لە دوێنێوە فەرەنسا و ئەڵمانیا نەبوونەتە گەورەی ئەوروپا، بەڵکو تا پێش جەنگی دووەمی جیهان، کێشە و ململانێی سەرەکی لە ئەوروپا لە نێوان ئەم دوو زلهێزەدا بوە، لەو نێوانەشدا بەریتانیا ئەو ڕۆڵەی گێراوە کە لە ئەدەبیاتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا پێی دەوترێ بەلانسەر (Balnanser). لێرەوەیە کە سەردانی هاوبەشیان بۆ لای جۆلانیی بایەخەکەی زۆر لەوە زیاترە کە بەجیا جیا بیانکردایە. لە دواییدا ئەوانن کە ڕابەرایەتیی ئەوروپا دەکەن. لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترامپدا، تەنانەت کار گەیشتە ئەو ئاستەی ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا باسی دامەزراندنی هێزێکی سەربازی ئەوروپایی لەگەڵ مێرکڵی ڕاوێژکاری ئەو دەمەی ئەڵمانیا بکات.
بایەخی وردی ئەم سەردانە دادەنێم بۆ وتاری داهاتوو، بەڵام ئێستا باس لە گرنگیی سەقامگیریی ئەم دوو وڵاتە و ئەوروپا بەگشتیی، بۆ ئەم چرکەساتەی جیهان و ناوچەکە و کوردستانیش دەکەم. چونکە لە کاتی سەندنەوەی متمانە لە حکومەتەکەی فەرەنسا، زەنگی مەترسییم لەو کارە و ئەوەی لە کۆریای باشوور ڕوودەدات لێدا.
ساڵی پار کە چەپەکانی فەرەنسا هەڵبژاردنیان بردەوە، و لە بەریتانیاش توانییان حکومەت پێک بهێنن، هاوڕێ چەپەکانمان لە کوردستان نوقڵانەی سەردەمی هەستانەوەی چەپیان لێدا. ئەو دەمە ئێمە پێمانوابوو، نەک هەر سەردەمی چەپ نیە، بەڵکو ڕاستییەکەی ئەوەیە کە سەردەمی هەڵچوونی ڕاستڕەو دەستی پێکردوە، بەڵام لەمەش ترسناکتر بەلای ئێمەوە، ئەوە بوو کە هەندێک لە چەپەکان، لەوانەش میلانشۆنی فەرەنسا لەئاستی دیموکراسیی جیهاندا هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ توندڕەوترین ڕاستڕەوەکاندا نیە.
لەپاڵ ئەو بۆچوونانەماندا کە لەزنجیرە کۆڕێکی هەفتانەی ناوەدنی چاودێر، بەڕێوە چوون و دکتۆر ئەکرەمی میهرداد، دکتۆر کاوە مەحمود، کاک مەلا بەختیار و ئێمە بەشدارییمان تێدا کرد. ئێمە لە کۆڕی خۆماندا باسمان لە مەترسیی فراوانخوازانەی پوتن و ڕووسەکان کرد، بەتایبەتیش بەرەو ئەفریقیا. وا ئێستا پوتن بنکەکانی سوریا و دەیان ئەفسەری ڕژێمی پێشووی سوریا دەگوێزێتەوە بۆ لیبیا. ئەو دەمە ئێمە وامان خستە ڕوو، کە لەگەڵ هاتنەوەی ترامپدا، ئەوروپا دوچاری تۆقینێک دەبێت، سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیا و چارەنووسی ناتۆ، کە هەردوکیان لەگەڵ هاتنەوەی ترامپدا دەکەونە بەر مەترسیی خەڵاتکردنی پوتنەوە لەلایەن ترامپەوە، ئەمەش بۆ خۆی لەگەڵ هەڵچوونی ڕاستڕەوەکاندا مەترسییەکی گەورە دەخاتە سەر ئایندەی، نەک هەر پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی جیهان، بەڵکو لەناو چەقی وڵاتانی دیموکراتیشدا، دیموکراسی دەخاتە بەردەم مەترسیی گەورەوە.
لەو کۆڕەدا ئێمە وامان باس کرد کە میلانشۆنی چەپ لە فەرەنسا، هاوتای ستارمەری چەپی بەریتانی نیە، بەڵکو هاوتای باردیلای فەرەنسی و نایجڵ فەراجی بەریتانییە کە هەموویان پێکەوە داوای کشانەوەی ئەو دوو وڵاتە لە پایمانی ناتۆ دەکەن، ئەمەش بۆ خۆی بەرەی جیهانیی دژ بە فراوانخوازییەکانی پوتن -کە لەو کۆڕەدا بە ترسناکتر لە هیتلەر ناومان برد- بەجۆرێک لاواز دەکات، کە لەگەڵ هاتنەوەی ترامپ و هەوڵەکانی ڕاستڕەوەکانی لەبابەت ڤیکتۆر ئۆربانی سەرۆکی هەنگاریا و ئەگەری هاتنە سەرکاری چاوەڕوانکراوی ڕاستڕەوەکان لە وڵاتانی دیکەی ئەوروپادا، ئیدی ئەو جەنگەی ئۆکرانیا بە ئاراستەی سەرکەوتنی پوتن دەچێت، ئەمەش بۆ خۆی، هەوڵە فراوانخوازەکانی لە ئەفریقیا، بەرەو بیناکردنی ئەوەی لەو دواییانەدا بە (پەیمانی وارسۆ)ی ئەفریقی هەنگاو دەنێت. ئەمەش بەیەکجارەکیی ئەوروپا دەخاتە ناو گەمارۆیەکی ترسناکەوە، بەتایبەتیش پاش سەرکەوتنیان لەوەدەرنانی فەرەنسا لە سێ وڵاتی ئەفریقیادا. لەم لینکەوە دتوانن تەواوی کۆڕەکە لە یوتیوبەوە ببینن.
ئێستا ترامپ هاتەوە، بەڵام ئەوەی گۆڕاوە دەرکردنی ڕووسیایە لە هاوکێشەی سوریا، ئەمەش بێدەنگیی و دڵخۆشبوونی ئەوروپامان لەبەرامبەر ڕووخاندنی ئەسەددا بۆ تەفسیر دەکات، هەر بۆیە مەرجی سەرەکییان بۆ هاوکاری حوکمڕانانی نوێی سوریا، دەرکردنی بێپێچوپەنای ڕووسیایە لەو وڵاتە. پێدەچێت چڕکردنەوەی هەوڵەکانی ڕووخاندنی ڕژێمی ئەسەد بە دیوێکیدا جۆرێک لە خۆئامادەکردن بووبێت بۆ هاتنەوەی ترامپ. کە گۆڕینی هەندێک هاوکێشەی کردە ئەرکێکی خێرای حەیاتیی. وا جەنگێکی بێئامانی ڕەوتی ڕاستڕەوی ئەمریکی بە ڕابەرایەتی ئیلۆن ماسک لە دژی ئەوروپا دەستی پێکردوە. سەرەتاکەشی زۆر بەزەقی بەشەڕفرۆشتن بە هەر یەک لە بەریتانیا و ئەڵمانیا دەستی پێکردوە.
لە دەرەوەی نۆستالژیای ناعەقلانیی چەپەکانی ئێمە و جیهان بۆ هاتنەوەی چەپ و دژایەتیکردنی ئیمپریالیزم، ئەوەی ئێستا لە مەترسیدایە زۆر ترسناکتر و گەورەترە لە حیساباتی ئایدیۆلۆژیی و چینایەتی. مەترسییەکەشی زۆر لە ململانێی سەرمایەداری و سۆشیالیزم گەورەترە. ئێستا خودی دیموکراسیی جیهانیی لە مەترسیدایە، کە پارێزەرە ڕاستەقینەکانی ڕەوتی ڕاستی میانڕەوە، بەهاوکاری ڕەوتی چەپی میانڕەو، کە دەتوانین ناوی ڕەوتی مامناوەندی لێ بنێین. ئاخر ئەوە چ چەپێکە کە لەگەرمەی هاتنەوەی ترامپ و هێرشی بێئامانی ئیلۆن ماسکدا، هاوکاری ڕاستڕەوە توندەکانی فەرەنسا دەکات بۆ سەندنەوەی متمانە لە حکومەت، لەوەش ترسانکتر، سەندنەوەی متمانە بوو لە حکومەتەکەی شۆڵتز لە ئەڵمانیا. لەمانەش هەموو خراپتر ئەوەیە کە حکومەتەکەی ستارمەر لە بەریتانیا بەکۆمەڵە قەیرانێکی ترسناکدا تێدەپەڕێت، لە کاتێکدا کە گروپی ڕاستی توندڕەو لە هەڵچووندایە، نەک ڕاستی میانڕەوی پارتی پارێزگاران.
ئەوانە و زۆر لایەنی دیکەش مەترسی گەورەن بۆ داهاتووی جیهان و پرۆسە دیموکراسییەکەی، بەڵام لەمانە هەموو خراپتر، ئەوەیە کە ئەوانە دەوڵەتی گەورەی خاوەن کاریگەریین، هەربۆیە سەقامگیریی، یان شڵەژانیان کار دەکاتە سەر سەقامگیریی و شڵەژانی جیهان و بەتایبەتیش ئێمە و ناوچەکەمان. ئەوروپا و ناتۆ دۆست هاوبەرژەوەند و هاوسەنگەری ئێمەن لەجەنگی دژەتیرۆردا. ئەوروپا دۆستی پتەوی ئێمەن، بەڵام ئەو ئەوروپایەی لە ئەنجامی هاتنەسەرکاری چەپ و ڕاستی توندڕەو لە ئایندەدا، ئێمە نایانناسین، نامانناسن. ڕوونیش نیە تێگەیشتنیان بۆ مافە ڕەواکانی ئێمە و قەوارەکانمان لە باشوور و ڕۆژئاوا، بەگشتییش سەبارەت بە دۆزە ڕەواکەی نەتەوەکەی ئێمە چییە، و لەداهاتووشدا چۆن دەبێت.
لەم ڕوانگەیەوە سەقامگیریی ئەوروپا و بەتایبەت ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا کە دۆستی پتەوی ئێمەن لە هەموو کوردستان، لە ڕۆژئاواش ١٠ ساڵ زیاترە پێکەوە لەگەڵ ئەمریکا هەموو هەوڵێکیان خستۆتە گەڕ بۆ یەکخستنی ئیرادە و هێزە کوردەکانی ئەوێ.
مانگی داهاتووش هەڵبژاردنی ئەڵمانیا بەڕێوەیە، بەو هیوایەی سەقامگیرییەک وەدی بێت کە لە بەرژەوەندی نەتەوەکەی ئێمەشدا بێت، بەتایبەت کە جیهان بە دوا دواییەکانی قۆناغی ڕاگوزەر بەرەو سیستەمی نوێی جیهاندا تێدەپەڕێت.