دواین هەواڵ

سەرکەوتنە کەموێنەکەی ئیسرائیل لە لوبنان

‌سه‌ردار عه‌بدوڵڵا

پێش 2 هەفتە

تێنەگەیشتن بەڵایەکی گەورەیە، بەتایبەتیش ئەگەر سەرچاوەی ئەم تێنەگەیشتنە سۆز و ئایدیۆلۆژیا بێت. میدیا و سۆشیال میدیای عەرەب و بەشێکی زۆری کوردیش، پڕ کراون لەباسی شکستی نەتەنیاهۆ و ناچاربوونی بە ڕاگرتنی جەنگی لوبنان. ئایا ئەمە ڕاستە یان خۆ خەڵەتاندنە و هیچی تر، ئایا ڕاستیی دۆخەکە خۆی چۆنە؟
جەنگ وەکو یاریی فوتبۆڵ وایە، بە ئەنجام دەپێورێت، نەک بەجۆری یاریکردن و وردەکارییەکانی. واتا پرسیار لەسەر ئەنجامی یارییەکە و سەنگ و کاریگەریی ئەو ئەنجامەیە لەسەر پێگە و ڕیزبەندیی هەر تیپێک. هەندێک جار نابێت هەر بەتەنها بە بردنەوەیەکی ئاسایی ڕازی ببێت، چونکە پێویستی بەژمارەی زیاتری گۆڵی پێویستە بۆ پێشخستن، یان پاراستنی پێگەی خۆی لەڕیزبەندییەکەدا. هەندێک جاریش ئاساییە کە بە ئەنجامی یەکسان ڕازی ببێت و بە سەرکەوتن بۆی حیساب بکرێت، چونکە پێگەی لەڕیزبەندیی گشتیی یانەکانی تردا ئەمە دەخوازێت.
ئەم ئاڵۆزییەی ناو کایەی وەرزش و فوتبۆڵ، لە کایەی سیاسەت و جەنگدا زۆر زۆر زیاترە. هاوشێوەی فوتبۆڵ سیاسەت و جەنگیش مەحکومن بەدەرەنجام و ئایا هەر لایەک تا چەند ئامانجی پێکاوە، واتا مەسەلەکە بەوە دەپێورێت کە کێ ئامانجی خۆی پێکاوە و کێش ناچار کراوە دەستبەرداری سیاسەت و هەڵوێست و ئامانجەکانی خۆی ببێت.
لە حەوتی ئوکتۆبەردا، هەرە سەرەکیترین ئامانجی ئیسرائیل و نەتەنیاهۆ، بەشدارینەکردنی هێز وڵاتانی تر بوو، لەپێش هەمووشیانەوە حیزبوڵڵای لوبنان. لەبەرامبەردا بەرەی ئێرانیی لە غەزە و لوبنان و عیراق و یەمەن، جەختیان دەکردە سەر یەکێتی گۆڕەپانەکانی جەنگ لەدژی ئیسرائیل. لەم ئاڵۆزییەدا ئامانجی سەرەکی ئیسرائیل بوو بە لەگۆڕنانی ئەو ستراتیژەی بەرەی بەرامبەر، ئەویش بە جیاکردنەوە و لێکدابڕینی گۆرەپانەکان. بەڵام سەیر لەوەدایە ئەم ڕێککەوتنە کە سەرلەبەری سەرکەوتنێکی مێژووییە کە وێنەی کەمە لە مێژووی نەک هەر ئیسرائیل، بگرە لە مێژوو هەموو جەنگدا.
پێش هەر شتێک ستراتیژی سەرەکی حیزبوڵڵا و بەرەی ئێران بەڕابەرەکەشییەوە، دووچاری شکستێکی زۆر گەورە بوە، بەوەی کە ئەسڵەن دەستبەرداری ستراتیژی یەکێتیی گۆڕەپانەکان بوو. لەبەرامبەردا ئیسرائیل توانیی جیاکردنەوە و دابڕاندنی گۆڕەپانەکان بسپێنێت و بیکات بە ئەمری واقیع، نەک هەر ئەوە بەڵکو ئەمەی بە چاودێری ئەمریکا و فەرەنسا کردوە.
زیاد لەوەش ئیسرائیل کۆمەڵە ئامانجێکی ستراتیژی یەکجار گەورەی پێکاوە، کە ئاسان نەبوو لە خەونیشدا بەتەما بێت ئاوا زوو بیانپێکێت:
جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی، کە دەکاتە چۆڵکردنی باشووری لوبنان لە حیزبوڵڵا تا دەگاتە ڕوباری لیتانیی، گەڕانەوەی سوپای لوبنان بۆ گرتنەدەستی ئاسایشی ئەو ناوچانە، و بەچاودێری هێزی نێودەڵەتیی. ئەمە داوایەک بوو ساڵانێکی زۆر بوو ئیسرائیل دەستەوەستان تەنها جەختی لەسەر دەکردەوە، ئێستا نەک هەر هاتۆتە دی، بەڵکو بە وێرانکردنی تواناکانی حیزبوڵڵاشەوە وەدەستی هێناوە.
ئەوەی سەرەوە جۆرێک بوو لە خەونی دوور بۆ ئیسرائیل، کەچی ئەمجارە و لەپاش ئەم جەنگەوە، نەک هەر سنوورەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل تەئمین دەکات، بەڵکو تەئمینکردنی سنوورەکانی نێوانی لوبنان و سوریاشی کردوە بە مەرج، تاکو ڕاگرتنی ناردنی چەک و تەقەمەنیی لەڕێگەی سوریاوە بۆ حیزبوڵڵا مسۆگەر بکات.
لەوانەش زیاتر ئیسرائیل زەمانەتی ئەوەشی وەرگرتوە، کە لەهەر هەڕەشەیەکی چاوەڕوانکراو لەلایەن حیزبوڵڵاوە، ئەوا تەواوی ئازادیی هەیە بۆ ئۆپەراسیۆن و جەنگ لە لوبنان.
واتا بە تێڕوانێنیکی بابەتیانەی دوور لە سۆز و لایەنداریی، بەئاسانی ئەوە تێدەگەین، کە ئیسرائیل نەک هەر ئامانجی خۆی لەم جەنگەدا پێکاوە، بەڵکو یەک کۆمەڵ ئامانجی دیکەی ستراتیژی دیکەشی پێکاوە کە بەنیسبەت ئەوەوە، خەونی دوور بوون. لەبەرامبەریشدا، بەرەی ئێران دەستبەرداری ستراتیژە سەرەکییەکانی خۆی بوە.
لەوەش ترسناکتر بۆی دەرچوونی سوریایە لەو بەرەیە. حیزبوڵڵاش جگە لە وێرانبوونی تواناکانی و تیاچوونی هەموو سەرکردە سەرەکییەکانی، دەستبەرداربوونی غەزە و یەکێتی گۆڕەپانەکانی قبوڵ کردوە، ملی کەچ کردوە بۆ چۆڵکردنی باشووری لوبنان، کە ئەمەیان تەنها لایەنێکی سەربازیی نیە، بەڵکو سەرلەبەری پاساو و بیانوەکانی مانەوەی هێزە چەکدارەکەی کە (موقاوەمە)ی ئیسرائیل بوو، بەمە هەر هەمووی بەتاڵ دەبنەوە. ئەمەش لە داهاتوودا لە ناو کایەی سیاسیی و کۆمەڵایەتی لوبناندا بەجۆرێکی دەشکێنێت کە لە هیچ حیساباتێکدا نەبوە. بەشی هەرە زۆری دەنگدەرەکەی لە شوێنی خۆی هەڵکەندراوە و ئیسرائیل هەڕەشە دەکات کە نابێ بەتەما ببن بەم زوانە بگەڕێنەوە.
ئەم ڕێککەوتنە لەوەش ترسناکتر، ڕێگە خۆش دەکات بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی لوبنان، کە بەهۆی حیزبوڵڵا و ئێرانەوە زیاد لە دوو ساڵە ڕاگیراوە. ئەم کارەش خۆی دەبێتە مایەی هەڵگێڕانەوەی سەرلەبەری هاوکێشە سیاسییەکانی لوبنان، بەجۆرێک کە حیزبوڵڵا و ئێران دۆڕاوی سەرەکی دەبن.
لە دواییشدا، ئەمە ڕێککەوتنێکی تۆکمەی ئاشتی نیە، بەڵکو ڕێککەوتنێکە لەرزۆکە بۆ ڕاگرتنی شەڕ، کە هەر چرکەیەک ئیسرائیل بیەوێت، و لەبەرژەوەندیدا بێت، دەتوانێت نە ئاسانیی پێشێلی بکات و شەڕ بکاتەوە. ئەم ڕێککەوتنە ئاگربەستێکە کە ئیسرائیل پشوو با سوپاکەی و کۆمەڵگاکەی و ئابورییەکدی دەدات، و خۆی بۆ قۆناغی دواتری جەنگەکە ئامادە دەکات.
وەک دەبینین حیزبوڵڵا و بەرەی ئێرانی لە ناوچەکەدا، نەک هەر هیچ ئامانجێکی خۆیان نەپێکاوە، بەڵکو بە شکستی گەورەوە دەستبەرداریشیان بوون. ئیسرائیلیش نەک هەموو ئامانجەکانی خۆی بەڵکو یەک کۆمەڵ ئامانجی تازەشی پێکاوە کە سەرلەبەری هاوکێشەکانیان پێ هەڵدەگێڕێتەوە. ئەمە هێشتا باسی وێرانبوونی غەزە و چۆڵکردنی لە خەڵکەکەی و وێرانبوونی باشووری لوبنان و ئابووریەکەی و ئەو هەموو قوربانییە دەیان هەزار مرۆییەی لە جەنگێکی عەبەسییدا و بە نەزانیی و دوور لە بەرژەوەندی خەڵکی غەزە لوبنان و دۆزی نەتەوەیی فەلەستین و تەنها و تەنها لەبەر بەرژەوەندییەکانی ئێرانیان هەڵگیرساند.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP