ڕاستە سیستەم و ئۆردەری نێودەوڵەتی دوای جەنگی سارد پڕ لە کەموکوڕیە بەڵام ئایا بەدیلەکەی (ترەمپیزم) باشتر دەبێت؟ئایا سیستەم و ئۆردەرێکی نوێ دێتە کایەوە؟
پاکس ئەمریکانا بە زاراوەی لاتینی بە واتای "ئاشتی ئەمریکی"، کە لە مۆدێلی پاکس ڕۆمانا و پاکس بریتانیکا وەرگیراوە؛ هەروەها پێی دەوترێت ئاشتی درێژخایەن کە زاراوەیەکە بۆ چەمکی ئاشتیەکی درێژخایەن لە نیوەگۆی باکووری زەوى واتە لە ئەوروپا و بەریتانیا و ئەمریکا و دواتر لە جیهاندا دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم لە ساڵی ١٩٤٥ هاتۆتە ئاراوە ، ئەمەش دوای ئەوەی کە ئەمریکا بووە هێزی باڵادەستی ئابووری و کولتووری و سەربازی جیهان.
ئەم زاراوەیە لە دوای جەنگی جیهانی دووەم کاتێک کە پێگەی سەربازی و ئابوری ئەمریکا بەبەراورد بە کۆی گەلانی جیهان لەبەرزتریندا بوو هەربۆیە ئەمریکا پلانی مارشاڵی ڕاگەیاند کە تیایدا ١٣.٣ ملیار دۆلار (هاوتای ١٧٣ ملیار دۆلار لە ساڵی ٢٠٢٣) لە بەرنامەکانی بوژانەوەی ئابووری بۆ وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوای دوای جەنگ خستە گەڕ، ئەم هەوڵەش بە هەوڵی دەستپێکردنی (پاکس ئەمێریکانا) یان بەمانایەکی دیکە ئاشتی جیهانی بەسەرکردایەتی ئەمریکا هاتە ئاراوە پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم پڕۆژەیە بەهاتنی ترەمپ کۆتایی پێ دێت و ئایا سیستەم و ئۆردەری نێودەوڵەتی گۆڕانکاری بەسەردا دێت؟ ئەگەر بەڵێ ئایا چۆن کێ سوودمەند و کێ خەسارۆمەند دەبێت؟
لەگەڵ گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، سیناریۆیەکی تاریک چاوەڕوانی داهاتووی ئەمریکا دەکات. سینارۆیەک بەڕێوەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا هەرگیز کەس بە خەیاڵیدا نەهاتبێت. هەندێک باس لە سیستەم و نزامێکی نوێ ی نێودەوڵەتی دەکەن و هەندێکی تر بە ترەمپیزم ناوی دەبەن.
نزیکەی سی و پێنج ساڵی ڕابردوو، سیستەمی جیهانی لەچوارچێوەی دەسەڵاتی ئەمریکادا ڕێکخراوە. ئەمریکا "سەرکردەی جیهانی ئازادە"، و چەندین وڵاتانی دیکە بە شێوەیەکی خۆبەخشانە بوون بە هاوپەیمانی ئەمریکا کە پێکەوە یەک هێزی سەربازی یەکگرتوییان هەیە کە هیچ وڵات و هاوپەیمانێکی دیکە ناتوانێ کێبرکێ ی ئەم هێزەی ئەمریکا بکات.
ئەوانەی لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە لەدایک بوون قەدری ئەم ئەم سیستەمی نێودەوڵەتییەیان نەدەزانی چونکە ئەوان هیچ سیستەمێکی دیکەیان ئەزموون نەکردوە. هەر ئەم سیستەمە نێودەوڵەتیە بووە کە ڕێگری لە جەنگی جیهانی سێ گرتوە و سیستەمەکە بەجۆرێکە کە کارئاسانی دەکات بۆ بازرگانی نێودەوڵەتی و کارلێکی جیهانی لە ڕێگەی دامەزراوەکانەوە وەک نەتەوە یەکگرتوەکان و ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی. ئەمریکا پشکی شێری بەردەکەوێت هەم بۆ شکستی ئەم سیستەمە هەم بۆ دووڕوویەکانی, بەڵام لە هەمان کاتدا بەهۆی ئەم سیستەمەوە کە ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات یاسای نێودەوڵەتی و هەم مافی مرۆف هەندێک ئیعتیباری هەبووە و ڕێزی لێگیراوە.
لە ئێستادا سەردەمەکە و دۆخەکە و سیاسەتی ئەمریکاش گۆڕانکاری گەورەیان بەسەردا هاتووە و دۆخەکە بەجۆرێکە سیستەمە جیهانیەکە بەرەو تێکشکان دەڕوات, ڕاستە ئەم سیستەمە لەپڕێکدا ناکەوێت بەڵام کە کەوت زۆر بەخێرایی ئاکامەکانی لەسەر جیهان دەردەکەوێت.
مەودای دەرئەنجامەکانی خولی دووەمی دۆناڵد ترەمپ لەسەر ئۆردەری نێودەوڵەتی فراوانە. وەک هەمیشە خراپترین سیناریۆ شەڕی ئەتۆمییە، بەڵام ئەوەکە کەوتۆتە ژێر وێرانکارییەکی دڵنیاکراوی یەکترەوە. سیناریۆیەکی کەمتر ئاپۆکالیپتیک، ئەوەیە کە سیستەمە نێودەوڵەتیەکە لەهەناوی خۆیدا بەرەو کەوتن دەڕوات.
هاوکێشەکە زۆر سادەیە: ترەمپ ئەو کارە دەکات کە چەندین جار بەڵێنی داوە بیکات و ئەوەی لە خولی یەکەمی خۆیدا دەستی پێکردووە ئەوە تەواو دەکات. ئەو باجی بەرفراوان دەسەپێنێت، ئەمەش سیاسەتی بازرگانی کراوەی دۆخی دوای جەنگی جیهانی دەخاتە مەترسیەوە ئەمەش دەبێت بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی زیاتر چونکە ئەگەر جاران لەبەرئابوری ئەکتەرە نێودەوڵەتیەکان خۆیان لە جەنگ دەپاراست چونکە وابەستەیی ئابوری وڵاتەکان پشتی بەیەکتر دەبەست.
ترەمپ بەڵێنەکانی لەگەڵ هاوپەیمانیە دیموکراسیەکان دەشکێنێت بۆ ئەوەی دڵداری لەگەڵ تاکڕەوەکان بکات. چیتر کابینە نوێیەکەی ترەمپ ئەو کەسانەی تێدا نین کە پشتگیری ئۆردەری نێودەوڵەتی بەسەرکردایەتی ئەمریکا دەکەن لەوانەش جەیمس ماتیسی وەزیری بەرگری و سەرۆکی ئەرکانی کۆشکی سپی جۆن کێلی کەلە کابینەی پێشوودا ترەمپیان هێواش دەکردەوە لە سیاسەتە توندڕەوەکانی.
بەڵکو لەبری ئەوکەسانە کابینە نوێیەکەی ترەمپ ئەو کەسانەی تێدایە کە هاوسۆزی ڕوسیان. ئەم کابینەیەی ترەمپ چیدی هیچ ترسی نیە لە ئیمپیچمێنت(دادگایی کردنی سەرۆک) یان سزای یاسایی یان ترسی هەڵنەبژاردنەوە چونکە ترەمپ پێشتر بەسەر هەر سێ تەحەداکەدا سەرکەوتوو بووە و دەستی واڵایە.
گورزی یەکەم ئۆکرانیایە
یەکەمین کاریگەری هاتنەوەی ترەمپ لە ئۆکرانیا هەستی پێدەکرێت. هەموان ئاشنای دۆستایەتی ترەمپ و پۆتینن. لە ساڵی ٢٠٢٢ ترەمپ سەرسامی خۆی بۆ پۆتین نیشاندا و دەستخۆشی لێکرد بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا و هەوڵەکانی پۆتینی بە بلیمەت و عەبقەریانە لە قەڵەم دا. ترەمپ و جێگرەکەی جەی دی فانس و دۆنەری هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی ئیلۆن مەسک هەرسێکیان پشتگیری پلانی ئاشتی بۆ ئۆکرانیا و روسیا دەکەن ئەمەش واتە ڕووسیا چی ویست ئەوەی پێ بدرێت و ئۆکرانیا بکەوێت و خۆی تەسلیمی ڕوسیا بکات.
ئەم کارەی ترەمپ بۆ بەشوودانی ئۆکرانیا وا دەکات ئەوروپا بۆ ماوەیەک پشتگیری ماددی و سەربازی ئۆکرانیا بکەن بەڵام ئەو هاوکاریانە بەبێ پشتگیری ئەمریکا کۆتایی دێت و وڵاتانی ئەوروپا دەبێـ خەمی ئاسایشی خۆیان بێت. بۆ ماوەیەک ئەوروپا دەنگ و ژااوەژاو دەکەن بەڵام دواتر کۆڵ دەدەن. چیتر بەزاندنی سنوری وڵاتان نابێ بە تاوان و هەر زلهێزێک هەوڵی داگیرکردنی وڵاتە لاوازەکانى دراوسێیان دەدەن و چیتر ئەمریکا نابێ بە گارەنتی پاراستنی سەروەری و شکۆی دەوڵەت وەک چۆن لە ١٩٩١ عێڕاق کوەیتی داگیر کرد لە ماوەی کەمتر لە ٣ شەوو ڕۆژ ئەمریکا هێزی جوڵاند چیدی ئەمریکا نابێ بە گارەنتی پاراستنی دەوڵەتان و سنوربەزاندن و داگیرکاری دەبێت بە نۆرم.
ناتۆ دەکەوێت
مەترسیە گەورەکە لەسەر ناتۆیە. هەر لە کابینەی یەکەمەوە ترەمپ ناتۆی لاواز کرد. ئەمە وای کرد وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لەسەدا دووی بودجەی وڵاتیان بۆ کەرتی سەربازی تەرخان بکەن و لە کۆی ٣٢ وڵاتی ئەوروپی ٢٣ وڵات ئەو بودجەیەیان بۆ سەربازی تەرخان کردوە. ترەمپ پێ ی باشە ڕوسیا پەلاماری ئەو وڵاتانە بدات کە ئامادە نین بودجەی وڵاتیان لە کەرتی سەربازی خەرج بکەن.
تەنانەت لە کابینەی یەکەمیدا ترەمپ ویستی ئەمریکا لە ناتۆ بێنێتە دەرەوە بەڵام هاوکارەکانی نەیانهێشت ئەو کارە بکات. ئاگاداریان کردەوە ئەوە هەڵەیەکە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە هەڵنەبژێرێتەوە. بەڵام چیتر ترەمپ ئەو ترسەی نەماوە. بۆ دەرچوون لە ناتۆ ئەمریکا پێویستی بە کۆدەنگی کۆنگرێس هەیە بەڵام ترەمپ ئەو ترسەشی نیە چونکە بە شێوەیەکی نافەرمی دەتوانێت هاوکاری پێشکەش بە وڵاتێکی ناتۆ نەکات کە مەترسی داگیرکردنی لەسەرە و بەمەش ناتۆ هیچ مانایەکی نامێنێت.
ئەمەش بەو مانایە دێت وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات لەبەردەم مەترسی داگیرکردندان و ئەگەر ڕوسیا ئاسمانی وڵاتێکی ناتۆ ببەزێنێت یان ئۆپەراسیۆنی سەربازی و گورزی کوشندە و خاکی وڵاتێکی ناتۆ داگیر بکات ئەو کات ئەمریکا وەڵامی نابێت بەمەش ناتۆ هیچ ئەرزشێکی وەهای نامێنێت و وڵاتانی ئەندام بەبێ پشتگیری ئەمریکا لەبەردەم شەپۆلێکی گەورەی داگیرکاریدان.
گورزی دووەم لە تایوان دەبێت
ترەمپ چەندین جار بە سەرۆکی چین خۆ چین پینی گوتوە کە چاوپۆشی دەکات ئەگەر هاتوو چین دیموکراسی تایوانی داگیرکرد. بەڵام ئایا چین تایبوان داگیر دەکات ئەمە پەیوەندی بە سیاسەتی ناوخۆی چینەوە هەیە. بەهەمان شێوەی ڕوسیا چین ئەمە بەدەرفەت دەبینێ بۆ سەپاندنی ئابڵوقەی زیاتر یان داگیرکردنی تایوان بۆ تاقیکردنەوەی سەبری ترەمپ و ئەمریکا. چین دەزانێ لە کابینەی ترەمپدا ئەمریکا زیاتر گرنگی بە ناوەوە دەدات و چیتر ئەمریکا نابێ بە پاڵپشتی هاوپەیمانە دیموکراسیەکانی ئەمەش بەو مانایە دێت دەبێـت وڵاتانی پاسیفیک خۆیان بگونجێنن لە گەڵ چین.
گورزی سێیەم لە کۆریای باشوور
هاوپەیمانی ئەمریکا و کۆریای باشوور لە مەترسیدایە و بەگوێرەی ترەمپ دەبێ کۆریا باجی ئاسایش و پاراستنی خۆی بدات بە ئەمریکا و ترەمپ بەردەوام وەسفی دیکتاتۆرەکەی کۆریای باکوری کردوە و لە کابینەی یەکەمیدا هەموو ڕاهێنان و مەشقی سەربازی ئەمریکای لە نزیک کۆریای باکور وەستاند لەسەر داوای کیم. ئەمەش بەشێک بوو لەسەر ڕێکەوتنی ئەمریکا و کۆریای باکوور لەسەر پرسی چەکی ئەتۆمی کە ئەمریکا هیچی دەستنەکەوت لەو ڕێکەوتنە و کۆریای باکوری پێ بەهێزتربوو.
پیتاندنی یۆرانیۆم و کیرکێ ی دەستگەشتن بە چەکی ئەتۆمی
ترەمپ لە کابینەی یەکەمیدا نەیتوانی هیچ بەرامبەر پرسی چەکی ئەتۆمی ئێران بکات. کۆریای باکور و ئێران پەرە بەپرسی ئەتۆمی دەدەن. وڵاتەکانی دیکەی وەک یابان و ئەڵمانیا و پۆڵەندا و تەنانەت سعودیە زیاتر پەرە بە پرسی چەکی ئەتۆمی دەدەن. تەنانەت زیلینیسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند ئەگەر ئۆکرانیا لە ناتۆ وەرنەگیرێت و پاڵپشتی و هاوکاری ئەمریکای پێ نەگات ئەوا پەرە بە چەکی ئەتۆمی دەدەن بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆیان.
ئیسرایل براوەی هاتنی ترەمپە
لەگەڵ سەرکەوتنی ترەمپ ئیسرایل و ناتانیاهۆ پشتگیری تەواوی ترەمپیان هەیە نەک لە غەزە و لوبنان و سوریا بگرە لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئیسرایل لە ڕێکەوتنی ئۆسلۆ پاشگەز دەبێـتەوە و ساحەکەی بەردەم ئیسرایل چۆڵ و بێ خەوشە.
لە کابینەی یەکەمیدا ترەمپ سەفارەتی ئەمریکای گواستەوە بۆ ئۆرشەلیم و دانی نا بە بەدەسەڵاتی ئیسرال لەبەرزاییەکانی جۆلان. ئەمە خۆی لە خۆیدا کۆتاییهێنان بوو بە سیاسەتی ئەمریکا بۆ ناوچە جێناکۆکەکانی ئیسرایل و پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی.
ترەمپ سیستەمەکە تێک دەدات بەجۆرێک بەشێکی زۆری وڵاتان ئەوە دەکەن کە ترەمپ دەیەوێت بەشێکی دیکەیان دەبنە هاوپەیمانی نەیارەکانی ئەمریکا وەک ڕوسیا و چین. هەندێک هێشتا چاوەڕوان دەبن بزانن ترەمپ چی دەوێت ئەم وڵاتانە زیاتر لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن و ئەگەر پشتیگری ئەمریکایان نەمێنێت دەبێت خەمی خۆیان بخۆن.
ترەمپیزم یان جیهانێکی نادڵنیا
ئەوەی ترەمپ تێکی دەدات ڕاستکردنەوەی لەوانەیە مەحاڵ بێت.
گۆڕانکاریەک بەڕێوەیە کە تەنانەت دەسەڵاتدارە بەهێزەکان ناتوانن ڕێگری لێ بکەن و تەنها نەوەکانی ئایندە دەتوانن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.
ئەو سیستەم و ئۆردەرە نێودەوڵەتیەی کە لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە کاری پێدەکرێت سیستەمی ئابوری لیبراڵ و سەرمایەداری بوو لەسەردەمی ترەمپ و ئیلۆن مەسکدا گۆڕانکاریەکی بەرچاوی بەسەردا دێت, هەندێک ئەکتەری دەوڵەتی دەکەون و هەندێک ئەکتەری نادەوڵەتی براوە دەبن.
سیستەمە جیهانیەکە تا ئێستا بەجۆرێک بوو کە هەندێک یاسا و نۆرم کاری پێدەکرا تەنانەت بەهەموو کەموکوڕیەکانیەوە هەر باشتر بوو چونکە هەموان دەیانزانی چ یاسا و چ نۆرمێک پەسەندکراوە و چی هێڵی سوورە, بەهاتنی ترەمپ ئەو یاسا و نۆرم و هێڵە سورانە نامێنن و دەبەزێن.
جیهانی سەردەمی پێش ترەمپ جیهانی یاسا نێودەوڵەتیەکان و بازاڕی ئازاد و لیبرال و سەرمایەدار بوو جیهانی مافی مرۆف و دیموکراسی بەهەموو کەموکوڕیەکانیەوە جیهانێکی پێشبینی کراو بوو کە تیایدا دەوڵەت سەروەری و شکۆمەندی هەبوو بەڵام جیهانی دوای کابینەی دووەمی ترەمپ جیهانی بێ یاسایی و بێ نۆرم و بێ پابەندی ئەمریکا دەبێت بۆ جیهان.تەماشایەکی ئێستای سوریا بکەن و ئیتر بۆخۆتان بڕیاڕ بدەن تا چەند ئەمە بۆ ئێمە باشە یان خراپ ئەوە بۆ ئێوەی خوێنەر جێ دەهێڵم.
لە پۆستی داهاتوومدا باس لە ترەمپیزم و کۆتایهاتنی ئایدۆلۆژیا دەکەم ترەمپیم نەک وەک بۆچونی ترەمپ بەڵکو وەک بزوتنەوەیەک کەتێکەڵەیەکە لە نەتەوەپەرستی ( ناسیۆنالیزم) و مێگەل پەسەندی (پۆپیلیزم) و پیشەسازی گەرایی (ئیندەستریالیزم ) و دژایەتی بەنێودەوڵەتیبوونی سیاسەتی بەرگری ئەمریکا (ئەنتایئینتیناشناڵیست) دەکەم.