دواین هەواڵ

ئێران لەبەردەم بڕیارێکی چارەنووسازدا: رێککەوتن یان هێرشکردنە سەر ئەمریکا

‌نەوزاد هێتوتی

2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئێران ئێستا لە ژێر گوشارێکی زۆر گەورەدایە، بەتایبەتی لە ڕووی ئابوورییەوە. ئەمریکا هەموو دەرگاکانی ئابووری بەسەر ئێراندا داخستووە. ئەم گەمارۆیە و هاوشێوەکانی، گەمارۆکانی ساڵانی نەوەدەکانی لەسەر عێراق بەبیر دەهێنێتەوە، ئەگەر نەڵێین تووندترە.

بۆیە، پێناچێت ئێران بتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ بەرگەی ئەو گەمارۆیە بگرێت و دەکرێت لەسەر ئاستی ناوخۆیی تووشی قەیرانێکی گەورە ببێت و ئەگەری ڕاپەڕین و خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانیش هەیە
هەر بۆیە، لەسەر ئاستی ناوخۆی ئێران ئێستا هەڵمەتێکی گەورەی دەستپێکردووە بۆ پرچەکردنی کردنی خەڵک بە ناوی جانفیدایانی ئێران. لە باس لەوە دەکرێت تەنیا لە تاران نزیکەی ٤٠ هەزار کەس بە موتۆرسیکڵ، لە سەر شەقامەکان نمایشی سەربازی دەکەن. هەڵبەت، مەبەستی ئەو نمایشە زۆر ڕوون و دیارە؛ بۆ ئەوە نییە ڕووبەڕووی فڕۆکەکانی B-1 و F-35ی ئەمریکا و ئیسرائیل ببنەوە، بەڵکوو مەبەستی ترساندنی خەڵکە و پەیامەکەشی ئەوەیە کە هەر کەسێک بێتە سەر شەقام، دەکوژرێت.

لەسەر ئاستی دەرەکیش، ئێران ئێستا هەوڵێکی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەمریکا دەستپێکردووە بۆ ئەوەی بگاتە ڕێککەوتن و کۆتایی بەو گەمارۆیە بهێنێت. لەو ڕوەوە، کۆبوونەوەکانی عەباس عەراقچی لەگەڵ ستێڤ ویتکۆف، گوتارێی بزپشکیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەها دیدارەکەی لەگەڵ فوکس نیوز، جەخت لەسەر یەک خاڵ دەکەنەوە؛ ئەویش هەوڵدانە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ترامپ، بەڵام بە کۆمەڵێک مەرجەوە.

گەڕانەوە بۆ یادداشتنامەی لێکتێگەیشتن کە پێشتر لە نیوان هەر دوولا واژو کرابوو. بیگومان زۆربەی خاڵەکانی ریککەوتنەکە لە بەرژەوەندی ئێراندا بوون . تەنانەت پێشنیارکراوە کە ئەگەر ترامپ بگەڕێتەوە بۆ ئەو یادداشتنامەی لێکتێگەیشتنە، ئێران لە ماوەی ٧ ڕۆژدا گەڕۆی هۆرموز دەکاتەوە.لێرەدا، مەلەفی ئێران لەبەردەم بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی ترامپدایە. بە تایبەتی چەندین جار ترامپ باسی کردووە کە دوو بژاردەی لەبەردەستە: یان بە تەواوەتی ئێران لەناوببڕێت، یان بگاتە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتە.

ئێستا خوێندنەوەی ئێران بۆ هاوکێشە سیاسییەکان بەو شێوەیەیە: ئەگەر ترامپ ئامادە نەبێت ڕێککەوتن بکات، بە تایبەتی پێش هەڵبژاردنەکانی میدترم کە بڕیارە لە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٦ بەڕێوە بچن، کەواتە ئێران لەبەردەم مەترسییەکی زۆر گەورەدا دەبێت و پێناچێت دوای هەڵبژاردنەکان ترامپ سازش بکات، بەڵکوو گوشارەکان زیاتر دەبن و ئەگەری ئەنجامدانی هێرشێکی گەورە لە ئارادا دەبێت.تەنانەت ئیسرائیل بە ئاشکرا باسی ئەوەی کردووە کە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ وەشتاندنی گورزێکی سەربازی گەورە لە ئێران.

بۆیە، بەرپرسانی ئێران ئێستا لەبەردەم دووریانێکی زۆر سەختدان. یان دەبێت پێش هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا ڕێککەوتن لەگەڵ ئیدارەی ترامپ بکەن، یان ئەگەر نەشێن و ڕێککەوتن نەکەن، بەو شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت و مەترسییەکی زۆر گەورە چاوەڕێی ئێران دەکات.

بۆیە، لەم چوارچێوەیەدا سیاسەتی ئێران ئێستا فوکەسی خۆی لەسەر ئەم خاڵانە داناوە:یەکەم، هەوڵدان بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان ئەمریکا. دووەم، ئەگەر ڕێککەوتن نەکرا، پێویستە ئێران لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا ئاستی گرژییەکان بەرز بکاتەوە، بە تایبەتی لە گەڕووی هۆرموز و دەکرێت لە باب‌المەندەبیش بێت. ئەمەش بۆ دروستکردنی قەیرانێکی گەورەی ئابووری و وزە لەسەر ئاستی ئەمریکا و جیهان، بۆ ئەوەی ترامپ ناچار بە سازش بکرێت. سێیەم، ئێران بە جدی بیر لەوە دەکاتەوە گوشارێکی زۆر لەسەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دروست بکات، بە تایبەتی دەوڵەتانی عەرەبی، دیسان بە مەبەستی ئەوەی لەو ڕێگەیەوە ترامپ بخاتە ژێر گوشارەوە.

چەند ڕۆژی داهاتوو دیار دەکات ئاراستەی ئەو ملمڵانێیە بەرەو کوێ دەچێت. بیگومان، وەڵامەکانی ترامپ بۆ داواکارییەکانی ئێران ئەمە یەکلایی دەکاتەوە.بە هەموو شێوەیەک، ئێستا قۆناغی نە شەڕ، نە ڕێککەوتن و نە ئاشتی لە بەرژەوەندی ئێراندا نییە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP