دواین هەواڵ

دوو بابەت سەبارەت بە نەناردنی موچەی هەرێم

‌مەیسەم مورادی

29/05/2025

لەم دوو ڕۆژەدا زۆر بابەت باسکرا سەبارەت بەوەی کە بۆچی تەیف سامی بڕیاری نەناردنی موچەی هەرێمی داوە، بەڵام دوو بابەتی دیکە هەیە کە دەمەوێت ئاماژە پێیان بدەم.

یەکەم، ئیرادەی دەوڵەتی عێراق:

باوەڕم وایە هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەست بە ئێران و فشاری سیاسی بەغدا بۆ هەرێم، لە ڕێگەی “ئیرادەیەکی عێراقییەوە” سەرچاوە دەگرێت. ئەم ئیرادەیە لە ١٦ی ئۆکتۆبەر بە دەبابە و چەکی قورس هێرشی کرد، بەڵام لە ئێستادا ناتوانێت ئەو کارە دووبارە بکاتەوە. ئەمە بە واتای ئەوە نییە کە بەغدا ئەو ئیرادەیە نەماوە. مەبەستم لە ئیرادە ئەوەیە: ئەگەر بەغدا باوەڕی بە چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکان لەگەڵ هەرێم بوایە، تەنانەت ئەگەر ئێرانیش فشاری بهێنابایە، ئەوان دەیانتوانی خۆڕاگری بکەن و نەچنە پیری داواکارییەکانی ئێرانەوە.
کەواتە ئیرادەیەک لە بەغدا هەیە بۆ لاوازکردنی هەرێم. هاوکات کە دەوڵەتانێک وەک ئێران و تورکیا پاڵپشتی ئەو ئیرادەیەی بەغدا دەکەن، بەغدا ڕژدتر دەبێت لەسەر جێبەجێکردنی ئەو ئیرادەی خۆیە.

دووەم، داهاتووی دەوڵەتی عێراق:

بابەتێکی دیکەی گرنگ، پرسی داهاتووی دەوڵەتی عێراقە. عێراق بەرەو ئاراستەی دەوڵەتی داڕماو هەنگاو هەڵدەنێت. لەم ئاراستەیەدا دامەزراوە و بڕیاری سیاسی عێراق بەدەست سیاسەتمەدارەوە نەماوە، بەڵکو کەسانی پشتی پەردە و گرووپە ملیشیاکانن کە بڕیار دەدەن. لە دۆخێکی لەمشێوەدا، گرووپە ملیشیاکانی عێراق هەوڵ دەدەن زیاترین قازانج بە خۆیان بگەیێنن. یەکێک لەو ڕێگایانە دەستبردن بۆ پارە و موچەی خەڵکی کوردستانە.

بڕیاری تەیف سامی، بڕیاری یەک کەس نییە. ئەمە بڕیاری کەسانێکە لە عێراق کە داهاتووی عێراق بەرەو هەڵدێر دەبەن. لە ئێستادا ئەم بڕیارە عەرەبی-کوردییە، واتە عەرەب لەدژی کورد ئەم بڕیارە دەدات، بەڵام لە داهاتوودا ئەمجۆرە بڕیارانە دەبێتە بڕیاری عەرەبی-عەرەبی.
چەندە ئەم بڕیارە لە ئێستادا بە زیانی کوردە، لە داهاتوودا بەرۆکی عێراقییەکانیش دەگرێتەوە و دەبێتە کێشەی ناوخۆیی عێراقیش. واتە لە داهاتوودا لایەنکانی عێراق دەپرژێنە سەر یەکتر.

ڕەنگە لە ئێستادا هاودەنگییەک لەنێوان عەرەبی سوننە و شیعە هەبێت بۆ فشار دروستکردن بۆ سەر کورد-واتە کورد خاڵی هاوبەشی عەرەبە بۆ دژایەتی. بەڵام ئەم خاڵە هاوبەشە (کورد)، لە داهاتوودا جێگەی خۆی دەگۆڕێت بۆ عەرەب-عەرەب.

چارەسەرکردنی پرسی موچەی هەرێم، لە دۆخی عێراقێکی داڕماو کە بەرەو هەڵدێر و بگرە شەڕی ناوخۆ هەنگاو هەڵدەنێت، زۆر ئەستەمە. دەبێت حکومەتی هەرێم لە ڕوانگەیەکی واقیعگەرایانەوە پرسی موچە چارەسەر بکات، لەبەر ئەوەی کە لە عێراق یاسا سەروەر نییە، هەرجۆرە چارەسەرکردنێکی پرسی موچە لە بەغدا، کاتییە. واتە لە کاتێکی دیکەدا ئەم کارتە لە لایەن بەغداوە بەکار دێتەوە، بۆیە تاکە ڕێگەی چارەسەری ئەم کێشەیە، ئەوەیە کە کورد ئەم کارتە لەدەست بەغدا دەربێنێت. سووتاندنی کارتی موچە، تاکە ڕێگەیە، لەبەر ئەوەی کە قەت پرسی موچەی خەڵکی کوردستان، لە بەغدا چارەسەر ناکرێت. ئەم چارەسەرکردنە ئەوەند قورساییەکەی لە دەرەوەی بەغدایە، ئەوەندەی لە بەغدا نییە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP