دواین هەواڵ

سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا: هەنگاوێکی ستراتیژی بەرەو سەقامگیری و گەشەپێدانی هەمەلایەنە

‌فرسەت سەید شوكر

8 کاتژمێر پێش ئێستا


پێشەکی 

لە کاتێکی هەستیار و پڕ لە گۆڕانکاری سیاسی لە عێراق و ناوچەکەدا، سەردانی
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، وەکو وەرچەرخانێکی ستراتیژیی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تەماشا دەکرێت. ئەم سەردانە کە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی هەرێمی کوردستاندایە بۆ چارەسەرکردنی کێشە
هەڵپەسێردراوەکان، پەیامێکی ڕوونی تێدایە: هەرێمی کوردستان وەک
هەمیشە دەروازەیەکە بۆ ئارامی و سەقامگیری و دەیەوێت لە ڕێگەی دیالۆگی
نیشتمانییەوە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و هەموو عێراقییەکان
بپارێزێت.

پەیوەندییەکان وەک بنەمایەک بۆ سەقامگیری هەر کاتێک عێراق ڕووبەڕووی قەیرانێکی
سیاسی یان ئەمنی بووبێتەوە، هەرێمی کوردستان وەک جێگرەوەیەکی ئارام و
پەناگەیەک بۆ گفتوگۆ دەرکەوتووە. مەسرور بارزانی لەم سەردانەدا جەختی لەوە
کردەوە کە باشترکردنی پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکان لەگەڵ هەموو لایەنە
عێراقییەکان، کلیلی چارەسەری هەموو گرفتەکانە. ئەم هەوڵە نیشانەی باوەڕبوونی
سەرۆکی حکومەتە بەوەی کە تەنها لە ڕێگەی لێکتێگەیشتن و گفتوگۆی ڕاستەوخۆ دەکرێت
بەربەستەکان بشکێنرێن و لاپەڕەیەکی نوێ لە هاوکاری هاوبەش هەڵبدرێتەوە.

لە سەرووی هەموو شتێکەوە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی سەردانەکە، پرسی بودجە، مووچەی فەرمانبەران و دۆسیەی نەوت و وزە بوو. مەسرور بارزانی بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە کە نابێت مووچە و شایستە
داراییەکانی خەڵکی کوردستان تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان بکرێن. حکومەتی
هەرێم هەوڵ دەدات چارەسەرێکی ڕیشەیی و بنەڕەتی بۆ کێشەی بودجە بدۆزێتەوە تاوەکو
چیتر هاووڵاتییان نەبنە قوربانی دواکەوتنی شایستە داراییەکانیان. پاراستنی مافی
هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، بە تایبەتی ئەوانەی قوربانییان بۆ ئەم نیشتمانە
داوە، لە ئەولەویەتی کارەکانی ئەم سەردانەدایە.

هەماهەنگی ئەمنی و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان لە ڕووی ئەمنییەوە، هەرێمی
کوردستان هەمیشە سەلماندوویەتی کە قەڵایەکی بەهێزە لە بەرامبەر تیرۆر و
توندڕەوی. مەسرور بارزانی لە بەغدا باسی لە گرنگی هەماهەنگی زیاتری نێوان
هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق کرد بۆ پاراستنی سنوورەکان و ڕێگریکردن لە
هەر مەترسییەک کە ئاسایشی ناوچەکە تێکبدات. ئەم جۆرە لە هەماهەنگی نەک تەنها بۆ هەرێم، بەڵکو بۆ هەموو عێراق و ناوچەکەش زەروورییەتێکی مێژووییە.

گواستنەوەی ئەزموونی سەرکەوتووی هەرێم بۆ بەغدا خاڵێکە گرنگە گەر بە وردی کاری لەسەر بکرێت، بۆ نموونە حکومەتی فیدراڵ دەتوانێت سوود لە لە ئەزموونی سەرکەوتووی هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی ئاوەدانکردنەوە و
خزمەتگوزاری. بۆ نموونە، پرۆژەکانی کارەبای ٢٤ کاتژمێری و گەشەپێدانی
ژێرخانی ئابووری لە هەرێم دەتوانن ببنە مۆدێلێکی سەرکەوتوو بۆ شارەکانی تری
عێراق. 
کاتێک عێراق دەتوانێت سوود لە ئەزموونی هەرێم وەربگرێت، ئەمە دەبێتە
هۆی ئەوەی کە هەموو وڵات پێکەوە بەرەو پێش بچێت. هەرێمێکی بەهێز بە مانای
عێراقێکی بەهێز دێت، و پێویستە بەغدا بەم دیدگایەوە تەماشای پێگەی هەرێمی
کوردستان بکات.

مەسرور بارزانی دەیەوێت هەرێمی کوردستان تەنها وەک بەشێکی چاودێر نەبێت، بەڵکو کارەکتەرێکی سەرەکی بێت لە داڕشتنی نەخشەی وزە و ئابووری جیهانی. کاتێک هەرێمی کوردستان پێگەی خۆی لە نەخشە وزەی نێودەوڵەتیدا
بەهێز دەکات، ئەمە سوودەکەی بۆ هەموو عێراقییەکانە. ئەم دیدگا ستراتیژییە پێویستی
بەوەیە کە بەغدا و هەولێر وەک دوو هاوبەشی ڕاستەقینە کار بکەن، نەک وەک دوو
لایەنی ناکۆک.
 
ئەم سەردانەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا پەیامی ئاشتی، پێکەوەژیان و کارکردنی هاوبەشە. سەرۆکی حکومەت نیشانیدا کە کوردستان دەیەوێت بەشێک بێت لە چارەسەر، نەک کێشە. بە ئیرادەیەکی بەهێز و دیدگایەکی
ڕوونەوە، دەکرێت ئەم سەردانە ببێتە بنەمایەک بۆ قۆناغێکی نوێ کە تێیدا
سەقامگیری سیاسی و گەشەی ئابووری ببێتە سیمای سەرەکی عێراق و هەرێمی
کوردستان. هیوای هەمووان ئەوەیە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەغدا بە هەمان
ڕۆحییەتەوە وەڵامی ئەم دەستپێشخەرییە بدەنەوە تاوەکو داهاتوویەکی باشتر مسۆگەر بکات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP