دواین هەواڵ

کورد ئەزمونێکی تاڵی لەگەڵ عێڕاق هەیە

‌ نەزهەت ‌حالی

5 رۆژ پێش ئێستا

بابەتی بودجەی هەرێمی کوردستان بەگشتی و بابەتی موچەی خەلکی کوردستان بابەتێکی زۆر هەستیارە، مرۆڤ کە دیمەنی مان گرتنی مامۆستایان لە سلێمانی دەبینێت وەکو کەسێک کە قوربانی بۆ ئازادی کوردستان داوە دڵی ژان دەکات.

لە ڕاستیدا بابەتی موچە بەر لەوەی لە بەغدا دەبێت بەدوور بێت لە کێشمەکێشە سیاسییەکان،پێویستە لە هەرێم ئەو کارە بکرێت، واتە پێدانی موچە بۆ حکومەت نابێت دەستکەوت و منەت بێت چونکە ئەرکە و مافی خەڵکە، هەروەها بۆ حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن نەهاتنی بودجە و موچە نابێت جێگای خۆشحالی و دەرفەت بێت، بۆ لێدان لە حکومەت و حزبەکانی دەسەڵاتدار، لەبەر ئەوەی ئەوە مافی گەلی کوردستانە و ئەرکی هەموو لایەنەکانە و نابێت مساومەی لەسەر بکەن .

لە ڕاستیدا گەرچی زۆر کێشە و کەموکوڕی ئیداری لە هەرێم هەن،کە چارەسەر نەکردنیان بە شێوەی ڕیشەی چیتر هیچ بیانوێک هەڵناگرێت و تەحەمول ناکرێت، بەڵام بابەتی موچە و بودجە بۆ هەرێمی کوردستان بەگشتی بابەتێکە پەیوەستە بە ئاسایش و دەسەڵاتەکانی هەرێم لەناو عێڕاقدا، بەداخەوە گەلی کوردستان ئەزمونێکی تاڵی لەگەڵ عێڕاق هەیە. خۆزگە عێڕاق دەوڵەتێکی دیمۆکراسی پێشکەوتووی وەکو وڵاتانی سکاندیناڤیا دەبوو، بۆ ئەوەی گەلی کوردستان هیچ مەترسییەکی لەسەر مافەکانی، لە وانە مافی بودجە و موچەش نەدەبوو، کە وەکو چەکێک دژی هەرێمی کوردستان بەکار نەهێندرێت بۆ ئەوەی خەڵک لە دەسەڵاتی کوردی بێزار بێت و داوای حوکمی ڕاستەوخۆی ناوەند بکات، بۆیە هەر هەنگاوێک کە دەسەڵاتەکانی هەرێم و گەلەکەی بەرانبەر بە دەوڵەتی فیدڕال کەم بکات ،لەڕووی نەتەوەیی و ئاسایشەوە زوو بێت یان درەنگ بە زیانی گەلی کوردستان و هەموو حزبە کوردستانییەکان دەشکێتەوە .

ڕەنگە بەربەستی سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان لەهەرێم بگەڕێتەوە بۆ نەبوونی گفتگۆیەکی نیشتمانی ڕاستەوخۆ و فراوان و ڕاشکاوانەی نێوان لایەنە سیاسییەکان، کە بە ئامادە بوونی نوخبەیەی ئاکادیمی و ڕۆشەنبیری بە توانا و دڵسۆز لە جەوهەری کێشە سەرەکییەکان بکۆڵدرێتەوە و نەخشە ڕێگایەکی نیشتمانی بۆ چارەسەرکردنی دابندرێت، کە هەموان لەسەری کۆک بن و پێکەوە هەوڵ بۆ چارەسەر کردنیان بدەن.

بەو هیوایەی کە گشت لایەنە سیاسییەکان هەست بە باری دەرونی و ژیانی هاووڵاتیان و هەستیاری دۆخی ناوچەکە بکەن.

بەو هیوایەی وەفدی هەرێم لە بەغدا بتوانێت بە لایەنی کەمەوە کێشە و بودجەی گەلی کوردستان بۆ ئەم ساڵ چارەسەر بکات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP