دواین هەواڵ

توركیا بۆچی كەوتووەتە ناو ئەو قەیرانە سەختەی داراییەوە؟

‌كارزان گلی

6 رۆژ پێش ئێستا

بەگوێرەی بەدواداچوونێكی ئەنیستیتۆی پەرەپێدانی دیموكراتی، كە سەنتەرەكەی لە لۆندرایە، لەوەتەی شەڕی نێوان دەوڵەتی توركیا و پەكەكە دروست بووە، كە 40 ساڵ زیاترە، تاوەكوو ئێستا دەوڵەتی توركیا 3 ترڵیۆن دۆلاری خەرج كردووە، بیر لەو پارەیە بكەرەوە چەند زەبەڵاحە و بەو پارە دەتوانرا توركیا بگەیەنێرێتە چی ئاستێك لەڕووی ئابوورییەوە.

لە 2000 توركیا چووە ناو قەیرانێكی سەختی دارایی، ئەوكات گەلی توركیا زۆر توڕەبوون لە حكوومەتەكەیان، بۆیە حكوومەت هەڵوەشایەوە و لە 2002 یەكێك لەو هۆكارانەی وای كرد ئاكەپە سەركەوتوو بێت و بەتەنیا حكوومەت پێكبهێنێت، ئەو پلانە ئابوورییە گەورەیە بوو كە بەڵێنی دابوو جێبەجێی بكات.

راستە ئاكەپە لەوەیاندا سەركەوتوو بوو، كە رەوشی ئابووری زۆر باش كرد و سفرەكانی سەر دراوی توركی لادا و قەرزەكانی توركیای دایەوە و داهاتی تاك زیادی كرد، بەڵام ئەی بۆچی دوای 20 ساڵ لە حوكومڕانی ئاكەپە، توركیا هاتەوە خاڵی سفر و رەوشی ئابووریی وەكوو 2000ی لێهاتەوە؟ هۆكارەكەی روونە، چارەسەر نەكردنی پرسی كوردە، تا لە توركیا پرسی كورد چارەسەر نەكرێت، رەوشی ئابووریی توركیا باش نابێت. ئاخر بیر بكەرەوە ئەگەر ئەو 3 تڕلیۆن دۆلارەی دەوڵەتی توركیا لە شەڕدا لەگەڵ پەكەكە خەرجی كردووە، بۆ توركیا و گەلەكەی خەرجی بكردایە، ئێستا دەكەوتە ناو ئەو قەیرانە داراییە؟ بێگومان نەخێر، چونكە بە چارەسەركردنی پرسی كورد، توركیا چەندین هەنگاو لەڕووی دیموكراتییەوە دەچێتە پێش و لە یەكێتی ئەورووپاش نزیك دەبێتەوە و بوونیشی بە ئەندام لەو یەكێتییە ئاسانتر دەبێت.

بەر لەوەی پەكەكە دروست بێت، پارتی سۆسیالیست و چەند بزوتنەوەیەكی تر لە توركیا هەبوون و كاریان بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد بەشێوەیەكی ئاشتیانە و دوور لە شەڕ كردووە، بەڵام توركیا ئەو بزوتنەوانەی قبوڵ نەبوو، دژیان وەستایەوە و بەتوندترین شێوە رووبەڕوویان بوویەوە. هەروەها لە سەردەمی عوسمانییەكانیشدا كاتێك كورد دەنگی هەڵدەبڕی و داوای مافی خۆی دەكرد، ئەوان بەشەڕ و كۆمەڵكووژكردنی كورد وەڵامیان دەدانەوە، واتە دەوڵەتی توركیا هەرگیز رێگەی ئاشتی بەرامبەر بە كورد نەگرتووەتە بەر.

دەوڵەتی توركیا لەرێگەی دەزگای هەواڵگرییەوە بیری لەوە كردەوە كارێك بكات، سۆسیالیستەكان و ئەو كوردانە بتوێنێتەوە كە داوای مافی كورد دەكەن بە ئاشتیانە، بۆیە پەكەكەی دروست كرد، كە دەڵێم پەكەكەی دروست هەر لە خۆڕا نییە، بەڵكوو عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، بەئاشكرا گوتویەتی و نەیشاردووەتەوە كە میتی توركیا، دەستی لە دروستكردنی پەكەكەدا هەبووە، بەڵام ئێمە ئەوانمان بەكارهێنا بۆ بەهێزكردنی خۆمان.

كەمال بوركای، سەرۆكی پێشووی پارتی سوسیالیستی توركیا و هەروەها سیاسەتمەداری بەناوبانگی باكووری كوردستان، لە نووسینێكدا لەبارەی گوتەی ئۆجەلان لەبارەی ئەوەی تا چەند میتی توركیا دەستی لە دروستبوونی پەكەكەدا هەبووە دەڵێت: ”ئۆجەلان گوتویەتی، پەكەكەمان بەهاوكاری میتی توركیا دروست كرد، لە ماوەی سێ ساڵدا ئەوان نان و چەكیان پێداین، هەروەها ئەوان ئێمەیان پاراست. ئەوەی ئەوان داوایان لە ئێمە كرد بیكەین، شەڕكردنمان بوو لەگەڵ پبزوتنەوەكانی تری كورد، ئێمەش بۆ ماوەی سێ ساڵ ئەوەی ئەوان ویستیان كردمان“ بەڵام بوركای باسی لەوە نەكردووە كە ئۆجەلان، دەڵێت ئێمە دوایی لێیان هەڵگەڕاینەوە و ئیدی رێگەی خۆمانمان گرتە بەر، دەشڵێت ئێمە میتمان بەكارهێنا بۆ دروستبوونی پەكەكە و پاشان بووینە سەر ئێشە بۆ خۆیان.

بوركای، لە وتارەكەیدا كە لە هەژماری خۆی لە فەیسبووكدا بڵاوی كردووەتەوە، دەڵێت پەكەكە تاوەكوو ئێستاش هەر بۆ لەناوبردنی بزوتنەوەی كوردی پاشەكشەی نەكردووە و ئەژێندای توركیا جێبەجێ دەكات. شەڕی بوركاییەكان و پەكەكە لەوبارەیەوە زۆر قوڵە، دەبێت بەدواداچوونی زۆر ورد بكرێت، چونكە تاوەكوو ئێستایش ئەو دوو بەرەیە ناكۆكن لەسەر ئەوەی، میتی توركیا پەكەكەی دروست كردووە و ئێستایش هەر بەكاریدەهێنێت، هەروەها پەكەكەییەكانیش ئەمە رەتدەكەنەوە و دەڵێن، میت هیچ دەسەڵاتێكی بەسەر پەكەكەوە نییە و ئەوە خیانەكاران و نەیارانی پەكەكەن، تۆمەت و گوتەی ناڕاست بڵاودەكەنەوە.

پرسی ئێمە ئەوە نییە، پرسی ئێمە ئەوەیە قەیرانی دارایی توركیا چۆن چارەسەر دەبێت؟ چارەسەرەكەی چارەسەربوونی پرسی كوردە، دەبێت مافی كورد بدرێت و وەكوو هاووڵاتییەكی تورك مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و لە دەستووردا زمان و ناسنامەكەی دانی پێدا بنرێت. هەروەها نییەتێكی باشی بۆ ئاشتی هەبێت، ئەوكات قەیرانی دارایی لەڕەگەوە چارەسەر دەبێت.
دەكرێت نموونە بە 2002 بهێنینەوە، كە ئاكەپە نییەتی باش بوو بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد و لە 2013 پرسی چارەسەری هێنایە بەرباس و داهاتی تاك زیادی كرد و رەوشی ئابووریش زۆر باش بوو، بەڵام بەهەڵگیرسانەوەی شەڕ، قەیرانی دارایی سەری هەڵدایەوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP