40هەزار کوژراو 17 هەزار بێسەروشوێن.
لە ساڵی 1982 لە سوریا ڕابوونی ئیسلامییەکان گەیشتە لوتکە، ئەمان بە ڕووداوەکانی ووڵاتانی عەرەبی، ئەفغانستان وئێران زیاتریش کارتێکراوبوون، خەڵکی شاری حەما ئێستە جارێکی دیکە ڕووبەڕووی ڕووداوێکی لەبیرنەکراو دەبنەوە ، هەرچەندە من دەساڵ زیاتر دواتر سەفەرێکی سوریام کردو ئەوانەم بینی کە جۆگەلەی خوێنی سەرشەقامەکانیان لەبیر بوو، حافز ئەسەد سەرۆکی سوریا ڕووبەڕووی چەکدارە ئیسلامییە سوننەکان بووەوە کە دیارترینیان ئیخوان موسلیمین بوو. ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە بە یەکێک لە دڕندەترین و چارەنووسسازترین کردەوە سەربازییەکانی مێژووی مۆدێرن و بە تایبەتی شاری حەمای سوریا دادەنرێت. لەوانەیە باش بێت لە ئێستەدا کە سویا بە مێژووویەکی خوێناویدا دەرباز دەبێتەوە ڕووداوەکان، پاڵنەرەکان، دەرەنجامەکان و تێچووی مرۆیی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەبخەینە ڕوو، دواتر چۆن مێژووەکە بەشداری لە ئێستەی ئاڵۆزییەکاندا دەکات باس بکەین.
پێشینەی سیاسی و ئایینی
سوریا لە ساڵانی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا دەوڵەتێک بوو کە کەمینەی عەلەوییەکان حوکمڕانی تەواوی تێداگرتبوە دەست، حافز ئەسەدی ئەفسەری سوپا سەرۆک کۆماری سوریا بوو. لە کاتێکدا خۆی عەلەوی بوو کە لقێکی مەزهەبی شیعەیە، و زۆرینەی دانیشتوانی سوریا موسڵمانی سوننە مەزهەبن، ئەمەش دابەشبوونێکی ئایینی دروست کردبوو، دابەشبوونێک کە ئێستە دیسان کارەساتی ناوەتەوە.
کۆمەڵکوژییەک لە مانگی شوباتی ساڵی ١٩٨٢ لە شاری حەمای سوریا ڕوویدا و 21 ڕۆژی خایاند, ئەسەد بەتەواوی دەستی چەند تیم و لیوایەکی سوپای سوریایی بەتەواوی ئازاد کرد، هەرچی لەدەستیان دێت ئەنجامی بدەن، کۆمەڵکوژییەکە بە سەرۆکایەتی لیواکانی بەرگری، بە ئامانجی نەهێشتنی تەواوەتی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی لە شارەکەدا بوو، حەما کرا بوە چەند زۆنێک و دەبوایە هەریەکەیەکی سەربازی هیچ ئیسلامییەکی سیاسی سونی یاخی لە ژیاندا نەهێڵێت، سەرەنجام ئەوانەی دیاری کران کوژرانی دەگوترێت ٤٠ هەزار کەس و زیاتر لە ١٧ هەزار کەسیش بێسەروشوێن کران و ئێستەیش نەدۆزرانەوە.
پێش کۆمەڵکوژییەکە
تێکەڵەیەک هەیە لە ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٨٢ بەتایبەت کۆکوژییەکەی حەما و ئەوەی لە ساڵانی پێش ڕووداوەکە ڕوویدابوو.
بەعسییەکان بە کودەتا هاتبوونە سەر دەسەڵات، بۆیە قۆناخێکی ناجێگیر بوو، پڕبوو لە گرتن، ڕاوەدوونان و کوشتن، نە تەنیا دەوڵەتی کەمینەی عەلەوی بەڵکو ئیسلامییەکانیش دەستیان نەدەپاراست. کە هێشتا بگەڕێینەوە دواوە، دیارترینی ئەو ڕووبەڕووبوونەوانە ڕووداوەکانی ساڵی 1964 یان ئەوەی لە حەما بە
(ڕووداوەکانی مزگەوتی سوڵتان) ناسراوە، کاتێک ڕاپەڕینێکی جەماوەری لە شاری حەما و چەند شارێکی تری سوریا ڕوویدا کە دژی دەسەڵاتی بەعس بوون دواجار دەستێوەردانی سەربازی و گەمارۆدانی مزگەوتەکە و بۆردومانکردنی منارەکەی لێکەوتەوە، بەپێی ئیفادەی سەرۆکی سوریا لەو کاتەدا، ئەمین حافز، لە “شایەتحاڵی سەردەم”دا. بەرنامەی کەناڵی جەزیرە ئەمەی پشتڕاستکردۆتەوە().
ئیخوان موسلیمین، بزووتنەوەیەکی ئیسلامییە و لە ساڵی 1928 لە میسر دامەزرا، ئامادەیییەکی بەهێزی لە سوریا هەبوو، دژایەتی سیاسەتی عەلمانی و پارتی بەعسی سۆشیالیستی بوو ().
بە درێژایی کۆتاییەکانی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، ئیخوان موسلیمین و گرووپە ئیسلامییەکانی دیکە لە دژایەتیکردنیان لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد بە بڕشتترو چالاکییان زیاتر بوو، داوای دەوڵەتێکی ئیسلامیتر و لێکدانەوەیەکی توندتریان بۆ یاسای شەریعەت دەکرد.
پێکدادانەکانی پێشوەختە و بەرزبوونەوەی گرژییەکان
گرژییەکان بە درێژایی کۆتاییەکانی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان پەرەیان سەند و ئیخوان موسلیمین و لایەنە ئیسلامییەکانی دیکە بەشداری توندوتیژانەیان دەکرد، کە بریتی بوو لە بۆردومان و تیرۆر و ڕاپەڕین دژی هێزەکانی حکومەت.
لە ساڵی ١٩٧٦ ئیخوان سەرکردایەتی زنجیرەیەک ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی دژ بە حکومەتی کردبوو. ئەمانە تا ساڵی ١٩٧٩ توندوتیژتر بوون، کاتێک ئەندامانی ئیخوان هەوڵیاندا چەند بەرپرسێکی باڵای سوریا تیرۆر بکەن، بەعسییەکان ئەمەیان بە مەترسی ژیانی بینی.
هەروەها ئیخوانەکان ڕۆڵێکی سەرەکییان لە ڕووداوی مزگەوتی دیمەشق لە ساڵی ١٩٧٩دا هەبوو کە تێیدا سەدان موسڵمان لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ هێزەکانی ڕێژیمی بەعسی کوژران.
ڕاپەڕینی حەما (شوباتی ١٩٨٢)
ڕاپەڕینی حەما لە ساڵی ١٩٨٢ خاڵی سەرەکی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە بوو لە نێوان ڕژێمی حافز ئەسەد و ئیسلامییە سوننەکان، بە پلەی یەکەم ئیخوان موسلیمین ڕووویدا.
حەما ببوو بە قەڵایەکی بەهێزی ئیخوان موسلیمین، کە تادەهات دەسەڵاتیان زیاتر لە ناوچەکەدا پەرەی دەسەند.
لە سەرەتای ساڵی 1982بوو کە ئەندامانی ئیخوان موسلیمین بە سەرکردایەتی (ئیبراهیم یوسف )و هاوەڵەکانی دیکەی ، ڕاپەڕینێکی تەواویان لە حەما دەستپێکرد، ئامانجیان ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامی لە سوریا بوو.
شاری حەما لە مێژ بوو، ناوەندێکی هەستی دژە حکومەت بوو وکاریگەری ئیخوانەکان لە هەڵکشاندا بوو، بە تایبەتی لە نێو دانیشتوانی سوننەدا کە لە ژێر دەسەڵاتی ئەسەددا هەستیان بە پەراوێزخستن دەکرد . بزوێنەری دەستبەجێی ڕاپەڕینەکە زنجیرەیەک ڕووبەڕووبوونەوە بوون لە نێوان ئیخوان و هێزەکانی حکومەتدا، لەوانە هێرشکردنە سەر دامەزراوە سەربازییەکان و باڵەخانە حکومییەکان.
وەڵامی سەربازی حافزئەسەد
ئەمە تێکەڵی بیرەوەرییەکی خۆم دەکەم، کاتێک بیستم کەسێکی خەڵکی نزیک حەما لەنزیکی ئێمەیەو تەمەنیشی گونجاوە ڕۆژیک بەهاوکاری هاوڕێیەکم لێم پرسی: چیت لە بیرە، ئەو گوتی ئێستە هەموو سوریا داخباری مردنی (باسل ئەسەدی کوڕەگەورەی حافزئەسەدە، ئەوسا هەموو دنیا داخباری قەتڵ و عامی حەما بوو، (لێم پرسی تۆ داخباری ئەنفال بووی کە سەدام بەسەر کوردی هێنا، گوتی ئەنفال چییە؟ من هێچم پێ نەگووت ، تەنیا لەبەرخۆمەوە گوتم بەخوا برا بەس خۆتان داخباری خۆتان بوون لەگەڵ ئیخوان لە مسڕ، دەنا دوای کێشانی سنورەکان گەلان ئاگایان لە زامی یەکتر نییە).
بەم شێوەیە درێژەی پێدا، ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی حەما لە ٢ی شوباتی ١٩٨٢ دەستیپێکرد و بۆردومانی قورس و شەڕی ماڵ بە ماڵی تێدابوو. شارەکە لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە گەمارۆدرابوو، تۆپخانە و تانک و هێرشی ئاسمانیش ئەوەی لەتوانیاندا بوو دەیانکرد.
دەیان هەزار سەرباز لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشداربوون و ژمارەیەکی زۆریان لە ناوچەکانی دیکەی وڵاتەوە هێنران بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی شارەکە ناتوانێت بەرەنگاری هێرشەکە ببێتەوە.
سەربازەکان تاکتیکی دڕندانەیان بەکارهێنا، لەوانە ئەشکەنجەدان، لەسێدارەدان و وێرانکردنی گەڕەکەکان، قەبارەی هێرشەکە بێ وێنە بوو و شارەکە نزیکەی تەواو بە زەوی یەکسان کرا.
ئامانج لێی ناردنی پەیامێکی ڕوون بوو بۆ ئیخوان موسلیمین وهەر یاخیبونێکی دیکەی ئەگەری، کە وا بەعسی سوری تەحەموولی هیچ دژایەتییەک ناکات، بە تایبەت ئەو گرووپە ئایینی و ئایدیۆلۆژییانەی کە مەترسی لەسەر کۆنترۆڵی عەلمانی دەوڵەت دروست بکەن، جا عەلەمانیەک کە عەلەوی قیادەی دەکات و توخمی ئاینیشی دەخزێتەناوەوە.
زۆرینەی ڕەهای قوربانییەکان خەڵکی مەدەنی بوون، لەنێویاندا ژن و منداڵان، کە بەشدارییەکی کەمیان لە بەگژداچونەوەی دەوڵەتی عەلەمانی عەلەویدا نەبووە.
دەرئەنجامە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان
ڕژێمی حافز ئەسەد لە ڕووبەڕووبوونەوەکە بە سەرکەوتوویی دەرچوو، بەڵام کۆمەڵکوژی حەما دەرئەنجامە درێژخایەنەکانی بۆ کۆمەڵگەی سوریا تا ئێستەیش مانەوە. لە کاتێکدا کۆنترۆڵی ئەسەدی بەسەر سوریادا چەسپاند، بەڵام ناڕەزایی و دژایەتیکردنی دەسەڵاتەکەی بە تایبەتی لەنێو دانیشتوانی سوننەدا پەرەی سەند.
سەرەڕای سەرکەوتنی سەربازی ڕژێم، ئیخوان موسلیمین لە دژایەتیکردنی ڕژێمەکە ساڵانێک بەردەوام بوو، هەرچەندە چیتر هێزێکی سەرەکی ناوخۆی سوریا نەبوو.
هەروەها کۆمەڵکوژی حەما بوو بە هێمای دڕندایەتی بێ سنوری ڕژێم کە پێناوی پاراستنی دەسەڵاتەکەیدا دەست لە هیچ شتێک ناپارێزێن.
مێژوووی حەمما ڕۆڵی هەبوو لە سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆی سوریا لە ساڵی ٢٠١١ کە بەشێکی بەهۆی ناڕەزایی بەرامبەر بە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد و شێوازە توندوتیژەکانیان لە دامرکاندنەوەی دژایەتی حەمادا بوو، دەرکەوتنی هەیئەی تەحریر شام و گرووپەکانی دیکە بە چونیان بۆناو حەما جەخت لە گیڕانەوەی مێژوو دەکەن و لەوانەشە بیرەوەرییەکە هانی توندوو تیژی بداتەوە.
سەرەنجام
ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان حافز ئەسەد و ئیسلامییە سوننەکان و بەتایبەتی ئیخوان موسلیمین لە ساڵی ١٩٨٢ ساتێکی سەرەکی بوو لە مێژووی سوریادا. کۆمەڵکوژیی حەما نەک هەر دەسەڵاتی پاوانخوازانەی ئەسەدی چەسپاند بەڵکو دابەشبوونی تائیفیی لەناو سوریادادا قووڵتر کردەوە. ئامادەیی ئەوی نیشاندا بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی بێ سنور تا هەموو ئەمانە لەناو ببات کە هەڕەشە لە دەسەڵاتەکەی دەکەن.
کاردانەوەکانی ئەو ڕووداوە بۆ دەیان ساڵ لە زەینی سونییەکاندا مانەوەو بەشداریان لە پێکادانەکانی سێنزە ساڵی ڕابردوودا تا ئێستەش هەست پێدەکرێت، کە دواجار نزیکەی سێ دەیە دواتر حەما فاکتەرێکی گرنگی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆی سوریایە