دواین هەواڵ

وڵاتان چۆن پڕۆسەی ئاشتیان گەیاندووەتە ئەنجام؟

‌كارزان گلی

پێش 1 هەفتە

بەشی یەکەم

پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، دوای ئەوەی لە كۆنگرەی ١٢یدا، بڕیاریدا چەك دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە، گفتوگۆ لەبارەی ئەو مۆدێل و پڕۆسە ئاشتیانە كرا، كە لە جیهاندا روویداوە و گەیشتووەتە ئەنجام. شەڕی نێوان نەتەوەیەك و دەوڵەت، یان دەوڵەت لەگەڵ رێكخراوێكی چەكداردا، لە جیهاندا زۆر زۆرە، بەشێكیان گەیشتووەتە ئەنجام و بەشێكیشی هەروەكوو خۆی ماوەتەوە. لە تەواوی جیهاندا تاوەكوو ئێستا ٢٢ شەڕی نێوان نەتەوەیەك و دەوڵەت بە ئاشتی كۆتایی هاتووە، بەڵام كەمیش نین ئەوانەی بەشەڕ گەیشتوونەتە ئەنجام.
لەم بەدواداچوونەدا، نموونەی بەشێك لەو وڵاتانە دەهێنینەوە كە، دوای شەڕێكی خوێناوی و گوشتنی هەزاران مرۆڤ، ئەنجام گەیشتوونەتە ئاشتییەكی بەردەوام و لەبری شەڕ، ئاشتییان كردووەتە بنەما بۆ ژیانێكی ئارام و بێكێشە.

ئەندەنۆسیا ئاشتییەك لە دوای كارەساتێكی گەورە

پڕۆسەی ئاشتی لە نێوان دەوڵەتی ئەندەنۆسیا و چەند گروپێكی ئەتنیكی بەناوی (ئاچەلەرەكان)، دوای شەڕێكی خوێناوی زۆر هاتە ئاراوە.
بزوتنەوەی چەكداری ئاچەی ئازادی (GAM)، لە ساڵی ١٩٧٦ لەبەرامبەر چاڤالیلەرەكان دروست بوو، كە زۆرینەن لە ئەندەنۆسیا و دەسەڵاتیان بەدەستە، ئەو بزوتنەوەیە بەو مەبەستە دروست بوو، كە داوای سەربەخۆییان دەكرد. بەشێكی زۆی ئەو شەڕە لەژێر دەسەڵاتی سوهارتۆدا دروست بوو، كە سەرۆكی ئەندەنۆسیا بوو بۆ ماوەی ٣١ ساڵ.
دوای ئەوەی لە ١٩٩٨، سوهارتۆ لەدەسەڵاتدا نەما، لە ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠١، لە سوید پرسی چارەسەری ئاشتیانە لە نێوان ئەو دوو لایەنە دەستی پێكرد، بەڵام ئەنجامی نەبوو.
راستە ئەنجامی نەبوو، بەڵام هەردوو لایەن ئومێدیان نەپچڕاد بۆ ئاشتی، بەڵكوو سەرەڕای هەڵگیرسانی شەڕ، بەڵام هەوڵ هەر هەبووە بۆ ئاشتی.
لە ٢٠٠٤، كارەساتێكی سروشتی (تسۆنامی) لەناوچەی ئاچە روویدا، ئەو ناوچەیەی لەگەڵ زەوی تەخت كرد، كە ٢٠٠ هەزار كەسی كوشت، بۆیە ئاچە بەناچاری لە ٢٠٠٥ هاتە سەر مێزی گفتوگۆ لە فینلەندا و لە شاری هێلسینك كە پایتەختی ئەو وڵاتەیە، گەیشتنە رێككەوتن و ئاشتییەكی بەردەوام. ئەو رۆژە لە مزگەوتەكانی ئاچە، بە هەزاران كەس دوعایان دەكرد ئاشتییەكی بەردەوام لەوڵاتەكەیاندا بێتە دی.
یەكێك لەو هۆكارانەی وای كرد، هەردوو لایەن بگەنە رێككەوتن،  بوونی كارەساتی تسۆنامی بوو، بەڵام خەباتی ئاچەییەكان بەفیڕۆ نەڕۆی، چونكە حكوومەتی ئەندەنۆسیا، بڕیاریدا فیدڕاڵییان پێبدات و تاوەكوو ئێستاش هەر لە سایەی فیدڕاڵیدا دەژین.
ئاچەلەرەكان، چەكیان فڕێدا و كۆتاییان بە خەباتی چەكداری هێنا، هەروەها خەباتی مەدەنییان دەستپێكرد و بە هەڵبژاردن سەرۆك و پەرلەمانی خۆیان هەڵبژارد.
سوسیلۆ، رۆژنامەنووس لە ئەندەنۆسیا، كە لە نزیكەوە ئاگاداری پرسی ئاشتی وڵاتەكەی بووە و چەندین نووسینی لەوڕووەوە نووسیوە، قسەی بۆ (BBC) توركی كردووە و دەڵێت: ”بۆ پرسێكی لەو شێوەیە دەبێت هەردوولا لەگەڵ یەكتریدا راستگۆ بن، دەبێت بڕوات بە دوژمنەكەت هەبێت، ئەوەی پێشكەشی دەكەیت دەبێت دیار و روون بێت، بەڵام بۆ هەموو ئەمانە حكوومەتێكی دیموكراتی پێویستە.“

ئیسپانیا و باسك

لە ١٩٥٩ بزوتنەوەی چەكداری وڵاتی باسك دروست بوو، ئەوان داوای سەربەخۆییان دەكرد و شەڕی كۆڵان بە كۆڵانیان لەگەڵ حكوومەتی ئیسپانیادا دەكرد، بەڵام لە ٢٠١٧، بەیەكجاری دەستبەرداری خەباتی چەكداری بوون.
یەكێك لەو هۆكارانەی وای كرد ئەو بزوتنەوەیە چەك دابنێت، ئەو فشارە بوو كە گەلی باسك كردیانە سەری، هەروەها پڕۆسەی ئاشتیش رۆڵێكی باشی هەبوو.
دوای ئەوەی لە ١٩٧٨، لە سەردەمی دیكتاتۆرییەتی فڕنسیسكۆ فڕاكۆدا، پرۆسەی دیموكراتی لە وڵاتدا هەنگاوی باشی نا، گەلی باسك بوونە خاوەنی فیدڕاڵی، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، شەڕ هەر بەردەوام بوو و بزوتنەوەی چەكداری هەر درێژەی بە خەباتی چەكداری دا.
پارتی یەكێتی باسك، كە پارتێكی یاسایی بوو، خەباتی كرد بۆ ئەوەی باسك بەتەواوی سەربەخۆیی خۆی وەربگرێت.
مارتین ئاڵدالوور، كە لە نزیكەوە ئاگاداری پڕۆسەی ئاشتی نێوان باسك و ئیسپانیا بووە، قسەی بۆ (BBC) كردووە و دەڵێت: ”ئەوەی گرنگە بیزانین، ئاشتی تەنیا بە دیالۆكی نێوانیان دێتە دی، ئێمە لەو پرۆسەیەدا وەكوو باسك فێربووین، دەبێت ئەو دیالۆكە خەڵكی لێئاگادار بكرێتەوە و ئەوانیش بەشدار بن تێیدا، ئەگەر حكوومەتیش نەهاتایەتە ناو دیالۆكەوە، ئاشتی هەر دروست دەبوو.“
بەڵام ئەوەی وای كرد، بزوتنەوە چەكدارییەكەی باسك دەستبەرداری چەك بێت، ئەو خەڵكە بوو، كە لە ١٩٩٠ رژانە سەر شەقام و بە بزوتنەوەی چەكداری وڵاتەكەیان گوت ئیتر بەسە و چەك دابنێن.

راستە حكوومەتی ئیسپانیا، راستەوخۆ نەهاتە ناو پڕۆسەی ئاشتی، بەڵام بۆ چەكدانانی ئەو بزتنەوە چەكدارییە، رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و كلێسە و سەندیكاكانی هێنایە ناو پرۆسەكە و رێگەی خۆش كرد تا ئەوان رۆڵی گەورە ببینن.
لە ٢٠١٧ بەنێوەندگیری ئەو لایەنانە، بزوتنەوەی ناوبراو چەكی فڕێدا و تاوەكوو ئێستاش بەهیچ شێوەیەك دەستیان بۆ چەك نەبردووەتەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP