ئومید ئۆزداغ، سەرۆكی پارتی زەفەر لە توركیا، بەتۆمەتی ئەوەی لە وتارێكدا لە ئەنتاڵیا سووكایەتیی بە سەركۆماری توركیا كردووە، داوای یاسایی لەسەر تۆمار كرا و خرایە زیندانەوە. دەستگیركردنی ئۆزداغ، قسەوباسی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، جەهەپە و چەند پارتێكی تری سیاسی دژی دەستگیركردنین و دەڵێن ئەمە زەنگێكی مەترسییە بۆ داهاتووی توركیا، بەڵام كورد خۆی لێ بێدەنگ كردووە، تەنانەت بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ پشتگیری لە دەستگیركردنی دەكات.
ئۆزداغ، سیاسییەكی زۆر توندە، بەتایبەت بەرامبەر بە كورد، ئەو لەسەر سووكایەتی بەكورد و دژایەتی كورد و ئەو نەژادپەرستییەی هەیەتی لە مەیدانی سیاسەتدا بوونی هەیە و خاوەنی دەنگێكی زۆریشە، بەڵام كاتێك سووكایەتیی بە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا دەكات، ئیدی دەرگای زیندانی بۆ دەكەنەوە.
بەشێك لە سیاسییەكان پێیانوایە، ئەوكاتەی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە خرایە زیندانەوە، هەموو بێدەنگ بوون، ئێستا نۆرەی ئێوەیە.
شیرین پایزین، رۆژنامەنووسی دیاری توركیا، لە هەژماری خۆی لە (X) دەنووسێت: ”نەدەبوایە ئەوكاتەی دەمیرتاش دەستگیر كرا بێدەنگ بن، چونكە عەدالەت بۆ هەموومان پێویستە.“
جەهەپە، كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، بەتوندی دژی دەستگیركردنی ئۆزداغ هاتووەتە دەنگ، دەڵێن ئەمە زەنگێكی مەترسیدارە، هەروەها داهاتووی توركیا دەخاتە ژێر پرسیار و نابێت هیچ لایەنێك بێدەنگی بنوێنێت.
میدیاكانی سەر بە جەهەپە بڵاویان كردووەتەوە، ئەردۆغان بۆ ئەوەی بتوانێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی توركیا سەركەوتوو بێت، دەبێت هەموو ئەو كەسانەی لەنگەرن لەبەردەمیدا لەناو ببات، كە ئۆزداغیش یەكێكە لەوان.
ئۆزداغ، رۆژانە لە هەژماری خۆی لە سۆسیال میدیا، سووكایەتی بە كورد دەكرد، تەنانەت وشەی زۆر نەشیاوی بەرامبەر بە شێخ سەعیدی پیران بەكاردەهێنا و شەرعیەتیشی دەدایە هەموو ئەو كۆمەڵكووژیانەی بەرامبەر بە كورد كراوە.
حەسەن بیلدریجی، نووسەری دیاری باكووری كوردستان، دەڵێت هەر كوردێك پێی ناخۆش بێت ئۆزداغ دەستگیر كراوە، دەبێت گومان لە كوردبوونی خۆی بكات.
بیلدریجی پێیوایە، دەبێت كۆتایی هەموو نەژادپەرستێكی وەكوو ئۆزداغ زیندان بێت، چونكە ئەوانە نەخۆشن و دەبێت لە زینداندا بن.
جیا لە ئۆزداغ، دوو سەرۆك شارەوانیی سەر بە جەهەپە لە ئیستانبۆڵ، شارەوانییەكانیان قەیوم كرا و بۆ خۆشیان خرانە زیندانەوە. هەروەها دۆسییەی دادگاییكردنی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆل لە دادگایە، چاوەڕوان دەكرێت ئەویش بخرێتە زیندانەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، جەهەپە ئامادەكاری دەكات، تا كۆبوونەوەیەكی زۆر گرنگ ئەنجام بدات و لەو كۆبوونەوەیە بڕیار دەدەن، كە چۆن رووبەڕووی حكوومەت ببنەوە، لەبەرامبەر ئەو قەیومانەی بۆ شارەوانییەكانی ئەوانیان داناوە.
گوتەیەكی دەمیرتاش، بەر لەوەی دەستگیر بكرێت لە سۆسیال میدیا زۆر دادەنرێت، كە گوتبووی: ”ئەگەر ئێوە بێدەنگ بن بەرامبەر بە دەستگیركردنی هەدەپەییەكان و قەیومكردنی شارەوانییەكانی هەدەپە، رۆژێك دێت حكوومەت بوێری ئەوەی دەبێت ئێوەش دەستگیر بكات.“
گوتەكەی هاتووەتە دی و ترسێكی زۆر گەوە هەیە، ئیمامئۆغڵو بخرێتە زیندانەوە.
بەڵام دەم پارتی، كە خاوەنی ٦١ كورسی پەرلەمانە، تاوەكوو ئێستا هیچ لێدوانێكی لەبارەی دەستگیركردنی ئۆزداغەوە نەداوە و پێشناچێت هیچ هەڵوێستێكی هەبێت، چونكە ئۆزداع لەلای باكورییەكان كەسێكی قێزەونە و بەهەموو شێوەیەك رەتی دەكەنەوە، بۆیە ئەگەر حكوومەت بیخاتە زیندانەوە، بەدڵی كوردە و تەنانەت لە رێگەی سۆسیال میدیاوە، كوردەكات دەستخۆشی زۆر لە حكوومەت دەكەن، كە فاشستێك و نەژادپەرستێكی وەكوو ئۆزداغیان دەستگیر كردووە.