دواین هەواڵ

تووڕەیی زەوی

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا

17/11/2024

بەشی یەکەم

 زەوی زیندووە،  بەڵام ئەم زینویەتییە نا کە هزرمان بۆی دەچێت، دەژێت نەک بەو شێوەیەیی ئێمە لە ژیان تێدەگەین، بەڵکو لە ڕیتمێکدا کە کاردانەوەی هەیە، بەزیرەکییە سروشتییە فراوانەکەی وەڵامی ئەو نیشانانە دەداتەوە کە لە دوای خۆمان بەجێی دەهێڵین. 

کاتێک شوفێری دەکەین چی لەدوای خۆمان جێدێڵین؟ یاساکانی فیزیاکەی. 
توڕەیی زەوی تووڕەییەکە نەک بۆ تۆڵەسەندنەوە، بەڵکو لە ناهاوسەنگییەوە لەدایک بووە، هۆشدارییەک کە بە زمانی سروشت کۆدکراوە و مرۆڤایەتی لە مێژە نایەوێت لێی تێناگات وبەمەرگی خۆی شەهادەی کەوتنە داخبارەکەی وەردەگرێتەوە. 

زەوی لە باشترین و ئەمینترین باوەشەوە بوو بە باشترین بکوژمان.
 بۆ هەزاران ساڵ لە باوەشی زەویدابوین، دارستانەکانی هەناسەی ژیانیان بە سییەکانمان دەدا و ڕووبارەکانی تینوێتیمانیان دەشکاند وخاکەکەی خۆراکی پێدەداین.

بەخشندەیی زەویش بێ سنوور نییە.  ئێمە سنگمان کونکون کردووە، وەک جەلادێک دەستمان خستۆتە ناو هەناوی،  بەرگەکەیمان سووتاندووە و ئاسمانەکانیمان ژەهراوی کردووە. دەزانن ئەمە تەنیا پەیوەندی بەو شتەوە نییە کە ئێمە لەزەویمان دەست کەوتووە، بەڵکو پەیوەندی بەوە هەیە کە چۆنمان سود لێوەرگرتووە، بە تەماحێکەوە پەلامارماندا کە  سنورێک ناناسێت، بەوپەری نەزانییەوە کە بە بەرگێکی هێجگار پێشکەوتوو داپۆشراوە مامەڵەمان لەگەڵدا کرد.

کەزەوی توڕە دەبێت نەڕەنەڕ ناکات بەڵکو هەست بە توڕەییەکەی دەکرێت. توڕەییەکەی بەناو پلێتە تەکتۆنیکیەکاندا دێت و دەچێت، کە خۆی دەهەژێنێت شارستانییەتەکانت دەکاتە تەپوو تۆز،  لە بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکاندا ڕووی گرژدەکات ، ئەو زەویانە بەقوڕولیتە دەخنکێنێت کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بۆ ئێمە مایەی ژیارو ژیان بوون. 
 بە باو زریانەکانی دێت و  ئەو شتانە هەپروون بەهەپروون دەکات کە ئێمە بە خۆبەزلزانییەوە پێمان وایە لەناو ناچن،  ئەمەش سزا نییە؛  ئەمە  هاوسەنگییە کە خۆی دووپات دەکاتەوە.

ڕەنگدانەوەی ڕەفتارەکانمان

 زەوی بە خراپەکارییەوە مامەڵە لەگەڵ مرۆڤ و هیچ لایەک  ناکات. وەڵام دەداتەوە، ئاوێنەی ڕەفتاری خۆمانە.  لەو شوێنەی کە ئێمە جەنگەڵەکانی لەناودەبەین و کۆنکرێتی دەکەین، لافاو دەنێرێت بۆ وەرگرتنەوەی خاکەکەی.  لەو شوێنەی کە دارستانەکان دەبڕین و زەوییەکە ڕووت دەکەینەوە، خاکی بەپیت مان لێ دەکاتە بیابان.  هەموو کارەساتێکی سروشتی ڕستەیەکە لە دیالۆگێکی لەمێژینەدا،  بیرخستنەوەیەکە پێمان دەڵێت ئێمە لە سروشت جیا نین بەڵکو بە بە هەمووشتێکەوە لەگەڵیدا تێکەڵ بووین.

تەماشای زیادبوونی  فرێکوێنسیی بوومەلەرزە بکەن،  لەو ناوچانەن، کە هەرچی مادە بوو دەرمانکردە دەرەوە، چیاکانی ژێر زەویمان کردنە خۆڵ، ئەشکەوتە گەورەکانی ژێر قوڵایی خاک کە پڕبوون لە سەرچاوەسروشتییەکان بەتاڵمان کردن و ئێستە بە شێکی زۆری قوڵایی خاک هەڕۆڵ و بۆشە. 
گەرمایی زەوی، یان بابڵێم ئاگرە کێویێەکە کە هەرگیز دەستە مۆناکرێت، ئاگرێکی وێرانکەرە کە بەهۆی گەرمبوونی کەشوهەواوە  ئێمە وامانکرد خێراتر بێت.

ئەمانە ڕووداو نین بەڵکو دەرئەنجامن، کە منداڵ بوین بەردمان هەڵدەدایە ناو گۆمەکە، هەر ئەوەندەی لێ تێدەگەیشتین و  شەپۆلەکانی ئاوەکەمان دەبینی، ئەمە کارێکی گەورە بوو ئەنجاممان دەداو لێی تێنەدەگەیشتین، شەبۆلەکان گەڕان بوون بەدوای هاوسەنگیدا،  زەویش پێشوازی لە کارەکەت دەکات، جا کارێکی پەسند بێت یان ناپەسند ، وەک ئەوگۆمەی بەردەکەی وەردەگرتین، زەویش داوای هاوسەنگی دەکات،  هاوسەنگی بۆ  پەیوەندییەک کە من و تۆی مرۆڤ ڕێز لە سووڕەکانی بگرێت نەک تێکیان بدات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP