لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا کاندیدەکان بەڵێن و بانگەشەکانیان بەپێی پێداویستی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەکەیە، بەڵام بانگەشەی دەوڵەتە گەورە و زلهێزەکان پەیامی بانگەشەکانیان هەم ناوخۆیی و هەم جیهانیە، بۆ نموونە دەوڵەتێکی زلهێزی وەک ئەمریکا جیهان بەڕێوە دەبات و بەرپرسە لە ئاسایشی جیهان، بۆیە سەرۆک ترامپ لە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڵێن و پەیامەکانی هەم جیهانی و هەم ناوخۆیی بوو، کە بریتی بوو لە شەش پەیامی سەرەکی و پەیامێکی تایبەتی، کە لەم خاڵانەدا خۆی مانیفێست کرد:
1- کۆتایهێنان بە جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە هەمانکاتدا وەستان و کۆتایهێنان بە جەنگی ئۆکراین و ڕوسیا، بەڵام نەیوت بەچی میکانیزمێک کۆتایی پێدەهێنین هەرچەندە سەرەتاکانی دەرکەوتوون.
2- گەرانەوە یان دەرکردنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ ئەمریکا و دروستکردنی پشتێنە بۆ ڕێگرتن لە کۆچی نایاسایی.
3- قەدەغە کردنی لەبار بردن.
4- گەشەدان بە ئابووری و کەمکردنەوەی باج و پێناسەی گومرگی.
5- مەسەلەی ژینگە و وزە.
6- ئازادکردنی ئەو کەسانەی کە لە ساڵی (2020) لە ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکدا کێشەیان دروستکرد.
7- لابردنی دادوەری گشتی جاکس مێنت.
بەشێکی ئەم پەیام و بەڵێنی بانگەشەیە پەیوەندی بە ململانێی ئەمریکا و ڕکابەرەکانیەوە هەیە، بەتایبەتی بۆ ڕێگاگرتن لە گەشەی ئابوری چین لە ئاستی جیهاندا.
لەناو میللەتی وشیار و زیندودا لەدوای هەر هەڵبژاردنێکەوە چاودێری هێزی براوە یان کەسایەتی براوە دەکەن بزانن لەماوەی ئەو چوار ساڵەداو لەدوای هەڵبژاردنەکانەوە هەتا چەند پابەندە بە بەڵێنەکانیەوە، ئەگەر پابەند بوو و بەڵێنەکانی جێبەجێکرد، ئەوا دەرفەتی دیکەی پێدەدەنەوە، ئەگەر پابەند نەبوو ئەوا سزای دەدەن. بەدڵنیاییەوە لەناو میللەتی وشیار و زیندوو خاوەن یادەوەریدا، ئێستا جیهان و ئەمریکا چاودێری هەنگاوەکانی سەرۆک ترامپ دەکەن سەرەتاکانیش وا نیشاندەدەن سەرۆک بەڵێنەکانی جێبەجێ دەکات.