دواین هەواڵ

ڕیفراندۆم؛ ئالنگارییەکی دیموکراتیانە لە پێناو سەربەخۆیی کوردستاندا

‌هەڵوێست میرانی

6 کاتژمێر پێش ئێستا

 

مێژووی گەلانی ئازادیخواز لە پاڵ قۆناغە سەختەکانی  پڕ لە ئازار و مەینەتی، کۆمەڵێک قۆناغی  پڕ لە ڕیسک و سەرکێشی تێدایە کە  وەک شانازیەکی مەزن لە مێژوودا دەمێننەوە. یەکێک لەو قۆناغانە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانە کە لەو پڕۆسە دیموکراتییە شەعبییە ئیرادەی گەلی کوردستاندا بەسەر واقیعی سەپێنراودا سەرکەوت.

بۆ گەلی کورد، ئەم ڕووداوە تەنیا پڕۆسەیەکی ئاسایی دەنگدان نەبوو، بەڵکو هەنگاوێکی ئازایانە و ئالنگارییەک بوو لەبەرامبەر ئەو واقیعە درووستکراوەی بەسەر گەلی کوردا سەپێندرابوو، ئەم هەنگاوە تەحەددایەکی گەورە بوو بەرامبەر بڕیار و ویستی وڵاتانی زلهێز و هێزە هەرێمایەتییەکان، کە لە ڕێگەی پڕۆسەیەکی سەرتاپا دیموکراتییەوە واقیعە سەپێندراوەکەی ڕەتکردەوە و سەلماندیی کورد دەیەوێت ئەو مافە بگەڕێنێتەوە کە ساڵانێکە لەلایەن هاوکێشە نێودەوڵەتییەکانەوە لێی زەوت کراوە.

ڕیفراندۆم پڕۆسەیەک بوو تەواوکەر و درێژەپێدەری ئەو مێژووە پڕ لە قوربانیدانە بوو کە کورد لە پێناو سەربەخۆیی تۆماری کردبوو، بەڵام بە زمانێکی هاوچەرخ و شارستانی. پەیامی ناوەکیی ڕیفراندۆم ئەوە بوو کە کورد پاش ئەو هەموو قوربانیدانە، لەم قۆناغە نوێیەدا نایەوێت لە ڕێگەی شۆڕشی چەکدارییەوە ئەم خەونە مێژوویییە بکاتە ڕاستی، بەڵکو سندوقەکانی دەنگدان و بۆچوونی ئازادانەی خەڵکی کردە سەنگی مەحەک بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی. ئەمەش بڕوابوونی قووڵی گەلی کوردی بە بنەما دیموکراتییەکان و مافی بڕیاردانی چارەی خۆنووسین نیشانی جیهان دا.

بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە لایەن سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستانەوە دوای  پشتگوێخستنی داخوازییە ڕەواکان و خەمساردیی حکومەتی فیدراڵی لە جێبەجێکردنی دەستوور هات، ئەمەش هەرێمی کوردستانی ناچار کرد ڕیفراندۆم وەک بژاردەیەکی حەتمی بۆ سەلماندنی مافەکانی هەڵبژێرێت  

بەڵام مخابن، وڵاتانی زلهێز و هێزە هەرێمایەتییەکان لەبری ڕێزگرتن لەو پڕۆسە دیموکراتییە شارستانییە و پاداشتکردنی ئەو قوربانییە گەورانەی کورد لە جەنگی دژ بە داعش پێناو ئاسایشی جیهاندا دابووی، دژایەتیی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیان کرد و پشتیان کردە ئیرادەی ئازادانەی گەلێک. ئەم هەڵوێستە نیشانیدا کە بەرژەوەندییە سیاسییە کاتییەکان لای ئەوان سەردەکەون بەسەر بنەماکانی مافی مرۆڤ و دیموکراسیدا.

بەپێچەوانەی ویستی دژبەرانییەوە، پرسی کورد قەزیەیەکی زیندوە و بەرەو دواوە ناگەڕێتەوە، بە هەمان شێوە، ڕیفراندۆمیش وەک لوتکەی ئیرادەی نەتەوەیی و بەڵگەنامەیەکی یاسایی و مێژوویی، هەمیشە بە زیندوێتی لە مێژوودا دەمێنێتەوە. لە کۆتاییدا، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوە تێبگات کە سەربەخۆیی کوردستان نابێتە هۆی نائارامی ناوچەکە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، دەبێتە دەروازەیەک بۆ گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیری، وە هاوسەنگیی ڕاستەقینە بۆ تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP