دواین هەواڵ

ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم: پێشێلکاریی دەستووری و ئامانجگرتنی سیاسی

‌سەنار شێرۆکی

2 رۆژ پێش ئێستا

دۆخی سەختی ژیان و گوزەرانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەهۆی ڕاگرتن و دواکەوتنی مووچەکانیانەوە، گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کەرامەت و بژێوی ڕۆژانەیان داناوە. ئەم بارودۆخە، کە بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، نەک هەر قەیرانێکی مرۆیی درووستکردووە، بەڵکوو چەندین پرسیاری یاسایی و دەستووریشی ورووژاندووە.
یەکەم، پێشێلکردنی کەرامەتی مرۆڤ (ماددەی ٣٧/یەکەم/أ ی دەستووری عێراق):
دەستووری عێراق لە ماددەی (٣٧/یەکەم/أ)دا بەڕوونی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە "کەرامەتی مرۆڤ پارێزراوە و هەر جۆرە مامەڵەیەکی نامرۆڤانە و سووکایەتیکردن پێی قەدەغەیە." بێبەشکردنی فەرمانبەران لە مووچەکانیان، کە سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی ژیانیانە، دەچێتە چوارچێوەی زیانگەیاندن بە کەرامەتیان و درووستکردنی هەلومەرجێک کە شکۆی مرۆییان دەخاتە مەترسییەوە. گەیاندنی هاووڵاتییان بە ئاستی "برسیکردن" و دژایەتیکردنی "قوتی ڕۆژانەیان" بەڕوونی پێچەوانەی ئەم ماددە دەستوورییەیە.
دووەم، پێشێلکردنی بنەمای یەکسانی و دادپەروەری (ماددەی ١٤ی دەستوور):
ماددەی (١٤)ی دەستوور زامنی مافی یەکسانیی هەموو عێراقییەکان دەکات لە بەردەم یاسادا، بەبێ هیچ جیاکارییەک لەسەر بنەمای ڕەگەز، نەتەوە، ئایین، یان هەر هۆکارێکی تر. سیاسەتەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، بەتایبەت لە مامەڵەکردن لەگەڵ شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەگەر بە شێوەیەک بێت کە جیاکاری درووست بکات لەنێوان هاووڵاتییانی عێراق لە هەرێم و ناوچەکانی تری وڵات، ئەوا پێشێلکارییەکی ئاشکرای ئەم ماددە دەستوورییەیە. دەبێت مامەڵە لەگەڵ هەموو هاووڵاتییەکدا لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی بێت لە سەرتاسەری عێراقدا.
سێیەم، گومانی ئامانجگرتنی سیاسی:
کاتێک سیاسەتە داراییەکان بە شێوەیەکی هەڵبژاردەیی و جیاکارانە جێبەجێ دەکرێن، بەتایبەت بەرانبەر بە هەرێمێکی دەستووری وەک هەرێمی کوردستان، گومانی ئەوە درووست دەبێت کە ئامانجی سیاسی لە پشت ئەم بڕیارانەوە هەیە. بەکارهێنانی مووچە و قوتی خەڵک وەک کارتێکی فشار بۆ مەرامی سیاسی، نەک هەر پێچەوانەی بنەما دیموکراسی و مرۆییەکانە، بەڵکوو دەبێتە هۆی تێکدانی متمانە و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی عێراق.
لە ڕوانگەی یاساییەوە، ڕاگرتن یان دواخستنی بەردەوامی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، دەکرێت وەک پێشێلکاریی ماددەکانی (٣٧/یەکەم/أ) و (١٤)ی دەستووری عێراق لێکبدرێتەوە. ئەم کردارانە نەک تەنیا زیان بە کەرامەت و بژێوی فەرمانبەران دەگەیەنن، بەڵکوو بنەماکانی یەکسانی و دادپەروەریش دەخەنە ژێر پرسیارەوە. پێویستە حکومەتی فیدراڵ پابەندی تەواوی دەستوور بێت و ماف و شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بکات، دوور لە هەر جۆرە ئامانجگرتنێکی سیاسی یان جیاکارییەک.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP