دواین هەواڵ

فەیلەسوفەکان بەکەڵکی چی دێن؟

‌محەمەد فایەق

2 رۆژ پێش ئێستا

- بەدوای بابەتێکدا سەبارەت بە "دیتن" دەگەڕام. ساڵانێک لەوەی پێش خوێندبوومەوە. بیرمکەوتەوە کە لە پەرتووکی "پرسیارەکانی ژیان"ی "فێرناندۆ سوتر"دا بەرچاوم کەوتووە. دوای چەندین ساڵ پەرتووکەکەم هەڵگرتەوە و خێرا بابەتەکەم دۆزییەوە، بەڵام دڵم نەهات داینێمەوە، دووبارە دەستم بە خوێندنەوەی هەندێک بەشی کردەوە. ئەگەرچی بابەتەکانم بەلاوە ئاشنا بوون، بەڵام شێوازی خستنەڕووی ئەم فەیلەسوفە ئیسپانیاییە سەرنجی ڕاکێشام.  

- فێرناندۆ سوتر، مامۆستای فەلسەفەی ئەخلاق، چالاکێکی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی دیارە. ئامانجی لەم پەرتووکە، ئاشتکردنەوەی نەوەی نوێیە لەگەڵ فەلسەفە و فەلسەفاندندا بە مانای وشەکە. کەچی لەگەڵ ئەوەیشدا، یەکەمین ڕەخنەی ئاراستەی پەرتووکە سەرەتاییەکانی فەلسەفە دەکات. وەک بڵێت ئەم کتێبانە ڕێنمایی پێشبڕکێی پایسکیلسواری بن تێیاندا لیستی ناوی پاڵەوانەکان و ئەو جامانەی بەدەستیان هێناوە، دەخوێنیتەوە. لەکاتێکدا دەبێت ئامانج لێیان فەلسەفاندن بێت! لەبەر ئەمەیشە کە دەڵێت: "ئەوی من بەشوێنیەوەم، فێرکردنی پایسکیلسوارییە". لە کۆتاییشدا، خوێنەر ئەوەی بۆ دەردەکەوێت کە دەبێت هاوشانی ڕاهێنەرەکەی پایدەر لێ بدات. ئەم پایدەر لێدانە فێرە مەشقی هزرین و خستنەڕووی هزرەکانی خۆ و گفتوگۆکردنی دەکات و بەرهەمەکەیشی ئەوەیە کە لە گفتوگۆدا تەنێ ڕادەستی هێزی بەڵگاندن ببێت، نەک ناچارکردن.    

- لەم گۆشەنیگایەوە بۆ فەلسەفە، وی لە بەشی ١١دا گرنگترین ئایدیا فەلسەفییەکان شرۆڤە دەکات، شێوازی ڕامان لەم جۆرە پرسانە فێردەکات و باس لە گرنگیی فەلسەفە بۆ ژیانی هاوچەرخ و کۆمەڵگەی مۆدێرن دەکات. فەلسەفە تەنێ بەشوێن پرسە پەتی (ئەبستراکت) و دابڕاوەکان لە ژیانی ڕۆژانەوە نییە. بەڵکوو ئاوڕ لەو پرسانەی دەوروبەریشمان دەداتەوە کە بێ گرنگی پێدان بەلایاندا تێدەپەڕین و بایەخیان دەخاتە ڕوو. بۆ نموونە، ئێمە بۆچی پێویستمان بە ئەوانی دیکەیە؟ ئایا باشتر نەبوو هەر یەکە و دەستی بە کڵاوی خۆیەوە بێت و حەقی بەسەر ژیانی ئەویترەوە نەبێت؟ کام جۆری ژیان بەهادارە و شیاوی ئەوەیە تێیدا بژیین؟ چۆن دەتوانین لەو تەمەنە کورتەدا کە هەمانە، باشترین ژیان بۆ خۆمان فەراهەم بکەین؟ ئایا چارەنووسی ئێمە بەدەستی دیترانە یان ئەوە خۆمانین کە دروستی دەکەین؟   

- ئەمانە کەڵکەڵەی هەموو ئەو کەسانەن کە کاتی بەتاڵ دەدۆزنەوە تا تەماشایەکی خۆیان و کاروباریان بکەن. بەپێی سوتر، فەلسەفە کۆمەڵێک دۆگم یان فێرکاریی دۆگماتیزم نییە، بەڵکوو "کاری فەلسەفە تێڕامانە دەربارەی ئەو فەرهەنگەی تێیدا دەژیین لەگەڵ ئەو مانا بابەتی و زەینییانەدا کە دەشێت ئەو فەرهەنگە بۆی هەڵگرتبین". فەلسەفە فۆرمێکە لە چالاکیی زەینی و تیۆر کە دەبێت فەیلەسوفەکان فێر[مان]بکەن. ئەوان مامۆستان و هاوشێوەی هەر مامۆستایەکیش پێویستیان بە زانین و توانایی تەواو هەیە. 

- گوتەی فەیلەسوفان سرووش(وەحی)ی ئاسمانی نییە، ئەوان دانای هەمووشتزان نین، جیاوازییان لەگەڵ دیتران لە پێداگریی هزری، وردیی سەرنج و هەبوونی مێتۆددایە بۆ شرۆڤەی پرسەکان. فەیلەسوفەکان هیچ زانینێکی خودییان دەربارەی بابەتەکان نییە، ئەوان لە ڕێگەی ئەو زانیارییانەوە کە بەدەستی دەهێنن، دەتوانن شرۆڤەیەکی باشی بابەتەکان بکەن؛ بۆ نموونە ئەگەر نەچنە مۆزە(مۆزەخانە)کان، ڕۆمان نەخوێننەوە و تەماشای فیلم نەکەن، ناتوانن سەبارەت بە جوانیناسی بپەیڤن. 

- لەگەڵ ئەمانەیشدا، سوتر ئاماژە بەوە دەکات کە ژان فرانسوا رۆڵ لە وتارە بەناوبانگەکەیدا "فەیلەسوفەکان بەکەڵکی چی دێن؟" دەستی خستووەتە سەر داوەکانی ڕێگەی فەلسەفەکاران و هۆشدارییان پێ دەدات. دیارترین ڕەخنەیەک کە لە فەیلەسوفان دەگیرێت، زمانە لەڕادەبەدەر تەکنیکی و سەختەکەیانە.

- هەندێک لەم ڕەخنانە لە شوێنی خۆیاندان. بەلای هەندێک لەوانەوە کە ئەم بانگەشەیە دەکەن، فەلسەفە ڕووبەندێکە بۆ خۆجیاکردنەوە و خۆلەپێشتردانان و هەندێجاریش شاردنەوەی نەزانیی خۆ. هەندێجاریش، لە ڕوانگەی ئەم کەسانەوە فەلسەفە جۆرە زانینێکی ئەرسیتۆکراتی و پێبەندی هەندێک نهێنیسازییە کە لە ڕووحی فەلسەفەوە دوورە.  

- فەیلەسووفی ڕاستەقینە کەسێکە کە دەتوانێت پرسە ئاڵۆزەکان بە زمانێکی سادە[گشتی]بخاتە ڕوو، دروست هەمان ئەو کارەی کە سۆکرات و ئەفلاتون دەیانکرد. هەر بۆیە ئەو پێبەندییە پیشەیییە دەخوازێت و توانایی ئەوەمان پێ دەدات کە باسە فەلسەفییەکانی خۆمان-نەک تەنها بە زمانێکی ئاڵۆز- بە زمانێکی سادە بخەینە ڕوو. 
- کەمترین کەڵکی فەیلەسوفەکان ئەوەیە کە دیتران فێر دەکەن چۆن لەبری بەکارهێنانی مست و پێلەقە، سوود لە لۆگیک و زمان وەربگرن، لەبری لۆگیکی هێز، سوود لە هێزی ژیربێژی وەربگرن. لە کۆمەڵگەیەکدا کە کولتووری گفتوگۆ، تەبایی، مامەڵە و هاوکاریی بێ برەون؛ ئەم کارە[واتە ئەرکی فەلسەفە]کارێکی ئاسان نابێت. 

•  نووسینی: سید حسن اسلامی اردکانی.
•  کەوانەکان کاری وەرگێڕن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP