دواین هەواڵ

بڕیاری بایكۆتی پەرلەمان خۆكوژی سیاسی یە

‌هەڵوێست میرانی

پێش 4 هەفتە

هەڵبژاردنی ئەم دواییەی پەرلەمانی كوردستان سەنگ و قورسایی راستەقینەی هێزە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستانی دەرخست بە جۆرێ هەر هێز و لایەنێك بە قەد ئەو سەنگ و قورساییە لە لایەن جەماوەری كوردستانەوە متمانەی پێ بەخشراوە، لە كاتێكدا دیزاین و ئالیەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەمجارە بە پێی ئەو مەرج و داواكاریانە بوون كە ئۆپۆزسیۆن لە ماوەی رابردوو پێداگری لەسەر كردبوو.

بەشێك لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان بانگەشەی بایكۆتی پەرلەمانی كوردستان دەكەن، ئەگەرچی ئەم بڕیارە بڕیارێكی قورسە بەلام پێناچی بڕیارێكی ورد و دیراسە كراو بێ، چونكە ئەم بڕیارە ئەگەر بە دیوێك دەربڕینی ناڕەزایی بێ بەرامبەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن دیوەكەی تر ڕێز نەگرتنە لە بەخشینی ئەو متمانەیەی لە لایەن دەنگدەرانەوە پێیان بەخشراوە جا هەر چەندێك بێ، وە خۆ بێ بەشكردنە لە بەشداری كردن لە دەرچوونی ئەو یاسا و بڕیارانەی ڕەهەندی نیشتیمانیان هەیە لە چوار ساڵی داهاتوو. 

لە دونیای دیموكراسیدا هێزە سیاسیەكان بە پێی قوناغەكان ڕێژەی دەنگەكانیان كەم و زیاد دەكات، هەر بۆیە دابەزینی ئاستی جەماوەری شتێكی ئاسایی یەو عەیبە نیە، بەڵكو ئەرك دەخاتە سەر شانی هێزە سیاسیەكان بە پلان و بەرنامەی سیاسی خۆیان دابچنەوە و كەم و كوڕیەكانیان دەست نیشان بكەن.
مێژووی گەشەكردنی هێزە ئیسلامیەكان دەگەڕێێەوە بۆ ئەو كات و سەردەمەی بەشدار بوون لە حكومەت، بە پێچەوانەوە خۆ خزانە بەرەی ئۆپۆزسیۆن كاریگەری لەسەر كەمكردنەوەی پێگەی جەماوەری ئەو هێزانە درووست كردووە بە جۆرێك لەم چەند هەڵبژاردنەی دوایی ڕەوت و بزووتنەوە سیاسی یە  نوێكان لە ڕووی دەنگ و بە دەست هێنانی كورسیەوە پێش ئیسلامیەكان كەوتوون.

بۆیە دوور كەوتنەوە لە ناوەندی بڕیار و بایكۆت كردنی پەرلەمان زیاتر بەرەو گۆشەگیری و سزای جەماوەریان دەبات، بە تایبەت ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان ستراتیژێكی نیشتیمانی بە ئاراستەی یەك هەرێم و یەك  حكومەت، یەك هێزی پێشمەرگە و یەك پەرلەمان پەیڕەو دەكرێ، ئەم ستراتیژە خۆی لەو پڕەنسیپە نیشتیمانیانە دەبینیتەوە كە سەرۆك بارزانی لە گوتارێكدا بۆ حوكمڕانی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێمی  كوردستان ئاشكرای كرد، هەروەها چوار ساڵی داهاتوو هەرێمی كوردستان بەرەو نوسینەوەی دەستور هەنگاو دەنێت، ئەمانە كۆمەڵێك هەنگاون و پەیوەستن بە داهاتووی قەوارەی هەرێمی كوردستان.

بۆیە بڕیاری بایكۆت كردنی پەرلەمان خۆكوژی سیاسی یە، چونكە ئەم پرەنسیپە نیشتیمانیانە ئەو هێز و لایەنە سیاسیانە  بێ رۆڵ دەكات كە بڕیاری بایكۆتی پەرلەمانی كوردستانیان داوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP