دواین هەواڵ

دوای حه‌له‌ب سوریا به‌ره‌و كوێ

‌فەرحان جەوهەر

21 کاتژمێر پێش ئێستا

ئه‌و رووداوو پێشهاتانه‌ی ئێستای سوریا، دۆخی ناوچه‌كه‌ی به‌ته‌واوی خستۆته‌ به‌رده‌م چه‌ند ئه‌گه‌رێكی كراوه‌، كه‌ تاكو ئێستا هیچ كه‌س و لایه‌نێك نازانێت ئاراسته‌ی رووداوه‌كان به‌ره‌و كوێ و له‌ كام خاڵدا ده‌وه‌ستێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زانراوه‌ ئه‌و رووداوانه‌ خۆڕسك نین، به‌ڵكو نه‌خشه‌ و ئه‌جێندای سیاسی چه‌ند وڵاتێكی له‌ پشته‌، بۆ چه‌ند مه‌رامێكی سیاسی.

گرتنی حه‌له‌ب و پێشڕه‌ویه‌كانی ئه‌و هێزه‌ تووندڕه‌وانه‌ش ملكه‌چی ئه‌جێندایه‌كی سیاسی دیاركراوه‌، ئه‌و لایه‌نه‌ی زیاتر په‌نجه‌ی بۆ راده‌كێشرێت توركیایه‌، ئه‌ویش به‌حوكمی كۆمه‌ڵێك پێدراو، وه‌ك ره‌تكردنه‌وه‌ی گفتووگۆ له‌لایه‌ن سوریا له‌گه‌ڵ توركیا، دوایی بێ ئومێدبوونی ئه‌ وڵاته‌ له‌ رازی بوونی سوریا به‌ گفتووگۆ، پێده‌چێت هانی ئه‌و هێرشه‌ی دابێت وه‌ك كارتی گوشار ، بۆ ئه‌وه‌ی سوریا ناچار بكات، بێته‌ سه‌ر مێزی وتووێژ، ئامانجی توركیا له‌م وتووێژه‌ له‌گه‌ڵ سوریا بۆ چه‌ند ئامانجێكه‌، دیارترینیان گێڕانه‌وه‌ی ئاوه‌ره‌كان و له‌ قاڵبدانی هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌یه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی له‌ناوچه‌ داگیركراوه‌كانی سوریا بكشێته‌وه‌، هه‌رچی سوریایه‌ هه‌ر گفتووگۆیه‌كی له‌گه‌ڵ ئه‌وان گرێداوه‌ به‌مه‌رجی پێشوه‌خته‌ی به‌جێهێشتنی خاكه‌كه‌ی، به‌هۆی نه‌بوونی متمانه‌ له‌ نێوانیان هیچ به‌ره‌و پێش چوونێك نییه‌.

رۆژی یه‌كه‌می هێرشی گروپه‌ چه‌كداره‌كان بۆسه‌ر حه‌له‌ب وانیشاندرا كه‌ روسیا نه‌رمی نواندبێت، ئه‌گه‌رنا به‌و ئاسانییه‌ نه‌یانده‌توانی بگه‌نه‌ حه‌له‌ب، ئه‌مه‌ش گومان یان بۆچونێكی لۆژیكیه‌، به‌ڵام كاتێك لۆژیكی تر ده‌بێت، كه‌ بزانین قازانجی روسیا له‌م پێشهاته‌دا چییه‌، ئایا توركیا له‌ ئۆكرانیا هاوكاریان ده‌بێت، ئه‌مه‌ هه‌ندێك دووره‌ له‌ واقع، چونكه‌ ئه‌مریكاو ئه‌وروپا به‌تووندی دژی ده‌وه‌ستنه‌وه‌، بارودۆخی ئابووری توركیا به‌رگه‌ی دژایه‌تییه‌كی وا ناگرێت، یان روسیا بۆ لاوازكردنی هێزه‌كانی ئێران له‌ سوریا ئه‌مه‌ی كردبێت، چونكه‌ رووسیا له‌ بوونی میلیشیا ئێرانییه‌كان یان ئه‌وانه‌ی سه‌ربه‌ ئه‌وانن زۆر دڵخۆش نییه‌، به‌ڵام دیسان ئه‌مه‌ش لۆژیكی نییه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر له‌و میلیشیانه‌ش بێزاریش بێت، بۆ ئه‌و ئاسانه‌ گوشار بخاته‌ر سه‌ر به‌شار ئه‌سه‌د بۆ ده‌ركردنیان، له‌به‌رئه‌وه‌ی پێموایه‌ ئه‌گه‌ر سوریا بخرێته‌ به‌رده‌م هه‌ردوو بژارده‌ی روسیا و ئێران، به‌دڵنیاییه‌وه‌ روسیا هه‌ڵده‌بژێرێت، بۆ روسیاش هه‌مان شته‌ له‌ نێوان بژارده‌ی توركیا و ئێران، ئه‌ویش ئێران هه‌ڵده‌بژێرێت، كه‌واته‌ به‌پێی ئه‌و پێدراوانه‌ی به‌رده‌ستن ده‌شێت هۆكاری زوو به‌ هاناوه‌ نه‌چوونی رووسیا بۆ رێگرتن له‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كان، تێكنه‌گه‌یشتنێكی سه‌ربازی یان ته‌كنیكی هه‌بوو بێت، ئه‌گه‌ر تێبینیش بكه‌ین، هه‌ر دوای ئه‌و رووداوه‌ روسیا به‌رپرسی سه‌ربازی خۆی له‌ سوریا گۆڕی، ئه‌مه‌ ئه‌و بۆچونه‌مان پشت راستده‌كاته‌وه‌ كه‌ كێشیه‌كی ته‌كنیكی سه‌ربازی روویداوه‌، نه‌ك مامڵه‌و سه‌ودایه‌كی سیاسی. ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌ سوریا روویداوه‌ ئه‌جێندایه‌كی مه‌زهه‌بییه‌ له‌ نێوان شیعه‌ و سوننه‌دا، وڵاتانی عه‌ره‌بی سوننه‌ و له‌گه‌ڵیشدا توركیا، پێیانوایه‌ نابێت كه‌مینیه‌ی عه‌له‌وی كه‌ نزیكی شیعه‌یه‌، حاكمی زۆرینه‌ی سوننه‌ بێت، هه‌رچه‌نده‌ رژێم زۆر دروشمی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی به‌كار دێنێت، به‌ڵام ته‌نها بانگه‌شه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ هیچ كێشه‌یه‌كی عه‌ره‌بی هاوبه‌ش نییه‌، بۆ نمونه‌ له‌ جه‌نگی هه‌شت ساڵه‌ی عیراق ئێراندا پشتگیری ئێرانی كردووه‌، بۆیه‌ سوریا ماوه‌ی ساڵانێكی زۆره‌ رووبه‌ڕوی پیلانگێڕِی ده‌ره‌كی بۆته‌وه‌، به‌ڵام شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی وڵاته‌كه‌ش له‌لایه‌ن رژێم و به‌ شێوه‌ی تاكڕه‌ویی و نكوڵیكردن له‌ مافی پێكهاته‌كانی وه‌ك كورد و مه‌سیحی و دروزه‌كان، وای كردووه‌ هه‌میشه‌ زه‌مینه‌یه‌كی له‌بار بێت، بۆ گه‌شه‌كردنی به‌رنامه‌ی پلانگێڕی، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سروشتی ململانێی و ئه‌و رووداوانه‌ی سوریا تێبگه‌ین، پێویستمان به‌ تێگه‌یشتنی سروشتی ململانێی نێوان شیعه‌و سوننه‌ هه‌یه‌. ئه‌وه‌ی دۆخی حوكمڕانییه‌تی ئێستای رژێمی به‌شار ئه‌سه‌ددی راگرتووه‌، به‌ پله‌ی یه‌كه‌م روسیایه‌ و دواتریش ئێرانه‌، به‌ڵام كێشه‌ی رژێم هه‌ر جیهانی سوننه‌ نییه‌، به‌ڵكو كێشه‌ی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیشدا به‌هۆی به‌كارهێنانی هێز و تووندو تیژی له‌گه‌ڵ هێزی ناڕه‌زایی ناوخۆدا هه‌یه‌، كه‌وتۆته‌ به‌ر گه‌ماڕۆیه‌كی ئابووری تووند كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی باجێكی گه‌وره‌ی داوه‌.

بژارده‌كانی یه‌كلابوونه‌وه‌ی كێشه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ هیچیان گره‌نتی دۆخێكی باشتر به‌ده‌سته‌وه‌ نادات، بۆیه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌سته‌وه‌ستانه‌ له‌ ئاست چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی سوریا، پڕۆژه‌ی سوننه‌ بۆ ئه‌و وڵاته‌ بریتییه‌ له‌ ئیسلامێكی تووندره‌و كه‌ تیكهه‌ڵكێشه‌ به‌ بیری تیرۆر، بۆیه‌ جگه‌له‌ پشتگیری هه‌رێمی هیچ پشتگیرێیه‌كی نێو ده‌وڵه‌تیان نییه‌، دیاركردنی سه‌رنووشته‌ی ئه‌و وڵاته‌ و دوا رۆژی حوكمڕانیه‌تییه‌كه‌ی بۆته‌ مه‌ته‌ڵ، هه‌رچه‌نده‌ له‌كۆتاییدا به‌هۆی یه‌كلانه‌بوونه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د له‌ نێوان ئه‌جێندای رووسیا و ئێران له‌لایه‌ك وئه‌جیندای ئیسڕائیل و ئه‌مریكا له‌لایه‌كیتر، هه‌روه‌ها به‌هۆی خرابی دۆخی خه‌ڵكه‌كه‌ی، سه‌ربكێشێت بۆ سه‌ركه‌وتنی هێزه‌ توندڕۆیه‌كان، چونكه‌ مه‌رجی ئاسای بوونه‌وه‌ی دۆخی رژێم له‌گه‌ڵ رۆژئاوا دووركه‌وتنه‌وه‌یه‌تی له‌ ئێران و روسیا، له‌بارودۆخێكی واشدا بۆ به‌شار ئه‌سه‌د یه‌كجار قورسه‌، به‌تایبه‌تی دوای ئه‌و رووداوانه‌ی حه‌له‌ب، هه‌رچه‌نده‌ وڵاتی ئیماراتی عه‌ربی ماوه‌یه‌كه‌ له‌ هه‌وڵی ئاسایكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی رژێمی سوریا له‌گه‌ڵ رۆژئاوادا به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام شه‌ڕی لوبنان و غه‌ززه‌و ئه‌م دوایه‌ش گرتنی حه‌له‌ب، دۆخه‌كه‌ی گه‌یانده‌وه‌ خاڵی سفر، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مریكا تا ئه‌م ساته‌ هیچ پشتگیرییه‌كی هێزه‌ توندڕۆیه‌كانی سوننه‌ له‌ سوریا ناكات، به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ زیاتر درێژه‌ بكێشێت، هێزه‌ توندڕۆیه‌كان به‌ پشتگیری توركیا و قه‌ته‌ر سه‌ر بكه‌ون.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP