ڕووبەڕی غەززە ٣٦٥کم دووجارە، دانيشتووانەکەی زیاد لە ٢ مليۆنە. ئەم چری دانيشتووانە دەگمەنە لەسەر ئاستی جيهان. دەوروبەری ٧٥٪ ئەو دانيشتوانە لە بنەرەتدا ئاوارەن، لە ناوچەکانی تری فەڵەستينەوە هاتوون لە ئەنجامی جەنگەکان بە تايبەت لە ١٩٤٨ و ١٩٦٧. واتە زۆربەی ئۆردۆگای ئاوارەکانە. ئەم چری دانيشتووانە و بچووکی ڕووبەرە، هاوکات بە هۆی خەراپی و گەندەڵی حکومەتەکەی و گەمارۆدانەکەی ئيسرائيل، وای کردووە ڕێژەی بێ کاری و هەژاری زۆر بەرز بێت.
لە دۆخێکی وادا بۆ ئەوەی ژیانی ئەو ٢ مليۆنە کەمێک باشتر بکرێت چەند بژاردەیەک هەیە: گەورەکردنی ڕووبەری شارەکە. ئەمە ڕێگری گەورەی لەبەردەمە، چونکە هەر گەورەکردنێکی ڕووبەری غەززە دەبێت خاکی ئيسرائيلی پێبدرێت یان بەشێک لە سينای ميسر، هەردووکی ناکرێت. بژاردەیەکی تر ئەوەیە چاکسازييەکی ئابووری و پەروەردەیی و سياسی گەورە و ڕيشەیی بکرێت. ئەمەش نابێت، چونکە گەندەڵترين و خەراپترين حکومەتی هەبووە و، گەمارۆدانی ئيسرائيليش فاکتەرێکی تری سەرەکیيە. هاوکات ئەو جەنگە بەردەوامانەی کە حەماس هەر چەند ساڵ جارێک بەسەر ئەو شارەی دەهێنێت وا دەکات هيچ سەقامگرييەکی درێژ نەبێت، بەڵکو شارەکە بەردەوام کاول دەکرێت. بژاردەکەی تر بريتييە لە کەمکردنەوەی ڕێژەی دانيشتووانی غەززە.
بژاردەی سێيەم تا ڕادەیەک جێبەجێ دەکرێت. بۆ نموونە تەنيا لە کاتی حوکمی حەماس زیاد لە ٥٠٠ هەزار کەس کۆچيان کردووە. لە چەند مانگی سەرەتای شەڕی ٧ی ئۆکتۆبەر، ئەو کاتەی دەروازەی رەفەح بەدەست حەماس و ميسرەوە بوو، زیاد ١٠٠ هەزار کەس شارەکەیان بەجێهێشتووە. لە کاتێکدا سنوور بە فەرمی داخراو بوو، بەڵام بە بڕی ٥ بۆ ١٠ هەزار دۆلار بۆ هەر نەفەرێک، دەکرا کۆچ بکرێت. ئەگەر ئيسرائيل دەروازەی رەفەحی نەگرتایە، ئەو ژمارەیە زۆر زیاتر دەبوو.
ئەم بژاردەیەش ڕێگری گەورەی لەبەردەمە. ١. ئەو دوو مليۆن غەززەییە وەک سووتەمەنی و کارتی سياسی بەکاردەهێنرێن لە لایەن ئێران و ئيخوانی و قەتەر و حەماس و چەند دەوڵەتێکی عەرەبييەوە. حەماس لە شەڕەکانيدا وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاريان دەهێنێت، جگە لەوەی داهاتێکی زۆری دەست دەکەوێت بە پاساوی خەڵکی غەززە. ٢. ڕێگری یاسایی هەیە بۆ ڕاگواستنی بە کۆمەڵ، بە پێی یاسای نێودەوڵەتی ئەوە کارێکی نا یاساییە. ئەگەر بکرێتە بابەتێکی ئاسایی، ئەوا دەبێت ژمارەیەک لە هاووڵاتيانی غەززە بۆ کەناری خۆرئاوای فەڵەستين بگوازرێنەوە. ئەمەیان بۆ غەززە باشترە و بە ڕاگواستنيش دانانرێت. ئيسرائيل ڕێگرييە لەبەردەم ئەم بژاردەیە، هەروەها حەماس و دەسەڵاتی فەڵەستينی لەم بارەیەوە نايانەوێت ڕێکبکەون. لەسەر ئاستی واقع، لە ئێستادا چوار جۆر فەڵەستينی هەن: فەڵەستينييەکانی ٤٨ کە بوونە بە ئيسرائيلی بە ڕەگەزنامە، ئەوانەی کەناری خۆرئاوا، غەززەييەکان، فەڵەستينييەکانی دەرەوە (ئەمانيش جياوازييان زۆرە، بۆ نموونە ئەوانەی ئوردن جياوازن لەوانە وڵاتانی تری عەرەبی یان ئەوروپا. ئەم گروپە فەڵەستينييانە زۆر کات دژی یەکترن ٣. سياسەتی حەماس و ميسر، هاوکات گەمارۆدانەکەی ئيسرائيل، دابڕانی غەززە لە دەسەڵاتی فەڵەستينی... وای کردووە خەڵکی غەززە مافی سەفەر و کۆچيان لێ زەوت بکرێت. بۆ نموونە لە کاتی ئەم جەنگە، هاووڵاتی غەززە بۆی نەبوو لە دەروازەی رەفەحەوە بچێتە دەرەوە، بەڵکو دەبوو بڕێکی زۆر پارە بداتە حەماس و بازرگانەکانی ميسر. واتە غەززە جگە لە کارتێکی سياسی و فشار و سووتەمەنی و قەڵغانی مرۆیی، بووە بە ئامرازێکی بازرگانی باش بۆ ميسر و حەماس. زۆر گروپ و دەوڵەت، تەنانەت بە خودی ئيسرائيلەوە هەندێک کات، ئەم دوو مليۆن مرۆڤە بەکاردەهێنن بە بێ گوێدان بە کەرامەت و ژیان و ئايندەیان.
بە گشتی مانەوەی دۆزی فەڵەستين لە سوودی زۆرێک لەو دەوڵەتە عەرەبييانەی دراوسێی ئيسرائيلە، چونکە بە هۆیەوە ئەو دەوڵەتانە پارە و هاوکاری سەربازی و دبلۆماسی لە ئەمريکا وەردەگرن. بۆ نموونە ميسر و ئوردن.
لە ڕاستيدا ئەوەی تڕەمپ داوای دەکات، پێويست بەوە ناکات بە فشار و هێزی سەربازی بەشێکی زۆری خەڵکی غەززە دەربکرێن، بەڵکو تەنيا مافی سەفەر بدرێت بەو ٢ مليۆنە، ئەوا بەشێکی گەورەی بە ئيرادەی خۆیان شارەکە بەجێدەهێڵن. بەڵگە بۆ ئەوەش لە کاتی ئەم جەنگە زیاد لە ١٠٠ هەزار بەو بڕە پارە زۆرە و سەرەڕای داخستنی سنوور لە لایەن ميسرەوە، کۆچيان کرد. جگە لەوە زیاد لە ٥٠٠ هەزار لە کاتی حوکمی حەماس. واتە کۆی ئەو بابەتە بەدەست سيسی سەرۆکی ميسرە، ئەگەر سنوور بکاتەوە، خەڵکی غەززە چۆڵی دەکەن. قورگی حەماس و فەڵەستين لە ژێر دەستی سيسی ميسرە.
پێش جەنگی ٧ی ئۆکتۆبەر، بابەتی گواستنەوەی بەشێک لە فەڵەستينييەکان، بە خەڵکی غەززەوە، هەبوو و جێبەجێش کرا تا ڕادەیەک. بۆ نموونە پلانی گواستنەوەی ژمارەیەک لە فەڵەستينييەکان بۆ عفرين و ڕۆژئاوای کوردستان. لە ئێستادا هەزاران فەڵەستينی هەن لە عفرين. ئەمە جگە لە فەڵەستينييەکانی ئۆردوگای یەرموکی ديمەشق، پيلانەکە فەڵەستينييەکانی کەناری خۆرئاوا و غەززەش دەگرێتەوە. پيلانەکە لە لایەن تورکيا و قەتەر و ئيسرائيلەوە پشتگيری دەکرا. پاشان دەنگۆی گواستنەوەی خەڵکی غەززە بۆ پارێزگای ئەنباری عيراقی لە ميديا و ناوەندی سياسی عيراق باس دەکرا. گوایە حلبوسی پشتگيری ئەو بيرۆکەیەیی کردووە.
بۆچی تا ئێستا ميسر و ئوردن داواکەی تڕەمپ قبوڵ ناکەن؟
ميسر خاوەن و درووستکەری دۆزی فەڵەستينە. جەنگ و ململانێی ئيسرائيل و عەرەب، بە سەرکردایەتی و ديزاين و بڕياری ميسر بووە، بە تايبەت لە کاتی جەمال عەبدولناسر. بۆ نموونە تا ١٩٦٧ غەززە بەشێک بووە لە ميسر. لەبەر چەندين فاکتەری سياسی و ئابووری و جيوپۆلەتيکی و ئەمنی، ميسر نایەوێت کۆتایی بەو دۆزە بهێنێت. پێیوایە گواستنەوەی بەشێکی زۆری غەززە بۆ ناو سينا، یاخود لە ميسرەوە بۆ دەرەوە، کۆتایی بەو دۆزە دەهێنێت، بە تايبەت پڕۆژەی بە ئيسرائيلکردنی کەناری خۆرئاوا هەیە لە لایەن ڕاستڕەوەکانی ئيسرائيل. تاکە سنوور کە ميسر هەيبێت لەگەڵ فەڵەستين، تەنيا غەززەیە لە ڕێگەی رەفەحەوە، کە ئێستا ئەوەش نەماوە و سوپای ئيسرائيل کۆنتڕۆڵی کردووە، بەڵام ئەگەر زۆرە لە ئايندەدا بکشێتەوە.
جگە لەوە، ميسر پێیوایە ئەگەر غەززەییەکان بێنە سينا، لەناو خاکی ميسرەوە چالاکی سەربازی دژ بە ئيسرائيل دەکەن. ئەو کات سوپای ئيسرائيل لە ناو خاکی ميسر ئۆپراسيۆن دەکات و دوور نييە وەک پاساوێک بەکاری بێنێت بۆ هێرشی زەمينی و گرتنی بەشێک لە سينا. ميسر لە سەردەمی سيسی ئيخوانەکان بە دووژمن دەزانێت، ئاشکرایە حەماس و بەشێک لە غەززە ئيخوانين، ئەمانە کێشە بۆ ميسر درووست دەکەن ئەگەر بچنە سينا.
سەبارەت بە ئوردن. نيوە یان زۆربەی دانيشتووانی ئوردن فەڵەستينين، بەشێکی زۆری ئوردنييەکان لەمە نيگەرانن. جگە لەوەی ئوردن یاردەوەرييەکی ناخۆشی هەیە لەگەڵ فەڵەستينييەکان کە لە ١٩٧٠ ويستيان کوردەتا بکەن بەسەر دەسەڵاتی ئوردندا. بە ڕووداوەکەی ئەيلولی ڕەش ناسراوە. بۆیە نايەوێت ژمارەی فەڵەستنييەکان زیاتر بن لە وڵاتەکەی.
بە گشتی حکومەتی زۆربەی دەوڵەتە عەرەبی و ئيسلامييەکان هەقيقەتێک دەزانن، بەڵام ئاماژەی پێناکەن، ئەويش ئەوەیە خەڵکی غەززە لە ژينگەیەکی تيرۆر و نا مەدەنی و پڕ لە توندوتيژی و توندڕەوی ژیاون لە ٢٠٠٧ەوە. ئەمە وا دەکات، بەلای کەمەوە، کەمينەیەکی تيرۆريست هەبن لەگەڵ زۆرينەیەک کە لە ژينگەیەکی تيرۆر و گەندەڵ و مەرگ دۆست توندوتيژەوە هاتوون. زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و ئيسلامی دەترسن ئەم خەڵکە بهێننە وڵاتی خۆیانەوە.
سەبارەت بە ئيسرائيل؟
لە ناوەندە سياسی و توێژينەوەکانی ئيسرائيل بۆچوون و پڕۆژەی زۆر هەن لەبارەی پرسی فەڵەستين، هەر لە ئيعترافکردن بە دەوڵەتێکی فەڵەستينی لەسەر سنوورەکانی پێش جەنگی ٦٧ تا لەناوبردنی فەڵەستين بە تەواوی و ڕاگواستنی هەموو دانيشتووانەکەی. ڕاستڕەوی ئيسرائيلی پشتگيری پڕۆژەی ڕاگواستن و لەناوبردنی کۆی فەڵەستين دەکات. وا ديارە، ئيدارەی تڕەمپ، تا ڕادەیەک نەک بە تەواوی، نزيکە لە پڕۆژەکەی ڕاستڕەوی ئيسرائيل.
بە پێچەوانەی بەشێکی زۆری ڕای گشتی و چاودێران و ميدياکان، ئامانج و تەرکيزی سەرەکی ئيسرائيل سەبارەت بە دۆزی فەڵەستين، غەززە نييە، بەڵکو کەناری خۆرئاوای فەڵەستينە. هەر بۆیە لە سەرەتای جەنگەکەوە، ئيسرائيل لەسەر ئاستی فەرمی زۆربەی کات دووپاتی دەکردەوە کە نايانەوێت غەززە داگيربکەن و بيکەنە بەشێک لە ئيسرائيل، یاخود دانيشتووانەکەی دەربکەن. لە کاتێکدا بۆ کەرتی خۆرئاوا بەو شێوەیە نييە، لەوێ پڕۆژە و بۆچوونی فەرمی هەیە کە دەيانەوێت کەرتی خۆرئاوا بکەنە بەشێک لە ئيسرائيل). غەززە بۆ ئيسرائيل وەک ئامرازێکە بۆ لەناوبردنی ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ یان ڕێگريکردن لە جیبەجێکردنی، بۆ لەناوبردنی دۆزی فەڵەستين و یان نزيکردنەوەی لە کۆتایی پێهێنانی. بۆیە مانەوەی غەززە لە هەندێک ڕووەوە پێويستييەکی ستراتيژی ئيسرائيلە، بەڵام غەززەیەکی کاولکراو و حوکمراو لە لایەن گروپێکی تيرۆريستييەوە. بۆیە زۆربەی ئەو فشار و هەنگاوانەی ئيسرائيل لە غەززە جێبەجێی دەکات، یەکێک لە ئامانجە سەرەکييەکانی پرسی کەناری خۆرئاوایە، بۆ ئيسرائيل ڕاگواستنی فەڵەستينييەکانی ئەوێ زۆر گرنگترە لە ڕاگواستنی خەڵکی غەززە (لە نووسينێکی تر بە وردی باس لەم پرسە دەکەم). بۆیە دەکرێت ئەو فشارەی تڕەمپ و ئيسرائيل لە غەززە، بۆ ئەوە بێت کە عەرەب و دەسەڵاتی فەڵەستينی ناچاری هەندێک سازشی تر بکات لە کەناری خۆرئاوا.
ئایا ڕاگواستنی غەززەييەکان جێبەجێ دەکرێت؟
ئەگەر ئيسرائيل و تڕەمپ ئەو پلانەیان بەجدی بێت و بيانەوێت جێبەجێی بکەن، ئەوا ميسر ڕۆڵی سەرەکی دەبينێت لەم پرسە. هەر چەند گوایە تڕەمپ قسەی لەگەڵ چەند دەوڵەتێکی تر کردووە یان دەکات لەوبارەیەوە، وەک ئەلبانيا و ئەندەنۆسيا. ئایا ميسر ڕازی دەبێت سنووری رەفەح بکاتەوە؟ بۆ ئەوەی بێنە ناو وڵاتەکەی یان لەوێوە بەرەو وڵاتانی تر بڕۆن؟ بە چ پاداشتێک یان بە چ سزایەک؟ گريمان ميسر ڕازی نەبێت، ئەوا ڕاگواستنەکە پێويستە لە ڕێگەی کەشتييەوە بکرێت، ئەمە ناڕەزایەتييەکی نێودەوڵەتی قوورس درووست دەکات.
واقعيترين ڕێگا ئەوەیە ڕاگواستنی خاو و بچڕ بچڕ ڕووبدات. بەو مانایەیی، ميسر سنوور بکاتەوە بە ناوی سەفەر و بريندار و نەخۆش... ئەو کات بازرگانەکانی رەفەحی ميسری و ئەندامانی ناو سوپا و هەواڵگری ميسر، بەرانبەر بڕێک لە پارە، وەک ڕابووردوو، ڕێگە بدەن بە خەڵکی غەززە شارەکەیان بەجێبهێڵن. بۆ نموونە لە قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکەی غەززە، ڕۆژانە ٥٠ کەس لە بريندارەکانی حەماس لەگەڵ سێ هاوەڵ، دەتوانن بچنە ناو ميسر لە رەفەحەوە، کە ڕۆژانە ٢٠٠ کەس دەکات، تا کۆتایی هاتنی قۆناغی یەکەمی ئاگربەستەکە ژمارەکە دەگاتە ٥ هەزار کەس لە ئەندامانی حەماس. دەکرێت ئەم جۆرە لە ڕاگواستن ئەنجامبدرێت، لە ماوەی چەند ساڵێک بەشێکی دياری خەڵکی غەززە دەڕۆنە دەرەوە. بە تايبەت کە درووستکردنەوەی شارەکە ساڵانێکی زۆری دەوێت.
بێ گومان ئەگەر هەیە ڕاگواستنی بە کۆمەڵ و ئاشکرا ڕووبدات، بەڵام ئەگەری کەمترە بە براورد بەو شێوەیەیی لەسەرەوە ئاماژەم پێدا. هەر جۆرێکی ڕووبدات، پێويستە کوردستان، بە تايبەت رۆژئاوای کوردستان تەنانەت هەرێميش، بە ورياییەوە تەماشای ئەو پرسە بکەن. چونکە هاتنی غەززەیی بۆ کوردستان مەترسی گەورەی دەبێت، چ لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابوورييەوە، یان لە ڕووی ئەمنی و سياسييەوە. جگە لەوەی کورد وەک نەتەوەیەک کە هەميشە ڕووبەرووی ڕاگواستن بووە لە هەر چوار پارچەکە، بە هيچ جۆرێک نابێت تێوەبگلێت بە بابەتێکی لەو جۆرە.
شایەنی باسە ئيسلامیيەکان و دەوڵەتانی عەرەبی و ئيسلامی ئەو بابەتەیان کردووە بە هەڵا و هاشوهوش و چەواشەکاری، لە کاتێکدا ئەو هەڵوێستەیان نەبوو و نييە بۆ پيلانەکی ئەردۆگان و قەتەر بۆ ڕاگواستنی فەڵەستينييەکان بۆ عفرين و ڕۆژئاوای کوردستان. بۆیە بابەتەکە پشتگيری فەڵەستين و جيهاد و ئەم جۆرە درووشم و وەهمانە نييە، تەنيا بازرگانی و بەکارهێنانی ئەو دۆزەیە وەک چەک و سواڵکردن و کارتی فشار و بازرگانی.