ئاشکرایە ساڵانێکە، بە تايبەت لە ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەرەوە، دۆزی فەڵەستين تا ڕادەیەکی زۆر لە غەززە و حەماس کورتکراوەتەوە. وێنەیەک درووست بووە گوایە مەسەلەی فەڵەستين لە غەززەوە چارەسەر دەکرێت، یان لەباردەبرێت. ئەم بە غەززە و بە حەماسکردنی دۆزی فەڵەستينە بە پلەی یەک لە لایەن ئيخوانييەکان و بەرەی ئێران و کەناڵی ئەلجەزيرەوە پەرەی پێدەدرێت. نەک هەر ئەوە، بەڵكو ئەو لایەنانە هەوڵێکی جدی دەدەن ئەو وێنەیە درووست بکەن کە دەسەڵاتی فەڵەستينی و کەناری خۆرئاوا ترسنۆک و ناپاکن و گرنگ نين لە مەلەسەی فەڵەستين، ئەوەی گرنگە غەززە و حەماسە. سوودمەندی یەکەم لەم پلان و هەوڵانە، ئيسرائيلە، بە تايبەت ڕاستڕەوەکانی.
ڕووبەری غەززە تەنيا 1.35%ی ئەو خاکە پێکدەهێنێت کە ئيسرائيل و فەڵەستينی لەسەرە. کەمتر لە %5ی ئەو ڕووبەرە پێکدەهێنێت کە تەرخان کراوە بۆ دەوڵەتی فەڵەستين بە پێی ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ و چارەسەری دوو دەوڵەتی، ئەمە ئيعترافی پێکراوە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و مونەزەمەی تەحرير و دەوڵەتانی عەرەبی و خودی ئيسرائيل. چارەسەری دوو دەوڵەتی واتە ٧٨٪ی ئەو خاکە دەوڵەتی ئيسرائيلە و ٢٢٪ی دەوڵەتی فەڵەستينە. ئەمەش نيمچە مەحاڵە جێبەجێ بکرێت، بەڵام باشترين و گەشبينرترين گريمانەیە، چونکە پشتگيری نێودەوڵەتی هەیە. لە ئێستادا تەنانەت لەو ٢٢٪ە ئيسرائيل نيوەی کردووە بە خاکی خۆی لە واقعدا، ئەوەشی کە دەمێنێتەوە هەژموونی سەربازی تەواوی بەسەردا هەیە. لە کۆی ئەو خاکەی ئيسرائيل و فەڵەستينی لەسەرە، لە ئێستادا ١٢-١٣٪ی ڕووبەرەکە لە ڕووی ئيداری و سياسييەوە لای فەڵەستينييەکانە، بەڵام بە بێ سەروەری چونکە سوپا و پۆليسی ئيسرائيلی کەی بيەوێت دەچێتە ناوی. گريمان دەسەڵاتی فەڵەستينی ڕازی دەبێت لەو ڕووبەرەدا (١٢٪) دەوڵەتەکەی درووست بکات، ئەوا بە ئەگەری زۆرەوە ئيسرائيل ڕازی دەبێت.
ئيسرائيل لە دوای ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ ١٩٩٣ ئامانجی یەکەمی بووە ڕێگری کردن لە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنامەیە. ئەو کات لەبەر ئەمريکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی ئەو کاتی ئيسرائيل کە ميانڕەوتر بوو، ئيمزای لەسەر کرد. بەڵام لە واقعدا بە چەندين ئامرازی رێگری بۆ درووست دەکرد و دەکات. چونکە بە پێی ئۆسلۆ رۆژهەڵاتی قودس پايتەختی دەوڵەتی فەڵەستينە، ئەمە لای ئيسرائيل هێڵی سوورە تا ئەمڕۆ، چونکە قيبلە و حەجی جووەکان لەو شوێنەیە. رۆژهەڵاتی قودس بەشێکە لە کەرتی خۆرئاوای فەڵەستين، چ لە ڕووی جوگرافييەوە چ بە پێی ئۆسلۆ و نەتەوە یەکگرتووەکان. هاوکات کەرتی خۆرئاوا زیاد لە ٩٥٪ی ئەو ڕووبەرە پێکدەهێنێت کە دەبێت ببێتە دەوڵەتی فەڵەستينی لە چوارچێوەی چارەسەری دوو دەوڵەتی. لێرەوەیە کەرتی خۆرئاوا دەبێتە ئامانجی سەرەکی و یەکەمی ئيسرائيل، نەک غەززە کە هيچ سنوورێکی بە قودسەوە نييە و کەمتر لە ٥٪ی ڕووبەری دەوڵەتە فەڵەستنييەکە پێکدەهێنێت کە ئيسرائيل ئامادە بوو لە کامپ دێڤد لەگەڵ سينادا بيداتە ميسر، چونکە بایەخ و گرنگييەکی وای بۆ ئيسرائيل نەبوو. بۆ کۆتایهێنان بە دۆزی فەڵەستين یان ڕێگرتن لە جێبەجێکردنی ئۆسلۆ تەنيا کەرتی خۆرئاوا یەکلاکەرەوەیە، دەوڵەتی فەڵەستين بە بێ کەرتی خۆرئاوا مەحاڵە، بەڵام بە بێ غەززە ئاساییە.
لە دوای ئۆسلۆوە ئيسرائيل هەوڵی بەردەوامی داوە کە دۆزی فەڵەستين لە کەرتی خۆرئاواوە بگوازێتەوە بۆ غەززە. واتە دۆزەکە لە چەقەوە بگوازێتەوە بۆ لێوار و پەراوێز. لە قودسەوە بيگوازێتەوە بۆ سەر سنووری ميسر و لە ڕووبەڕێکی بچووکی گەمارۆدراو بيخنکێنێت. یەکێک لە ئامرازەکانی بۆ ئەو ئامانجە ئەوە بوو ڕێگەی بۆ حەماس خۆش کرد بەهێز بێت، پاشان دەسەڵاتی غەززە بگرێتە دەست. لە ٢٠٠٥ سوپای ئيسرائيل تاک لایەنانە لە غەززە دەکشێتەوە، لە ٢٠٠٦ فەڵەستنييەکان هەڵبژاردن دەکەن. حەماس سەرەتا ئامادە نييە بەشداری ئەو هەڵبژاردنە بکات، چونکە بە پێی ڕێککەوتنی ئۆسلۆ و لە چوارچێوەی مونەزەمەی تەحرير ڕێکخراو بوو و شەرعيەتی وەرگرت بوو، حەماس دان بەوەدا نانێت. بەڵام ئەمريکا، داوا لە قەتەر دەکات حەماس ڕازی بکات بە بەشداريکردن لە هەڵبژاردنەکە. ڕوونە ئەمريکا لەسەر داوای ئيسرائيل و بە هەماهەنگی نێوانيان ئەوەیان کردووە. قەتەر دەتوانێت حەماس ڕازی بکات بە بەشداریکردن و براوەی هەڵبژاردنەکە دەبێت بە ٤٤٪ی دەنگەکان. ( بە قسەی ئەمير تەميم ئەمريکا داوای کردووە حەماس بەشدار بێت، بەڵگە لە یەکەم کۆمێنتە).
پاشان هەر ئەمريکا و ئيسرائيل نا ڕازی دەبن لەوەی حەماس فەڵەستين حوکم بکات، فەتحيش ئەنجامەکە قبوڵ ناکات. لە ٢٠٠٧ حەماس کودەتایەک دەکات و غەززە دەگرێتە دەست و مونەزەمەی تەحرير دەردەکات. سەير ئەوەیە ئيسرائيل سەرەتا تەماشاکەر دەبێت لەو کودەتایە، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی قبوڵ نەکرد بەڵام کودەتاکەی قبوڵکرد. پاشان لەو کاتەوە تا ڕووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر، قەتەر لەسەر داوای ئيسرائيل مانگانە پارە و هاوکاری ناردووە بۆ غەززە و حەماس، بۆ ئەوەی حەماس بتوانێت غەززە حکوم بکات و پێويستی بە مونەزەمەی تەحرير نەبێت، یان هاوسەنگييەک هەبێت لە نێوان فەتح و حەماس، بۆ بەردەواميدان بە پەرتەوازەیی فەڵەستين.
ئەمە بۆ ئيسرائيل چەند دەستکەوتێکی ستراتيژی تيا بوو:١. غەززە و کەرتی خۆرئاوا جيابوونەوە لە یەک، واتە پەرتەوازەکردنی فەڵەستين. ٢. لە بری مونەزەمەی تەحرير کە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی عەرەبی و ئيسلامی وەک تاکە نوێنەری شەرعی دۆزی فەڵەستين دانی پێدەنێن و پشتگيری دەکەن، حەماس کە زۆربەی دەوڵەتان وەک تيرۆريست و نەخوازراو تەماشای دەکەن، دەسەڵات بگرێتە دەست لە غەززە. ٣. دۆزی فەڵەستين لە دۆزێکی یاسایی و دان پێنراو گۆڕا بۆ دۆزێکی تيرۆر و سەرچاوەی نا سەقامگيری، کە پشتگيری نێودەوڵەتی بەدەست ناهێنێت. ٤. زۆربەی شەڕەکانی ئيسرائيل و فەڵەستين گوازرایەوە بۆ شەڕی ئيسرائيل و حەماس لە غەززە. واتە لای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بووە شەڕی ئيسرائيل لەگەڵ تيرۆر. ٥. لە بری ئينتيفازە لە سەرانسەری فەڵەستين، بووە شەڕی سەربازی تەنيا لە غەززە. ٦. تا ئەمرۆش ئيسرائيل لە کەناری خۆرئاوا ناتوانێت بە شێوەیەکی چڕ فڕۆکەی جەنگی و تانک و سوپا بەکاربهێنێت. چونکە یاسای نیودەوڵەتی سنورێکی بۆ داناوە و دەسەڵاتی فەڵەستينيش ئەو پاساوەی ناداتێ، بەڵام لە غەززە هەمووی بەکاردەهێنێت، چونکە یاسای نێودەوڵەتی وەک شەڕی تيرۆر تەماشای دەکات و حەماس پاساوی ڕوونی دەداتێ. هەر بۆیە لە سەردەمی حەماسەوە، زۆرترين فەڵەستينی کووژراوە و ژێرخانی وڵاتەکە کاولبووە لە غەززە. بۆ نموونە لە ٤٨ەوە لە هيچ شەڕێکی ئيسرائيل دژ بە فەڵەستنييەکان و وڵاتانی عەرەبی، بە نيوەی ئەم جەنگەی حەوتی ئۆکتۆبەر کاولکاری و کووشتاری ئەنجامنەداوە.
٧. ئێستا زۆربەی فەڵەستنييەکان بەشدار نابن لەوەی پێی دەوترێت شەڕی نێوان فەڵەستين و ئيسرائيل. چونکە حەماس نوێنەری فەرمی و شەرعی فەڵەستينييەکان نييە و شەڕەکانيش لە غەززەن کە بەشێکی بچووکی فەڵەستينە. بۆیە لە ماوەی ١٥ مانگی شەڕی غەززە، بەشە گەورەکەی فەڵەستين بەشدار نەبوو و بە شەڕی خۆی نەزانی.
سمۆتريچ، وەزيری دارای ئيسرائيل، پێش ماوەیەکی کورت لە جەنگی حەوتی ئۆکتۆبەر، لە چاوپێکەوتنێکی تلفزيۆنيدا بە ئاشکرا دەڵێت هەبوونی حەماس لە غەززە دەستکەوتە بۆ ئيسرائيل، هەڕەشەی جدی دەسەڵاتی فەڵەستينييە کە شەرعيەتی نێودەوڵەتی هەیە، بەڵام حەماس گروپێکی تيرۆريستييە شەرعيەتی نێودەوڵەتی نييە و بڕيارەکانی پشتگيری بەدەست ناهێنێت. (بەڵگە لە دووەم کۆمێنتە). هەر بۆیە ئيسرائيل ڕێگەی بۆ حەماس خۆش کرد دەسەڵاتی غەززە بگرێتە دەست و لە ڕێگەی قەتەرەوە بەردەوامی دایە ئەو دەسەڵاتە. پێش ئەوەش، گومان و بۆچوونی زۆر هەیە لە فەڵەستين، کە ئيسرائيل بە ناڕاستەوخۆ، تەنانەت بە چەکيش هاوکاری حەماسی کردووە بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی ڕابگرێت بەرانبەر مونەزەمەی تەحرير لە غەززە. جگە لەوە، بە پێی قسەی ئەحمەد یاسين، سەرەتای کارەکانی حەماس کە بە ناوی (المجمع الإسلامي) بووە، مۆڵەتی فەرمی وەزارەتی ناوخۆ و شاباکی ئيسرائيلی هەبووە! ئەحمەد یاسين خۆی ئەو مۆڵەتەی وەرگرتووە. (بەڵگە لە سێيەم کۆمێنتە). لێرەدا مەبەست ئەوە نييە حەماس بە واقعی سەر بە ئيسرائيلە، بەڵکو ناڕاستەوخۆ، خزمەت بە ئيسرائيل دەکات.
ئيسرائيل لە ڕێگەی کامپ دێڤدەوە سەرکەوتوو بوو لەوەی ململانێ و شەڕی ئيسرائيل و فەڵەستين، لە شەڕێکی ئيسرائيل و عەرەبەوە بگوازێتەوە بۆ شەڕێکی ئيسرائيل و فەڵەستين. واتە دووژمنەکەی زۆر بچوکتر و لاوازتر بوو. پاشان لە دوای ئۆسلۆ و لە ڕێگەی حەماسەوە توانی شەڕەکە بگوازێتەوە بۆ شەڕی ئيسرائيل و غەززە. پێش کامپ دێڤد بەرەی بەرانبەر ئيسرائيل چەندين دەوڵەت بوون، بە ڕووبەری مليۆنان کيلۆمەتر دووجار، دانيشتووانەکەی سەروو سەد مليۆن. پاشان شەڕەکە دەبێتە بەرانبەر دەسەڵاتێکی سياسی نا دەوڵەتی، بەڵام دانپێنراو، کە ڕووبەرەکەی ئەوپەڕی دەگاتە ٦ هەزار کم دووجار، دانيشتووانەکەی چەند مليۆنێکن. پاشان شەڕەکە دەبێتە بەرانبەر بە غەززە و حەماس، واتە بەرانبەر گروپێکی تيرۆريستی یان نا فەرمی و بێ شەرعيەت، لە ڕووبەری تەنيا ٣٦٥کم دووجار، بەرانبەر ٢ مليۆن دانيشتووان. دۆزی فەڵەستين سەرەتا سڕينەوەی ئيسرائيل بوو لەسەر نەخشە، پاشان بووە چارەسەری دوو دەوڵەتی؛ ٧٨٪ی خاکەکە بۆ ئيسرائيل بێت. لەم قۆناغەدا پرسی قودس و دەوڵەتی فەڵەستينی لەسەر ٢٢٪ بابەت و داواکاری سەرەکی بوون. ئێستا ئامانج و داواکارييەکانی دۆزی فەڵەستين لە سەردەمی حەماس و غەززە، بوونە بە کشانەوەی سوپای ئيسرائيل لە ناوەڕاستی غەززە، ڕادەستکردنی دەروازەی رەفەح بە فەڵەستينييەکان، ڕێگەدان بە هاتنە ژوورەوەی خێمە و دەرمان و خواردن... نە سەربەخۆیی نە قودس نە پرسی سنوور و سەروەری لە داواکاری و ئامانجەکان نەماون. نەک هەر ئەوە، بەڵکو ئەم قۆناغە، لە لایەن ئيسلامی سياسييەوە، کرا بە سەرکەوتنی فەڵەستين و شکستی ئيسرائيل! ئایا مۆساد و شاباک و سوپا بە تەنيا، بێ حەماس و ئيسلامی سياسی، بە سەد ساڵی تر دەیانتوانی ئەم بارودۆخە درووست بکەن؟ وەک یەکێک لە سياسييەکانی فەڵەستين وتی "ئيسرائيل لەم جەنگەدا نەگەيشت بە ئامانجەکانی، بەڵکو خەونەکانی هێنایە دی".
غەززە تەنيا لەم ڕووەوە گرنگە بۆ ئيسرائيل، کە بەم شێوەیە کۆتایی بە دۆزی فەڵەستين دەهێنێت. دۆزەکە لە قودسەوە گوازرایەوە بۆ جەباليا و خان يونس، لە پرسی سەرەوەری و سەربەخۆییەوە بۆ پرسی خێمە و ئاو و کارەبا و دەرمان و خواردن... هەر بۆیە ئەو کاتەی ئيسرائيل لە غەززە شەڕ دەکات و چاوی جيهان و کامێراکانی بردووتە سەر غەززە، خۆی چاوی لەسەر کەناری خۆرئاوایە و کۆمەڵگەی نيشتەجێبوونی زیاتر درووست دەکات و خەڵکەکەی دەردەکات. لە کاتێکدا لە غەززە شەڕ دەکات و داگيری کردووە، دەڵێت کۆمەڵگەی نێشتەجێبوون لەوێ درووست ناکەين و نايکەنە بەشێک لە ئيسرائيل، کەچی لە کەناری خۆرئاوا پڕۆژەی بە ئيسرايليکردنی ناوچەکەی هەیە و بە سيستەماتيک جیبەجێ دەکرێت. سەير ئەوەیە، ئەوانەی بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بە پيلان یان بێ پيلان، هاوکارييەکی تەواوی ئەم پلانەی ئيسرائيل دەکەن، هەر ئەوانەن کە گوایە پشتگيری غەززە دەکەن و دژی ئيسرائيلن! ئيسلامی سياسی و ميدياکانيان، نەک هەر ئاماژە بەو هەنگاوانەی ئيسرائيل نادەن، بەڵکو بۆی دادەپۆشن و دەڵێن ئيسرائيل شکستی هێناوە. لایەنی کەم داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناکەن کە بێتە وەڵام لەسەر ئەو پلانانەی ئيسرائيل و فشارێکی لێ بکەن کە دۆزی فەڵەستين واتە کەناری خۆرئاوا و مونەزەمەی تەحرير، نەک غەززە و حەماس.
گريمان ئەگەر حەماس بتوانێت دەوڵەتی فەڵەستينی تەنيا لە غەززە ڕابگەيەنێت، ئەوا ئيسرائيل یەکەم دەوڵەت دەبێت دان بە دەوڵەتی فەڵەستينی دەنێت، نەک هەر شەڕ ڕادەگرێت دژ بە حەماس، بەڵکو هاوکاری دەکات و دەيپارێزێت و پەيوەندی دبلۆماسی و فەرميشی لەگەڵ درووست دەکات. چونکە ئەوەی حەماس دەيکات و بە سەرکەوتنی دەزانێت، بەدی هێنانی خەونەکانی ئيسرائيلە. هەر بۆیە کاتێک ئيسرائيل لەسەر ئاستێکی ستراتيژی بەرز کارەکانی دەکات، بەڵام نەیارەکانی لەسەر ئاستی شاشەی کەناڵی ئەلجەزيرە و سۆشيال ميديا کار دەکەن، ئەوا فەڵەستين براوە دەبێت و ئيسرائيل شکست دەهێنێت. ئەو گەمەیەیی ئيسرائيل دەيکات، نەک لە ئاستی عەقلی ئيسلامی سياسی و نەيارانی ئيسرائيل نييە، بەڵکو تەنانەت لە سەروو ئاستی خەياڵی ئەوانە.
هەر بۆیە، بە ئێستاشەوە، لە نێوان گەڕانەوەی دەسەڵاتی فەڵەستينی بۆ غەززە و مانەوەی حەماس، ئيسرائيل بە ئەگەری زۆرەوە هەر حەماسی پێ باشترە. چونکە ئامانجەکانی ئيسرائيل دوورمەودا و ستراتيژين، نەک کاتی و ميديایی، بە پێچەوانەی دووژمنەکانی.