جارێک مامۆستایەکم لە زانکۆ وتی پێمان: دەزانن بۆچی قەت لە ئەمریکا کودەتا ڕوونادات؟ کەس وەڵامەکەی نەزانی. خۆی وەڵامی دایەوە وتی: لەبەر ئەوەیکە هیچ باڵوێزخانە و کونسوڵخانەیەکی ئەمریکا لە ئەمریکا بوونی نییە. مامۆستاکەمان بە گاڵتەوە دەیویست پێمان بڵێت: بوونی سیاسی ئەمریکا لە وڵاتێکدا، بەواتای ئەوەیە کە ئەمریکا لەو پێگە سیاسییەی خۆیدا، دەزگای هەواڵگری جێگر دەکات. کەواتە ئەم کونسوڵخانەیەی ئەمریکا لە هەولێر، بەتەنیا کونسوڵخانەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو پێگەیەکە کە ئەمریکا لەوەێوە ئاراستەی سیاسەتی ئاسایشی خۆی لە ناوچەکە دەکات.
ئەمڕۆ ئەمریکا گەورەترین کونسوڵخانەی خۆی لە جیهان، لە هەولێر دەکاتەوە. ڕووبەری کونسوڵخانەکەی ئەمریکا، هەڵگری پەیامی زۆرن بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە. کاتێک ئەمریکا مانەوەی خۆی لە پێگەی سەربازیی "العدید" بۆ ۱٠ ساڵی دیکە نوێکردەوە، پەیامەکە ڕوون بوو کە ئەمریکا دەیەوێت گەورەترین پێگەی سەربازیی خۆی لە ناوچەکە بپارێزێت. مانەوەی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە، پێویستی بەوە هەبوو کە ئەمریکا پێگەیەکی ستراتیژی سیاسی/ئاسایشی لە ناوچەکەدا هەبێت. مادام کە ئێستا ئەمریکا گەورەترین پێگەی سیاسی خۆی لە هەولێر دەکاتەوە، واتە ئەمریکا دەیەوێت پێمان بڵێت: لەگەڵتانا مامەڵە دەکەم، مامەڵەیەک کە دەتوانێت ببێتە هۆی وەرچەرخانی مێژوویی لە پێگەی کوردا لە هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا. لە پێگەی سەربازیی "العدید"ـەوە بۆ پێگەی سیاسی-ئاسایشی هەولێر، هێڵێکی ڕاستەوخۆ هەیە. ئەم پێوەندییە دەتوانێت هەولێر بکاتە پێگەیەک بۆ ئەمریکا کە لە داهاتوودا لەوێوە هەنگاوی ئاسایشی خۆی بۆ هەموو ناوچەکە هەڵبگرێت.
بوونی بەهێزی ئامریکا لە هەر وڵاتێکدا، لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی سەقامگیری ئەو وڵاتە. ئەمەیە کە دەتوانین بڵێن هاتنەوەی بەهێزی ئەمریکا بۆ کوردستان، واتە پارێزراوتربوونی کوردستان.
خاڵێکی گرنگی هەڵبژاردنی هەولێر بۆ کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکا لە ناوچەکە، پێوەندیی بە پێگەی جیۆ-ستراتیژی هەولێرەوە هەیە لە ناوچەکە، کە ئەمریکا دەتوانێت بەئاسانی لەوێوە دەستی بە زۆر وڵاتی ناوچەکە بگات.
هاوکات ئەم پێگە بەهێزەی ئەمریکا لە هەولێر، دەتوانێت لە داهاتوودا ببێتە پردێکی پەڕینەوەی کورد لەو بەشەکانی دیکەی کوردستانیش.