دواین هەواڵ

لە ئاشتی دا بەھێزین

‌شەنگە ئەحمەد

2 رۆژ پێش ئێستا

لە ھەرێمی کوردستاندا نمونەی پێکەوەژیان لە ئاستێکی باڵادا دەبینرێت، لە نێوان هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان، ئەم پێکەوەژیانە لە ھەرێم قوڵایی خۆی ھەیە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە ھەموو بۆنەیەکدا جەخت لەم قوڵاییە دەکاتەوە، باوەڕی ئەو وایە کە هێزی ڕاستەقینەی ھەرێمی کوردستان لە یەکگرتوویی خەڵکەکەیدایە، ئەمەش بنچینەی هەموو کارنامەیەتی، کە گوێگرتن لە هەموو دەنگەکان، هەموو لایەنەکان و بەرژەوەندییەکان لە پڕۆسەی بڕیاردان و ھاوبەشی کردن، وای کردووە ئەم پێکەوەژیانە لەسەر نەخشەی جیھانی رەنگدانەوەی بەھێزتری ھەبێت. ھەر وەک گاندی دەڵێت، "توانای ئێمە بۆ گەیشتن بە یەکگرتوویی لە ناو جۆراوجۆریدا، جوانی و تاقیکردنەوەی شارستانییەتەکەمان دەبێت، " لە ئێستاشدا ھەرێمی کوردستان سەرچاوەی بەھێزی پێکەوەژیانە، کە بووەتە نمونەیەکی جوان لە رۆژھەڵاتی ناوین دا.
ھەرێمی کوردستان کە دانیشتوانەکەی نزیکەی ٧ ملیۆن کەس دەبێت، لای ھەمووان روونە، کە دەرگای بۆ پەنابەران کردووەتەوە و، ملیۆنەها کەس لێرە پەناگەیان دۆزیوەتەوە و بوونەتە بەشێک لە مەلتی کەلچەری ئەم ھەرێمە، ئەمەش دەرخەری ئەو پێشەنگییەیە کە ھەرێم لە بواری پێکەوە ژیاندا لە ناوچەکەدا ھەیەتی.
لە ھەرێمی کوردستاندا دیموکراسی و ئازادی وەک شێوازی ژیان جێبەجێ کراوە، ئەمەش لە باوەڕی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دا، بە کردار کاری لەسەر کراوە، وای کردووە کە کوردستان ببێتە نموونەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ هەموو ناوچەکە، ئالبێرت ئانیشتاین دەڵێت، "ئاشتی ناتوانرێت بە هێز بپارێزرێت، بەڵکو دەتوانرێت بە تێگەیشتن بەدەستبهێنرێت،" ئەم پێکەوەژیانەی لە ھەرێم ھەیە سەرچاوەی پارێزگارییە لە ئاشتی.
لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، کارەکتەری سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بەو ھەوڵانەی کە بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان داویەتی، ھەرێمی کوردستان وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو بۆ حکومڕانیەکی باش ناسراوە، ڕۆڵی گرنگی لە ئاشتی و جێگیری ناوچەیی ھەیە، لە راگرتنی بالانسی ھێز و دیپلۆماسی، توانیویەتی قەیرانەکان بشکێنێت و لاپەڕەی نوێ بۆ پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ھەرێمی بکاتەوە.
هەرێمی کوردستان لە ژێر سەرکردایەتی سەرۆک نێچیرڤان بارزانیدا سەلماندووەیەتی کە پێکەوەژیانی ئاشتیانە بووەتە مۆدێلێکی سەرکەوتوو، ئەو ستراتیژی و تێڕوانینەی کە ھەیەتی، کوردستانی بە نموونەیەکی جیهانی کردووە، نەک تەنیا بۆ ھەرێم، بەڵکو بۆ هەموو ناوچەکە بووەتە مایەی شانازی.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP