دواین هەواڵ

عومەرى سەید عەلى ئەزمونى دەستا و دەستى دەسەڵات

‌ ئەنوەر حسێن (بازگر)

پێش 1 هەفتە

عومەرى سەید عەلى، شۆڕشگێڕى زیندانەکانى بەعس، ڕێکخستنە نهێنییەکانى شار و پێشمەرگەى شاخ، کارەکتەرى گروپى زیندان و لە دامەزرێنەرانى بزوتنەوەى گۆڕان، دۆست و نزیکى چوار دەیە لە خەبات و تێکۆشانى مام جەلال و نەوشیروان مستەفا، پیاوێکى ئارام و واقیعى، شارەزا لە سیاسەت و پەیوەندى حیزبى، قسەى مەنتقى و لۆژیکى دەکات و ڕووداوەکانى مێژوو تاڵ بە تاڵ دەهۆنێتەوە، بەبێ لێ پچڕاندن و پەڕاندن.
باوەڕى بەوەیە، بارودۆخى سیاسى کوردستان، پێویستى بە یەکگرتوویى و نزیکبوونەوەى هەموو ئەو حیزب و جەرەیانە سیاسییانە هەیە، کە لە خەمى ئەزمونى هەرێمى کوردستان و قوربانییەکانى شۆڕشى خەڵکى کوردستانن.
ئێستا  بۆ پاریزگاریی لەمانیفێستی نەوشیروان مستەفا دانیشتوە  وبۆ پارێزگارى لە بزوتنەوەکەیان ئەزمونێکی نوئ پێشکەش کرد و باوەڕى وایە، هێشتا بزوتنەوەکە چانسى ئەوەى هەیە، وەکو هێزێکى کاریگەر و ئۆپۆزیسیۆن بە تەنها یان لەگەڵ لایەنەکانى تر دەور و نەقشى خۆى بگێڕێت.

ئەو فۆڕمێکى جیاوازترى پێیە بۆ سیاسەت و ئیدارەى ئێستاى گۆڕان، هەرچەندە ڕەنگە لایەن و کەسانى تر هەبن لە ناوەوە یان دەرەوە لەگەڵ ئەم فۆڕمەى ئەو نەبن، بەڵام ئەو بە ئیرادەوە دەڵێت "ڕێگا ڕاستەکە ئەوەیە، کە گرتوومانە".

عومەرى سەید عەلى، خوێنەرى کتێبە و ستایشى ئەوانە دەکات، کە بە کتێب وەکو دیارى بەسەریدەکەنەوە، جیا لە هەموو ئەوانە دۆستە دوور و نزیکەکانى کۆن و نوێى دەڵێن "سەید عەلى دەستپاکە و هیچ گەندەڵییەکى نییە، شەفاف و ڕاست و ڕوونە لە بەرامبەر دزى و گەندەڵى، توڕە و نیگەرانە".

دیدار و بینینى ئەو زۆر چێژبەخشە، بە تایبەتى کە باس لە چیرۆک و حیکایەتى شۆڕش و گێڕانەوەى مێژوو دەکات، لەم دیدارە کورتەدا، دونیایەک قسەى نەوتراوى پێبوو، کە بۆ ڕابردووى مێژوویەکى دوور و درێژ، وتنى هەق و بەرهەقە.

ماڵەکەی هەمان ئەو ماڵەیە، کە لە (1991) و دوای ڕاپەرین تێیدا نیشتەجێبوە لە سەهۆڵەکەی سلێمانی، ماڵێکی سادە و کۆن، بەڵام پاک و ئاسودە و پڕ لە سەوزایی.

ماڵی هیچ بەرپرسێکی تری ئەم وڵاتە نابینی بەمشێوەیە، بەڵام بە قەناعەتە.

زۆر خۆی بە دۆستی مام جەلال و کاک نەوشیروان دەزانێ، لەگەڵ هەردووکیان ئەزمونێکی دوور و درێژی سیاسی، مێژوویی و هاوڕێیانەی هەیە، پێیوایە پیاوی وەکو مام جەلال کەم وێنەیە و نەوشیروان مستەفاش بە کەسایەتییەکی سیاسی گەورە دەزانێ.

تازەترین دیداریشمان لەم ماوەیەدا بۆ سەرەخۆشی گیان لەدەستدانی هاوسەرەکەی لەگەڵ هاوڕێم سەروەت تۆفیق لە ماڵەکەی خۆی سەردانمانکرد دوو قاوەمان خواردەوە.

وتم: بۆ بیرەوەرییەکانت نانوسیتەوە؟ وتم: بەڵکو ئامادەگی هەبێت، وتی: بە کەڵک نایەت، جارێ وازی لێ بهێنە، بارودۆخەکە بە کەڵک نایەت.

پرسیاری ئەوەشمکرد، ئەو هەواڵانە ڕاستە، کە دەڵێن "دەست لە ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەڵدەگریت بۆ کەسێکی تر و میدیاکان باس لە دانا ئەحمەد مەجید دەکەن؟".

وتى: بەڵێ، بڕیارمداوە، هەرچەندە چەند ساڵێکە ئەوەم وتوە، بەڵام بە گوێیان نەکردووم و سوپاسیان دەکەم، کە منیان قبوڵبوە.

بەڵام ئێستا بڕیارمداوە، کەسێکى تر ئەو کارەى من بکات، زۆر وەسفى هاوڕێ و دۆستەکانى کرد.

لێم پرسى؛ ئەم فۆڕمە بۆ دەستا و دەستکردنى دەسەڵات، کارێکى نوێ و گرنگە، کەس دەست لە پۆستەکەى بەرنادات.

بۆیە، هەرچى چۆنێک بیر لەم هەڵوێستەى عومەرى سەید عەلى بکرێتەوە، ئینسانى، دیموکراسیانە، مەدەنى، باوەڕ بوونە بە دەستا و دەستى دەسەڵات و نمونەیەکى باش و جوان و نوێیە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP