وڵاتانی ناوچەکە، لەحاڵی مانەوەی ئێران بەو سیاسەتەوە ناوچەکە ئاڵۆزی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و پڕۆژەی هیلالی شیعی زیندوو دەبێتەوە کەماوەیەکی زۆرە ئێران هەوڵی بۆ دەدات و دەیەوێت بەرەیەک دروست بکات لەدژی ئیسرائیل،

لەکۆتایی پێویستە کورد خۆی لەو جەنگە بەدوور بگرێت و یەکڕیزو یەکهەڵوێستبن یەک خیتابی سیاسیان هەبێت ئەو کات لەئەگەری شکست و سەرکەوتنی ئێران کورد لەناوچەکەدا پارێزراو دەبێت

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP