ئەگەر كوردەكان مەبەستیانە لە توركیا پرۆسەی ئاشتی بەردەوام بێت و سەر بگرێت و ببنە ئەكتەرێكی گرنگ لە ھاوكێشە سیاسییەكانی توركیادا، دەبێت مامەلە لە گەل ئەو لایەنە بكەن كە دەسەلاتدارە و دەتوانێت لە پرۆسەی ئاشتیدا یارمەتی كورد بدات. یان ھەر ھیچ نەبێت ئامادە بێت دانوستاندن لە گەل كوردەكان بكات. جا گرنگ نییە ئەو لایەنە لایەنێكی دیموكراتخوازە یان نە. ئەگەر كوردەكان نەزانن ئەولەوییات و ئامانجە ھەرە لە پێشەكانیان چییە و چوون و بە چ رێگە و ئەمرازەوە ئەو ئەولەوییات و ئاماجانە بەدەست دەھێنن، با دەست لە سیاسەت بەردەن و ئەوەندەی تر سەرئیشە بۆ خۆیان و گەلەكەیان درووست نەكەن.
لێرەدا ھێشتا كوردەكان كێشەیان لەوەدایە ھەیە كە خویندنەوەیەكی تەواویان نییە بەوەی كە ئامانجە ھەرە لە پێشەكانیان چییە لە باكووری كوردستان و چوون دەكرێت دەستەبەر بكرین؟ ئایا بەراستی لایەن كوردییەكان دەیانەوێت پرۆسەی ئاشتی سەربگرێت و حكوومەتی توركیا لە گەلیان رێككەوتن بكات؟ ئایا بەراستی كوردەكان دەیانەوێت بە لایەنی كەمەوە ناوچە كوردییەكان سەقامگیر بن و دوور بن لە شەر و گوشتار؟ ئایا دەیانەوێت ببنە ئەكتەرێكی بەھێز و كاریگەر لە پرۆسەی سیاسی توركیادا؟ ئایا دەیانەوێت كەمترین دەرفەت بدەن بە لایەنە تووندرەوەكان بۆ ئەوەی پێشیلی مافەكانیان بكەن و چالاكڤان و سیاسییەكانیان بخەنە زیندانەوە؟
ئەگەر بۆ ئەم ئامانجانە خەبات و تێكوشان دەكەن، دەبێت دوو شت لێكجیا بكەنەوە. پروسەی ئاشتی لە توركیا شتێكە و پرۆسەی بە دیموكراتیزە كردنی ئەو ولاتە شتێكی دیكەیە. ئەم دوو پرسە تارادەیەك زۆر لێكجیاوازن. راستە تا چەند توركیا بەرەو سیستمێكی دیموكراستی بچێت لە بەرژەوەندی ھەموو كومەلگەی توركیایە و بە كوردیەشەوە. بەلام، پرسیاری گرنگ ئەوەیە كی دەتوانێت دیموكراسییەت لە توركیا بەرقەرار بكات؟ یان خود ئەركی كام لایەنە توركیا بەرەو كومەڵگەیەكی دیموكراستی ببات؟ ئایا ئەوە كوردەكانن دەبێت ھەموو ماف و پرسە ستراتیژییەكانیان بكەنە قووربانی پرسی بە دیموكراتیزە كردنی توركیا یان خود ئەوە توركەكانن كە سەدا 85% ئەو ولاتە پێكدینن و دەسەلاتدارانی ئەو ولاتەن دەبێت بەو ئاراستەیە ھەنگاو بھاوێژن؟ ئایا ئەگەر دەسەلاتدرانی توركیا ئامادە نەبن توركیا بەو ئاراستەیە ھەنگاو بھاوێژن، داخو كورد بە تەنیا چی پێدەكرێت؟ بێگومان كورد ھیچی پێناكرێت و بوویەش، ئەركی بە دیموكراتیزە بوونی توركیا نە ئەركی كوردە و نە كورد دەتوانێت ئەو پرۆسەیە بەرەو پێش ببات ئەگەر لایەنەكانی تر خۆیان مەبەستیان نەبێت.
كەواتە لێرەدا دەبێت ئامانج و ئەولەوییاتیان كورد بەرگیری كردن بێت لە مافەكانیان و ھەۆلدان بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی سەر بگرێت نەك بە دوای ھەندێك درووشمی بریقەداری ئەو لایەن و ئەو ھێزانەدا بگەرێن كە ھیچ دەسەلاتێكیان نییە. كورد نابێت ببێتە بەشێك لە ململانییەكانی ناوخۆی توركیا و نابێت وەك سالانی 2015 بە دوای درووشمی بریقەداردا بكەون و دژایەتی ئەو لایەنە بكەن كە ھەم پرۆسەی دیموكراسییەت و پرۆسەی ئاشتی لە دەستی خوویەتی. نابێت كورد وەك جارانی پێشووتر بە بەلاش و بێ بەرامبەر پاڵپشتی ئۆپۆزیسیون بكات.
بەتایبەت چون دەكرێت چاوەروانی ئەوە لە لایەنێك بكەیت كە پالپشتیت یان پرسی كورد چارەسەر دەكات، لە كاتێكدا خۆی ناتوانێت ئەندام و لایەنگرانی خۆی بپارێزێت و گەورەترین سەرۆكشارەوانەیەكەی زیندانی دەكرێت و ھیچی پێناكرێت. باشە كە ئەو بو خۆی ھیچی پێناكرێت ئەی دەتوانیت چی بو توو و پرسە ستراتیژییەكانت بكەیت. بەراستی كوردەكان و بەتایبەت ھادەپ ھەلەی زۆر گەورە وستراتیژیان كرد كە لە سالانی 2015 بەدواوە و خۆیان خستە پال بەرەی ئۆپۆزیسونێك بەبێ ئەوەی ئەوەی خوێندنەوەیەكی راست و درووستیان بۆ بارودوخی توركیا و ھاوكیشە سیاسییەكان ھەبێت. لەمەیشدا كوردەكان نەك تەنیا لە توركیا بەڵكوو لە پارچەكانی تریش باجێكی قورسی ئەو سیاسەتە ھەلەیاندا. بوویە نابێت ئەم ھەلەیە دووبارە بكرێت
بۆ كوردەكان زۆر گرنگە لە گەل ئاكپارتی و لایەنی دەسەلات گفتۆگوی جدی و راستەقینە بكەن و ھەموو ھەولێك بدەن بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی سەربگرێت. نابێت لە لایەن ئۆپۆزیسیونەوە دووبارە فێلیان لێبكرێت یان بو بەرژەوەندی خۆیان بەكار بھێنن . بۆ كورد خالی ھەرە گرنگ ئەوەیە پرۆسەی ئاشتی ھەبێت و دان بە بەشێك لە مافەكانیان دابنرێت، ئەمەیش لەم قوناغەدا تەنیا و تەنیا بە لایەنی دەسەلاتدار و ئاكپارتی دەكرێت. بوویە دژایەتی كردنی ئاكپارتی و دەسەلات واتە لێدان لە پرۆسەی ئاشتی و داخستنی دەرگاكان بە رووی پرۆسەی ئاشتیدا. چونكە دیارە پرۆسەی ئاشتی لە دەستی حكوومەت و ئاكپارتیدایە و ئەگەر ئەوان مەبەستیان نەبیت بەھیچ شێوەیەك ئەو پرۆسەیە سەر ناگرێت. بوویە، زۆر گرنگە بۆ كوردەكان لە نزیكەوە لە گەل ئاكپارتی دانوستاندن بكەن و دەبێت ئامادە بن یارمەتی ئاكپارتی بدەن و رەچاوی بەرژەوەندییان بكەن لە بەرامبەر سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتی. ناكرێت تو لەلایەك دژی لایەنیك بێت و لە ھەمان كاتیشدا چاوەری ئەوە بكەیت ئەو لایەنە رێز لەمافەكانت بگرێت و پرسی گەلەكەت چارەسە بكات.