دواین هەواڵ

با کوردستان نەبێتە هاوشێوەی ئەفغانستان و لوبنان

‌ نەزهەت ‌حالی

04/10/2023

لە زۆربەی نوسینەکانی ڕابردومدا هەمیشە جەختم لە  تەبایی و گرنگی یەکگرتنی ناوخۆییمان کردۆتەوە ، ڕەنگە زۆرینەی خوێنەرانی بابەتەکان تێبینی ئەمەیان کردبێت.
 دەکرێت ئەو هەموو پێداگیریی و جەختکردنەوە لەسەر یەکگرتن لە نوسینەکانمدا لای خوێنەران جێگای سەر سوڕمان بێت، بۆیە پێویست بوو لەم نوسینەدا بابەتەکە زیاتر ڕوون بکەمەوە.

دابەش بوونی کۆمەڵگا بە سەر جەمسەرەکان بە تایبەت جەمسەربەندی قوڵ و توندی سیاسی (استقطاب السیاسی)  مەترسی لە سەر سیستمی دیموکراسی دروست دەکات بۆنموونە  ڕێگە دەگرێت لە سازانی یاسایی لەپێناو دەرکردنی یاساکان، پەنا بردن بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان لە دەرەوەی دادگاکان… تەنانەت هەندێ جار دەبێتە هۆی تێکچوونی ئاسایش و سەقامگیری وڵات و سەر دەکێشێت بۆ پەنا بردنی لایەنەکان بۆ بەکار هێنانی هێزی چەک و توند و تیژی بۆ یەکلا کردنەوەی ناکۆکییەکان، هەروەها ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ دەستوەردانی دەرەکی.

نیگەرانیم لە داهاتوی هەرێم لەو کاتانە زیاتر دەبێت کە دەبینم ئەو ڕق و کینە سیاسییەی ناوخۆییمان و ئەو پەرتەوازەییە چەند زیانی بە کورد و پرسە ڕەواکەی و مافەکانی گەیاندووە. هەمیشە ئەو وتەیەی دۆستێکی بیانیم لە کۆتاییەکانی (شەڕی داعش) دێنێتەوە یاد کە پێی گوتم ، وریابن دۆخی وڵاتەکەتان  وەکو ئەفغانستان و لوبنانی لێ نێت.

لێکترازانی سیاسی سەخت لەو کاتانەدا زۆر زیان بە وڵات دەگەێنێت کە دامەزراوە فەرمییەکان  لاواز بن و توانای کۆنتڕۆل کردنی بارودۆخەکەیان نەبێت، یان لەو کاتەی دامەزراوە سەربازی و ئەمنی و هێزەکانی سەپاندنی یاسا، ببنە بەشێک لە جەمسەربەندییەکان.

لەبەر درککردن  بە مەترسی زیاتری ئەو لێکترازانە و دەرهاویشتە نەرێنییەکانی لەسەر هەرێمەکەمان، و بۆئەوەی بەدەردی دۆخی ئەفغانستان و لوبنانی لێ نەهێت ، هەروەها لەبەر ئەوەی هیچ هەنگاوێکی کرداری بەرهەمدار بۆ یەکگرتنی ناوەخۆیی لە هەرێم نەهاوێژراوە، سەرەڕای ئەوەی کە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ناوچەیەکی جیۆپۆلیتێکی ئاڵۆزەوە و ئێمە لەو ناوچەیەدا زیاتر لە هەموو نەتەوەکانی تر  پێویستیمان بە یەکگرتنی ناوەخۆیی هەیە، هەر بۆیە من و خەڵکانی وەکو من ناچار بوون بە بەردەوامی باس لە گرنگییەکانی یەکگرتن و مەترسییەکانی ناتەبایی بکەن.

بە دیدی من ئەوەی ئێمە دەتوانین بە یەکگرتن و سیاسەتی ژیرانە و بە ئاشتیانە و کاری پێکەوەیی لەو سەردەمەدا بەدەستی بهێنین، بە پەنا بردنە بەر توند و تیژی و بە پەرتەوازەیمان لە ناوخۆ بە ئاسانی لە دەستی دەدەین.

ئاماژەکان بەرەو ئەوەن کەئەگەر چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەی لێکترازان و سیستمی بەڕێوە بردنی وڵات نە دۆزرێتەوە، ناتوانین ڕوبەڕووی ئەو ئالنگارییە دارایی و سیاسییانەی لە بەغداوە ڕوبەڕووی هەرێم دەبنەوە ببینەوە . هەروەها ناتوانین هەڕەشەکانی وەکو دیادەی گەندەليش کەم بکەینەوە، هەرچەند ئەگەر قەڵاچۆ کردنی گەندەلی ، دروشمی  زۆربەی پارتە سیاسییەکانیش بێت.

بڵاو بونەوەی گەندەڵی بە شێوەیەکی فراوان و لە هەموو ئاستەکاندا مەترسی جدی  بۆ سەر کۆی سیستمی سیاسی وڵاتان دروست دەکات ، تا ئەو ڕادەیە کە لی کوان یوی باوکی دامەزرێنەری سەنگاپورا دەڵێت گەر گەندەلی لە ئاستی هەرە باڵا و لە سەرەوە بۆ خوارەوە لە وڵاتێکدا بڵاو ببێتەوە، تەنیا چارەسەر کردنی بە  شۆڕش دەبێت.

بەڵام لە ڕاستیدائەنجامی شۆڕشەکانیش هەمیشە باش و بە دڵی شۆڕشگێڕان نابێت.

شۆڕش بە مانای هەڵچوون و سەرهەڵدانی جەماوەر بۆ گۆڕینی کۆی سیستمی سیاسی و فەرمانڕەواکانیان، کە ڕووداوێکی ڕادیکالی هەمە لایەنە دژ بە دەسەڵاتی خۆسەپێن کە دەرفەتی گۆڕینی بەڕێگای دیموکراسی ئەستەم بێت، جیاوازە لە بزوتنەوە ڕزگاریخوازەکان.

پەنا بردنە بەر شۆڕش هەمیشە هەڵبژاردنێکی باش و بێ زیان نیە،   هەر بۆیە باشترین چارەسەر بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری ئەرێنی و بۆ دوور خستنەوەی وڵات لە ئەگەری شۆڕش، بریتیە لەوەی کە لە پاڵ ڕیفۆرمی ڕاستەقینەی خێرا و ڕیشەیی، پرۆسەی گەشە سەندن و پەرەسەندنی بەردەوامی سیاسی ،ئابوری ، یاسایی و کۆمەڵایەتی بەڕێوەبچێت.

کەئەوەش لە سایەی هەبوونی داد پەروەری و حوکمڕانی باش دەستەبەر دەبێت. عەدالەتیش بەبێ یاسای دادپەروەرانە و مودێڕن و بە بێ بوونی هێزی سەپاندنی یاسای نیشتمانی بێ لایەن ناهێتە دی.

لە وڵاتانی دیموکراسی پێشکەوتوودا زۆر هوشیارن لەوەدا کە هێزی ڕەها لە دەستی تاقمێک یان تاکە کەس کۆنەبێتەوە بۆ ئەوەی دادپەروەری بپارێزن .چونکە کۆ کردنەوە و پێدانی هەموو دەسەڵاتەکان بە کەسێک هەروەک مۆنتسیکۆ دەڵێت : دەبێتەوە هۆی ئەوەی گرنترین دەسەڵات کە دادپەروەرییە لێی بسەندرێتەوە.

سەرەڕایی دۆخێکی زۆر نا لەبار ، بەڵام ئێمە لە خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویداین ، ئەو تەنگەژە و قەیرانانە دەرفەتی شاراوەیان تێدایە، گەر بیاندۆزینەوە و پێکەوە هێزی ناوخۆمان و عەقلانیەت لە سیاسەتدا پەیڕەو بکەین.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP