دواین هەواڵ

سەرۆک بارزانی، ڕابەری ڕاستکردنەوەی مێژوو..

‌د.سالار عوسمان

38 خولەک پێش ئێستا

لەوەتەی هەین داوای ژیان دەکەین؛ لە ماڵ، گوند و شارەکانی خۆماندا دیوار، سابات و خەون هەڵدەچنین و دەستی خێر، چاکە و دۆستایەتی بۆ هەمووان، بۆ دەرودراوسێ و نزیک و دوور ڕادەکێشین. هەرگیز بەردێکمان نەخستووەتە کانیی کەسەوە و شەڕێکمان نەناوەتەوە، هەر ویستوومانە دەرگایەکی ڕووناک بکەینەوە، کەچی هەر دیوارمان دەڕوخێنن، ساباتمان لێ بە سایە دەکەن، کانیی ڕوونمان لێ شێڵو دەکەن و منداڵ، جەوان، جوان، ژن و پیرمان زیندان و زیندەبەچاڵ دەکرێن.

لەپاڵ هەموو ئەو زوڵم و ستەمەشدا، هەر ویستوومانە ئاشتییانە چارەسەری زوڵم بکەین. تەنانەت کاتێک تفەنگەکانیشمان لە شان و دەست و شەڕدا بووە، هەر بەو زیهنییەتە ئاشتییەوە جەنگاوین، کە دەکرێ ناو لەو شەڕە بنێین بەرگری؛ چونکە بەرگریمان کردووە نەک شەڕ. بۆ لەمەودواش هەر بەرگری دەکەین و بە واتایەکی تر، کورد شەڕ ناکات و گەلێکی بەرگریکارە، فەلسەفەی شۆڕشەکانیشی لەسەر بەرگریدا داڕشتووە.

سەرۆک بارزانی، ڕابەری ڕاستکردنەوەی مێژوو

ڕیفراندۆم، ئەو پرۆسە مەزنە مێژووییەی پێیەکی لە نێو ڕاستی و پێیەکەی تری لە نێو دیموکراسیدایە، کە (سەرۆک مەسعود بارزانی) بە پشتیوانیی گەلەکەی ڕابەرایەتیی دەکرد. 

بارزانی ویستی دەستکاریی پۆزەتیڤانەی مێژوو بکات و بە هەمووان بڵێت کورد پلە دوو نییە؛ ویستی چەوتییەکان ڕاست بکاتەوە و بە عێراق، دراوسێ و جیهان بڵێت: ئێمە مافمان هەیە و دیموکراسییانە، ئاشتییانە و مەدەنییانە دەنگ هەڵدەبڕین و داوای ماف دەکەین. ویستی بە ویژدانی هەمووان بڵێت لە بەرامبەر ئەو هەموو زوڵم و ستەمەی لێمان کراوە، هەر ئاشتییانە بیر لە چارەسەر دەکەینەوە. ئەو وەک ڕابەرێک لە زەمەنێکی گرفتداردا چارەسەری پێ بوو، بەڵام چی لە دونیای سیاسیی گرفتدار و ناڕاست دەکەیت؟

ئەگەر سەیری تێکڕای هەوڵ، بۆچوون، دیدار، وتار و بزاڤەکانی سەرۆک بارزانی لەبارەی ڕیفراندۆمەوە بکەیت، ڕوون و ڕەوان ڕابەرێک دەبینی دەیەوێت بە شێوەیەکی دیموکراسییانە گرفتەکانی گەلێکی ئاشتیخواز چارەسەر بکات.

تا ژیان مابێت، دەبێت نەک هەر کورد، بەڵکو هەموو ئازادیخواز و دیموکراتیخوازێک شانازی بە ڕیفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧ی هەرێمی کوردستان و دەنگدەرانی سەربەخۆییخوازی کوردستانەوە بکات، لە نێو ئەو شانازییەشدا ڕۆڵ و ڕابەرایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی بە پیتی زێڕین بنووسرێتەوە و نەوە دوای نەوە شکۆمەندانە بیخوێننەوە.

ڕیفراندۆم، چارەسەر لە بەرگێکی دیموکراتییدا

بۆ هەموو ئەو گرفتانەی کورد، کوردستان و دۆزەکەی بەدرێژایی مێژوو پێیەوە دەناڵێنن، ڕیفراندۆم چارەسەر بوو؛ بەڵام عێراق، دەوروبەر و جیهانیش نەیانویست لێی حاڵی بن و بە ئەنقەست خۆیان لێ نەبان کرد. هەموو ئەوانەی دژی ڕیفراندۆم بوون، ئەوکات و ئێستاش دژن، ئەوانە دژی دیموکراسین؛ چونکە ڕیفراندۆم ماف، پرۆسە و میکانیزمێکی دیموکراسییانەی گەلێکە کە مێژوویەکی تاڵی هەیە لەگەڵ ستەم، داگیرکاری و بێمافیدا. بەداخەوە زۆرینەی جیهان لەو ساتە مێژووییەدا پشتیان لە دیموکراسی و هەموو بەهاکانی ماف، ئازادی، ڕا، بوون و ناسنامە کرد.

دەنگێک لە نێو بێدەنگییەکاندا

هەموو جیهان خاوەن دەنگن، بەڵام لە ئاست ڕیفراندۆمدا، کە بەرزترین، ڕەواترین و دیموکراسیترین دەنگ بوو، مخابن بێدەنگ بوون. کەواتە کوردستان دەنگێکی خستە نێو بێدەنگییەوە و ڕاستییەکی خستە نێو چەوتییەوە؛ چونکە ڕیفراندۆم دەنگ و ڕاستیی کوردستانە و هەر بە زوڵاڵی، ڕەوایی و ڕەوانی دەمێنێتەوە.

نابێت هەرگیز کورد و کوردستانییان تۆزقاڵێک گومان لەو ڕاستییە بکەن کە پێی دەگوترێت ڕاستیی ڕیفراندۆم، یان گومان لە ڕەوایی ئەو دەنگە بکەن کە لە چرکەساتی دەنگداندا کردیانە بەشێک لە ڕاستکردنەوەی چەوتییەکی جیهان. بەڵێ، دەبێت ڕیفراندۆم وەک ڕاستییەک بچێتە نێو مێژووەوە و لەو پێناوەشدا کار بکرێت، بەتایبەت کاری کولتووری و هونەری.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP