لەمێژە باسی ئەوەم کردووە کە لە سووریا دەوڵەت دروست ناکرێت، هۆکار زۆرن، بەڵام یەکێک لەو بابەتە سەرەکییانە، ئەوەیە کە هەموو ئەو گرووپانەی ناو سووریا، بە کوردیشەوە، ئەکتەری نا-دەوڵەتیین، هەموو ئەم ئەکتەرە نا-دەوڵەتییانە لە لایەن ئەکتەرە دەوڵەتییەکان لە سیستمی نێودەوڵەتییدا ئاراستە دەکرێن، هاوکات لە ئاراستەکردنیاندا بەریەک دەکەون.
کورد لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، ئیمارات، عەرەبستان، فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە یەک بەرەدان. دروزییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، ئۆردۆن، ئەمریکا لە یەک بەرەدان. جبەالنسرە و تەحریرالشام لەگەڵ تورکیا و قەتەر لە یەک بەرەدان. بەشێک لە خەڵکی لازقیە و تەرتوس هەوڵ دەدەن لە ئیسرائیل نزیک ببنەوە، بەشێکی دیکەیان دەیانەوێت لەگەڵ ئێران هاوکاری بکەن. لە خوارترەوە لە نزیک بوکەمال، دێرەزوور و تەنەف چەند بەرەی دیکە بوونیان هەیە، کە بەشێکیان لە ئەمریکا و ئیسرائیل نزیکن، بەشێکیان لە تەحریرالشام و بەشێکیان تایفە عەرەبەکانن کە هەر بەڕاستی دەیانەوێت داعەش زیندوو بکەنەوە.
سووریا گۆڕەپانی بەریەککەوتنی هەموو ئەم لایەنانەیە، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەم لایەنانەش لەیەکتر نزیک ببنەوە، بۆ نمونە کورد و دروزییەکان، لەبەر ئەوەی کە دەوڵەتانی یارمەتیدەریان هەمان ویستیان هەیە، هەروەها کورد و دروزی لە زۆر ڕوانگەوە لەیەکتر نزیکن.
چ لە لازقیە دەگوزەرێت؟
بۆ ئێرانییەکان، دەسگرتن بەسەر بەندەری لازقیە، وەک ئەوەیە کە جووت شەشیان هێنابێت لەم دۆخە خراپەیاندا. بەرپرسانی باڵای ئێران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە ڕاشکاوی باسی ئەوەیان کردووە کە لە "سووریا بزوتنەوەیەکی ئیسلامی سەرهەڵدەدات". عەلی خامنەیی جارێک وتبووی لە سووریا "گەنجەکان دووبارە دەست ب ڕێکخستن بکەن"، ئاسواری ئەم قسانەی ئێرانییەکان لە لازقیە و تەرتوس خۆی دەرخست. پێناچێت کە ئێران بە ئاسانی دەستبەرداری سووریا بێت و بە هەر تێچوویەک کە هەیە، دەیەوێت یاریەکە لە تورکیا تێکبدات، بۆیە هاکان فیدان وتبووی "ئێران دەبێت بزانێت ئەگەر بەرد بگرێت شووشەی ماڵی هەرکەس، دەبێت چاوەڕوانی ئەوەی هەبێت بەرد بگیردرێتە ماڵەکەیان". ئەمە یاریەکە خۆشتر دەکات بە قازانجی ڕۆژئاوای نیشتمان.
ئێران بە چەند هۆکاری جیاواز دەیەوێت بگەڕێتەوە سووریا، جیا لە قووڵایی ستراتیجی، دەیەوێت کە پێش بە هاتنەژوورەوەی گۆڕانکارییەکان بۆ عێراق بگرێت، ئێرانییەکان چاک دەزانن عێراق دوا سەنگەریان دەبێت، بۆیە بە ئاسانی لە هاوکێشەکانی ناوچەکە پاشەکشە ناکەن، بەتایبەت ئەگەری ئەوەش هەیە کە ئاژاوەیەک بۆ "پرۆسەی ئاشتی تورکیا و پەکەکە"، بنێنەوە.
هاوکێشەکانی ناوچەکە هەرچی دێت زیاتر تێکەڵ دەبێت، کورد دەبێت لەم کاتەدا تا ئەو شوێنەی کە دەتوانێت خۆی کۆ بکاتەوە. دووبارە بڵاوکردنی وتووێژێکی پێشووی ژنراڵ مەزڵوم عەبدی لەم چەند ڕۆژەدا بە مەبەست کراوە، هەرچی هەیە، ئەوەیە کە هەوڵێک هەیە بۆ زیاتر و زیاتر نزیک کردنی کورد لەگەڵ ئیسرائیل.