دواین هەواڵ

كارتی فشاری یەپەگە دژی تەحریر شام بەئاسانی فیدڕاڵی لێ بەرهەم دێت

‌كارزان گلی

پێش 3 هەفتە

كارتە فشارەكانی یەپەگە، دژی حكوومەتی كاتی سووریا زۆرن، بەڵام دوانیان باس دەكەم، كە میدیاكانی ناوەخۆ و تەنانەت جیهانیش بەكەمی باسیان كردووە و دەكرێت بڵێم، كاریگەرترین كارتی فشارن، كە یەپەگە دەتوانێت هاوكێشەی سیاسی پێ بگۆڕێت.
یەكەم: لە سووریادا نەوتێكی زۆر بوونی هەیە، ٨٠٪ی ئەو نەوتەش كەوتووەتە خاكی سوپای هەسەدە، كە یەپەگە هێزێكی سەرەكی ئەو سوپایەیە. پێشتر هەسەدە رۆژانە ٢٠٠ تا ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە، ئێستا زانیارییەكان روون نین، ئاخۆ بەرهەمی رۆژانەی نەوت چەندە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەگەر رەوشی ئاساییشی سووریا بەرەو باشی بچێت و كۆمپانیای بیانی روو لە سووریا بكەن بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و لێدانی بیری تازە، وەكوو ئەوەی پێشبینی دەكرێت، رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی ٨٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەیە.

توركیا، چاوی لەوەیە، رۆڵی گەورەی هەبێت لە بەرهەمهێنانی نەوتی سووریادا، بۆیە كارتی فشاری یەپەگە لەوڕووەوە زۆر زۆر گرنگە. ناتوانن بەشەڕ كۆتایی بە یەپەگە بهێنن، چونكە شەڕێكی خوێناوی ناوەخۆی لێ دروست دەبێت و هیچ لایەنێك سوود لەو نەوتە نابینێت، بەهۆی ئەوەی هیچ كۆمپانیایەكی بیانی ئامادە نییە، لە شوێنێك وەبەرهێنان بكات شەڕی لێ بێت، لە كاتێكدا سووریا زۆر پێویستی بەو نەوتەیە بۆ بونیادنانەوەی وڵات، كەواتە ناچارە لەسەر مێزی گفتگۆگۆ دابنیشێت و داوای كورد لە سووریا جێبەجێ بكات.

دووەم: سووریا بەر لە شەڕی ناوەخۆ، لەڕووی كەرتی كشتوكاڵییەوە زۆر بەهێز بوو، توانای دابینكردنی هەموو بەرهەمێكی كشتوكاڵی وڵاتی هەبوو، لەمەشیاندا زیاتر لە ٦٠٪ی ئەو خاكەی بۆ كشتوكاڵ بەكاردێت، كەوتووەتە خاكی هەسەدە، كەواتە ئەمەش دەبێتە كارتێكی فشاری زۆر گەورە بەدەست هەسەدە، كە دژی تەحریر شام بەكاری بهێنێت.

هەر بۆ زانیاریتان، زیاتر لە ٥٠٪ی ئاوی پاكی تەواوی سووریا، هەر دەكەوێتە رۆژئاوای كوردستان، ئەمەش مایەی دڵخۆشییە و دەكرێت هێزێكی گەورە بداتە كورد، تا لەسەر مێزی گفتوگۆدا، مافی كورد، جا فیدڕاڵی بێت یان زیاتر بەدەست بهێنرێت.

بەڵام هەموو ئەمانە، عەقڵێكی گەورەی سیاسی دەوێت، دەبێت هەموو عەقڵە گەورەكانی كورد پشتی یەكتری بگرن و بەیەك گوتار و یەك هەڵوێست، ئەم كارتە فشارانە لەسەر مێزی گفتوگۆ بەكاربهێنن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP