دواین هەواڵ

نەورۆز وەک ئەفسانە وەک هێز وەک خەونی هاوبەش

‌فارس نەورۆڵی

پێش 2 هەفتە

(مزگێنی دا بەسروە، بای بەهاری واهاتەوە، نەورۆزی کوردەواری) "هەژار"

ئەفسانە لە ژیانی زۆربەی نەتەوەکاندا بوونی هەیەو کاریگەری هەیە، هەتا ئەو ڕادەیەی ئەفسانە بۆتە هێزی نەتەوە جیاوازەکان و بەرمەبنای ئەفسانە دەوڵەت و ئیمپراتۆریان دروستکردووە، هەتا ئێستاش ئەفسانە تێکەڵ بە سیاسەت بووەو هێزی خۆی ماوە. نەتەوە سەردەست و دەسەڵاتدارانی ناوچەکە خاوەنی ئەفسانەی جیاجیان بۆ ئەوەی هێزی لێوەربگرن و خاڵی کۆکەرەوەی نەتەوەکەیانە، لە هەمانکاتدا کاریان لەسەر کورد کردووە بۆ ئەوەی خۆی لێ وون ببێت، بۆیە ئێستا لەسەر هەموو ئەفسانەو ڕوداوە مێژوویەکانی کورد ئێمە دوو ڕای جیاوازمان هەیە، واتە شتێک نییە ئێمە کۆبکاتەوە، ئەگەرچی نەورۆز جگە لە کورد نەتەوەی دیکە بە جەژن و بۆنەی خۆی دەزانێ، بەڵام نەورۆز جگە لەوەی بۆنەیەک و جەژنێکی کوردە و خاڵی هاوبەشی کوردە، لە هەمانکاتدا سەرەتای ساڵی نوێی کوردییە ئەگەر ئێمەی کورد نەورۆز وەکو ئەفسانەش وەر بگرین ئەوائەم ئەفسانەیە هەزاران ساڵە بۆتە هەڵگری هێزێکی مەزن بۆ کورد بوون،  کورد خۆی پێ ناساندوەو خۆی پێ پاراستووە پەیامی مانەوەی خۆی بە دۆست و دوژمن گەیاندووە. 

نەورۆز وەک سیاسەت زۆر کات بۆ کورد بۆتە وەڵامی هێرشە ناڕەواکانی نەیارانی میللەتی کوردو لێوەی مانەوەی کوردی تێدا ڕاگەیاندوە، بۆیە شاعیران و بیرمەندانی کورد نەورۆزیان بەرز نرخاندووە بە خاڵی هاوبەش و کۆکەرەوەی کوردیان زانیووە.

لەم بارەیەوە خانی دەڵێت: 

(بیلجومله ڕۆژا کو ردبوویە عیدێ نەورۆز
تەعزیم ژ بۆ دەما دل ئەفرۆز
بالجمله دچوونە دەر ژ مالان
حەتتا دگەهشتە پیر و کالان
سەحرا و چەمەن دکرنە مەسکەن
بەیدا و دەمەن دکرنە گولشەن
مەبنی ل وی عادەتێ موبارەک
شەهری و سوپاهیان ب جارەک
با ژێر و کەلات و خانی بەردان
تەشبیهی ب نژدەیان و جەردان
هندەک ب پەیایی چوونە باغان
هندەک ب سواری چوونە راغان
یەعنی کو دهاتە بورجێ سەرسال
قەت کەس نەدما د مەسکەن و مال)

ئەم بەیتانەی خانی کوردی بوونی نەورۆزمان پێ دەڵێت، کە لەو ڕۆژەدا بێ جیاوازی ئاین و خێڵ و ناوچە هەموو کورد پێکەوە چونەتە گەشت و شادی، بۆیە ئەگەر چی ئێمە لە ئەنجامی چەوساندنەوەدا بوینەتە میللەتێکی غەمگین، بەڵام ساڵانە نەورۆز هێزی شادیمان پێدەبەخشێتەوە، دەبێ پیرەمێرد پیری کوردمان لەبیر نەچێت چۆن لە سلێمانی گرنگی بە نەورۆز داوە، خەڵکی کۆکردووەتەوە و شیعری بۆ وتووە، کە شیعرەکەی هەتا ئێستاش وێردی سەر زمانی پیرو لاوی کوردە، کە دەڵێ:

ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە
جەژنێکی کۆنی کوردە بەخۆشی و بەهاتەوە
چەند ساڵ گوڵی هیوای ئێمە پێ پەست بوو تا کو پار
هەر خوێنی لاوەکان بوو گوڵی ئاڵی نەوبەهار
ئەو ڕەنگە سوورە بوو کە لە ئاسۆی بڵندی کورد
مژدەی بەیانی بۆ گەلی دوور و نزیک ئەبرد
نەورۆز بوو ئاگرێکی وەهای خستە جەرگەوە
لاوان بە عەشق ئەچوون بە بەرەو پیری مەرگەوە
وا ڕۆژ هەڵات لە بەندەنی بەرزی وڵاتەوە
خوێنی شەهیدە ڕەنگی شەفەق شەوق ئەداتەوە
تا ئێستە ڕووی نەداوە لە تاریخی میللەتا
قەڵخانی گوللە سنگی کچان بێ لە هەڵمەتا
پێی ناوێ بۆ شەهیدی وەتەن شیوەن و گرین
نامرن ئەوانە وا لە دڵی میللەتا ئەژین

ئێستاش کورد لە هەلومەرجێکی سیاسی و چارەنووسسازدایە پێویستی بە خاڵێکی کۆکەرەوە هەیە، نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی ئەو خاڵە کۆکەرەوەیە، کە ڕۆحی هاوبەش و خەونی هاوبەشمانی لەسەر بنیاد بنێین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP